بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوای حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوای حەشدی شەعبی بەدواداچوونی بۆ لێدوان و هەڵوێستەکان کردووە لەبارەی ئاراستەکردنی مووشەک و کردنە ئامانجی هەولێر، داخ و سەرسووڕمانی خۆمان لەبارەی هەندێک کاردانەوەی بەپەلە دەردەبڕین ."
هەروەها ڕایگەیاندووە کە "روونیدەکەینەوە، کە ئەو ناوچەیەی مووشەکەکانی تێدا ئاراستەی هەولێر کراوە، ناوچەیەکی چۆڵەوانییە و دەکەوێتە نێوان سێگۆشەی سوپا و هێزەکانی حەشدی شەعبی لە شەبەک و هێزەکانی پێشمەرگە".
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوای حەشدی شەعبی ئاماژەی بەوەداوە کە لێکۆڵینەوە لەو رووداوە کراوە، لە کامێراکاندا وێنەی ئەو ئۆتۆمبێلە دەردەکەوێت، کە مووشەکەکانی هەڵگرتووە و لە کوێوە هاتووە.
جەختیش کراوە کە " هەروەک فەرماندراوەتە فەرماندەی لیوای 30ی حەشد لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بکات لەبارەی ئەوانەی ئەو مووشەکانەیان ئاراستە کردووە، دواتر شوێنی جوڵەکردنی ئۆتۆمبێلەکە و ئەو لایەنەی کە ئەو شوێنەی لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە، ئاشکرادەکەن."
شەوی رابردوو وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، کاژێر 8:30ی شەو، شەش مووشەک بە ئاراستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر هاوێژران کە هیچ ئامانجێکیان نەپێکاوە و هیچ زیانێکی لێ نەکەوتووەتەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، مووشەکەکان لە سنووری (برطلە) لە نێوان گوندەکانی شیخ ئەمیر و تەرجلە لەسەر پیکابێک هاوێژراون. ئەم دەڤەرەش دەکەوێتە سنووری لیوای 30 حەشدی شەعبی "تیمە تایبەتەکانی ئێمە خەریکی لێکۆڵینەوەی وردن بۆ بە دەستهێنانی زانیاری زیاتر".
Your Comment