حوکمڕانانی هەندێ وڵاتی عەرەبی زاڵمن و تەنیا بەناو ئیسلامن

ئەندامی پەرلەمانی کوردستان سەر بە یەکگرتووی ئیسلامی جەخت لەوە دەکات کە لاوازی مەوقفی دەوڵەتە ئیسلامی و عەرەبیەکان جوولەکی زایۆنی بە سەر موسڵمانانی فەلەستیندا شێر کردووە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی- حەلیمە مەلایی:  ڕۆژی 14 ی مانگی مەی 72 هەمین ساڵوەگەڕی داگیر کردنی فەلەستین لە لایەن ئیسرائیلەوەیە. لەم حەوت دەیەدا ئیسرائیلی زایۆنی نەک تەنیا نەیتوانیوە موسڵمانان لە فەلەستین بسڕێتەوە بەڵکوو نەیتوانیوە پێگە و پێناسەیەکی پەسەند کراوی جیهانیش بۆ خۆی دروست بکات.  
ڕەنگە تا ئیستا توانیبێتی بە هۆی زۆری چەک و پشتیوانیە دزێوەکەی ئەمریکا و بریتانیاوە ستەمی لە موسڵمانانی بێ دەرەتان کردبێت بەڵام پێغەمبەری ئیسلام (د. خ) مزگێنی داوە کە قودس و فەلەستین لە داگیرکەر پاک دەکرێنەوە.
بۆ گفتوگۆ لە سەر  دۆخی فەلەستین و هەڵوێستی وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی لە بەرانبەر ئەو ستەمەی زایۆنیزم لە موسڵمانانی فەلەستینی دەکات، پەیوەندیمان بە ئیسماعیل عەلی تاها سگێری، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان سەر بە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانەوە کرد کە دەقی دیمانەکە لە خوارەوە بڵاو دەبێتەوە.
 
لە سەروبەندی ڕۆژی 14 ی مەی واتا(یوم النکبة) داین. 72 ساڵ بە سەر داگیر کردنی خاکی فەلەستین و قودسی شەریف لە لایەن جوولەکەی زایۆنیەوە تێپەڕیوە. بە ڕای ئێوە بۆچی وڵاتانی موسڵمان و ڕێبەرانی وڵاته ئیسلامییەکان هەوڵێک نادەن بۆ ڕزگار کردنی گەلی ستەم لێکراوی فەلەستین لە دەستی ئسیرائیلی زایۆنی؟

بە ڕاستی زۆر جێگای داخ و مەخابنە کە قیبلەی یەکەمی ئێمە موسڵمانان و سێهەم مزگەوتی پیرۆزی ئیسلامی لە جیهان بە دەستی داگیرکەرانەوەیە و هەندێ وڵاتیش بە خۆیان دەڵێن ئیسلامی لە حاڵێکدا کە تەنیا بە ناو ئیسلامن و بە ناوەڕۆک وا نییە، چونکوو ئەگەر ناو و ناوەڕۆک هەر دوو ئیسلامی بایە، قبووڵیان نەدەکرد 72 ساڵە قیبلەی یەکەمی موسڵمانان و جێگای مێعراجی پێغەمبەری خوا (د. خ) بە دەست جوولەکەی زایۆنیەوە بێت و ستەم لە خەڵکی موسڵمانی فەلەستین بکەن.

بە پێچەوانەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ موسڵمانانی فەلەستین پشت گوێ دەخرێن و وڵاتانی عەرەبی و بە ناو ئیسلامی زیاتر ڕێککەوتن لە گەڵ جوولەکەی زایۆنی دەکەن بۆچی؟  

کاتێک ئەم وڵاتانە تەنیا بە ناو موسڵمانن و سیستتەمی حوکمڕانی و دەسەڵاتی ئیسلام تێدا جێگیر و باڵادەست نییە، ئاساییە کە مونافەسە دەکەن و لەبری ململانێ و بەرگری لە مافی موسڵمانان دەچن لە گەڵ جوولەکەی زایۆنی ڕێککدەکەون. چوونکوو حوکمڕانانی هەندێ لەو وڵاتە عەرەبی و بە ناو ئیسلامیانە زاڵم و بە ناو ئیسلامن و بەرژەوەندی خۆیان و سەرەوەت و پارە و داهاتی خۆیان بەلاوە گرینگترە تا قیبلەی یەکەمی موسڵمانان و گەلی موسڵمانی چەوساوەی فەلەستین.
داهاتووی فەلەستین و قودسی پیرۆز چۆن دەبینن؟ فەلەستین بەمزوانە بە دەس ستەمی جوولەکەی زایۆنیەوە ڕزگاری دەبێت؟

