بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر, کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر برگە و مادەکانی پڕۆژەیاسای بودجە بەردەوامی هەیە و 10 مادەی یاساکە و مادەی 11ش کە تایبەتە بە پشكی هەرێمی کوردستان بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران پەسەندکران.
رێزان شێخ دلێر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، مادەی 11ـی پڕۆژەیاسای بودجە کەتایبەتە بە پشکی هەرێمی کوردستان و پێشوتر لەنێوان شاندی هەرێم و لیژنەی دارایی رێککەوتنی لەسەر کرابو، بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران پەسەندکرا.
ئاماژەی بەوەشكرد، کۆبونەوەی پەرلەمان بۆ پەسەندکردنی تەواوی برگە و مادەکانی پڕۆژەیاسای بودجە بەردەوامی هەیە.
بەپەسەندکردنی مادەی 11 بۆ یەکەمجار حکومەتی عێراق بە فەرمی و بە یاسایی دانینا بەوەی حکومەتی هەریم بە یاسایی نەوتەکەی دەفرۆشێت.
هاوکات پەیامنێری خەندان لەبەغدا رایگەیاند، دوای چارەسەرکردنی زۆرێک لە ناکۆکیی لایەنەکان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە و رێککەوتنی لایەنەکان، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە کۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەهۆی زۆری ناکۆکییەکان لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی ناو پەرلەمان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021، دانیشتنەکانی پەرلەمان چەند جارێک دواخراوە بۆ ئەوەی لایەنەکان بگەن بە رێککەوتنێک کە کۆدەنگی لەسەر بێت.
Your Comment