بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، کەماڵ حسێن پوور لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەجلیسی شؤرای ئیسلامی ئێران وتی: کوردەکان لە کۆنترین و ڕەسەنترین نەتەوەکانی ئێرانن.
نوێنەری سەردەشت هەروەها ئەوەی وەبیر هێنایەوە کە زۆر جار ڕێبەری باڵای ئێران وتوویانە کە سووکایەتی بە مەزەب و نەتەوە فەرمییەکانی وڵات، هێڵی سووری نیزامە و بۆیە دەنگ و رەنگ دەبێ ئەمە لەبەرچاو بگرێت.
نوێنەری خەڵکی سەردەشت لە مەجلیس هەروەها ئەوەشی وت کە جلی کوردی، جلی غیرەت و شەهامەت و مەردایەتییە.
جەختیشی کرد کە دەبێ لە هەڵبژاردنی پێشکەشکارەکانی ناوەندی دەنگ و ڕەنگی وڵاتدا وریایی زیاتر هەبێت و ئەو پێشکەشکارەش دەبێ داوای لێبوردن لە کوردەکان بکات.
لەم کۆبوونەوەیەدا عەلی نیکزاد، جێگری سەرۆکی مەجلیس لە کاردانەوە بە ئاگادارییەکەی نوێنەری سەردەشت وتی: هیچ کەس و هیچ گرووپێک و هیچ میدیایەک مافی ئیهانە بە نەتەوەکانی ئێرانی نییە.
وتیشی: کوردەکان غیرەتدارن و مایەی شانازی و فەخرن بۆ ئێران و شۆڕشی ئیسلامی و ناوەندی دەنگ و ڕەنگ دەبێ بە زووترین کات پێوشوێنگیری ئەم بابەتە بکات.
شیاوی ئاماژەیە کە لەم ڕۆژانەدا ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەتەوە کە هی دوو ساڵ پێش ئێستایە و پێشکەشکاری بەرنامەکە لە میوانە کوردەکەی سەبارەت بە جلوبەرگی دەپرسێت و ئەوەش بووەتە هۆی مشت و مڕ.
ئەمە لە حاڵێکدایە کە پێشکەشکار و بەڕێوەبەرانی ئەو بەرنامە دەڵێن ، ڤیدیۆکە پچڕ پچڕ کراوە و شوێندراوە.
بۆچوونی ئێوە