دەبینین کە پێغەمبەری خوا مزگێنی داوە بە ئێمە، ئەمڕۆ بێت، سەدساڵ یان هەزار ساڵی دیکە بێت هەر ڕێژەیەک موسڵمان لە جیهاندا بمێنێ، کەم یا زۆر،  گومان لەوەدا نییە کە قودسی پیرۆز لە دەس جوولەکەی زایۆنیدا نامێنێت و موسڵمانان وەریدەگرنەوە. وەکوو سەلاحەدین ئەیوبی دووبارە موسڵمانان فەلەستین و قودسی شەریف لە دەس هەر داگیرکەرێکدا بێت ڕزگاری دەکەن. جوولەکە بێت یان غەیری جوولەکە. ئێمەی موسڵمان بڕوامان وایە کە خودای گەورە هەندێ مرۆڤی وەک سەلاحەدین ئەیووبی راستگۆ و موسڵمانی ڕاستەقینە، پەیدا دەکات لە سەر ئەرز کە قودس و فەلەستین ڕزگار دەکەن. بەڵام ئەمە لە حاکمانی وڵاتانی عەرەبی کە پاگەندەی ڕێبەرایەتی ئیسلامی دەکەن ناوەشێتەوە و من پێم وا نییە  ئەوانە بتوانن کاری وا بکەن. خودای گەورە شەرەفی کاری وا بە کەسانی وەکوو سەلاحەدین دەدات.

پێشنیارتان بۆ ڕێبەران و گەلانی وڵاتانی ئیسلامی چییە لە هەڵسوکەوت کردن لە گەڵ پرسی فەلەستین؟

لە هەر وڵاتێکدا ڕێبەر و گەل پشتیوانی لە هەڵوێست و کاروباری یەکتر نەکەن و پشتیوانی و پشتگیری لە مەزڵۆم و ستەم لێکراو نەکەن لە هەر کوێ جیهان بێت؛ ئەوە دەبێ بزانن کە خەسار لە خۆیان دەدەن و دواتر خۆیان خەسارمەند دەبن. بە تایبەت دەبێ هەمووان ئەو ڕاستیە لەبەرچاو بگرین کە گەلی فەلەستین داماو و ستەم لێکراون و قودسیش پرسی هەموو موسڵمانانی جیهانە. بە ڕای من دەبێ ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی بە شێوەیەکی جدی تر بێنە سەر خەت و پشتیوانی و پشتگیری ڕاستەقینە لە فەلەستین و قودس بکەن. ئەگەر پشتیوانیەکی حەقیقی لە گەلی فەلەستین و قودس بکرێت ئیدی جوولەکە بەم شێوەیە شێر نابن بە سەر موسڵمانانی فەلەستیندا. ڕۆژانە زایۆنییەکان زیاتر خاکی فەلەستین داگیر دەکەن و بەردەوامن لە شارۆچکەسازی و داوا لە وڵاتانی دیکە دەکەن باڵوێزخانە و کونسوڵخانەکانیان بگوازنەوە بۆ قودس. ئەوان داوای بەرزاییەکانی گوڵان دەکەن و دەڵێن نیشتمانی زایۆنییەکانە. زایۆنیەکان دەزانن هەڵوێستی دەوڵەتە بە ناو عەرەبی و ئیسلامییەکان و ڕێکخراوەی هاریکاری ئیسلامی لاوازن زیاتر شێر دەبن و جورئەت بە خۆ دەدن و داگیرکارییەکانیان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبێتەوە. دەبێ وڵاتانی ئیسلامی یەکگرتوو و یەەکدەنگ بە جیدی مەوقفی خۆیان بەرانبەر بە پرسی فەلەستین رابگەیێنن و ئیسلام بە لایانەوە گرینگتر بێت لە بەرژەوەندییەکانیان تاکوو ببێتە بەربەست بۆ سەرەڕووییەکانی جوولەکە.

کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە پشتی فەلەستینی بەرنەداوە و داکۆکی لە مافی ڕەوای فەلەستینیەکان دەکات لە حاڵێکدا کە هەندێ وڵاتی عەرەبی لە گەڵ ئیسرائیل دۆسایەتی دەکات، ئەو هەڵوێستەی ئێران چۆن دەنرخێنن؟

ئێران وڵاتێکە کە حکوومەتی ئیسلامی تێدا  دەسەڵاتدارە، هەڵوێست و پشتیوانی ئێران لە فەلەستین هەمیشە باشتر و بەهێزتر بووە لە زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی ناوچەکە و جیهان. بە بڕوای من دەبێ زیاتر لە ئێستاش و جگە لە هەڵوێست و پشتیوانی سیاسی کە بەردەوام کردوویەتی، لە بوارەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و پیشەسازیدا یارمەتی فەلەستین بدات. چونکوو ئێستا بەهێزبوونی کەرتی ئابووری و پیشەسازی بۆ فەلەستین و بە تایبەتی غەزەی ئابلۆقە دراو زۆر زەروورییە.
وڵاتی تورکیاش هەڵوێستی زۆر بەهێز و پێزی بووە بەرانبەر بە مافی ڕەوای گەلی فەلەستین و دژایەتی ئەو ستەم و زوڵمەی کردووە کە جوولەکەی زایۆنی لە سەر فەلەستین دەیکات و بە تایبەت تورکیا زۆر جوار یارمەتی غەزەی داوە و ویستوویەتی حەساری سەرغەزە بشکێنێت.
ئەم پشتگیریانە تەواو نییە و دەبێ هەموو وڵاتانی ئیسلامی بە چاوێکی بەرپرسیارانە سەیری فەلەستین بکەن و چارەنووسی بۆیان گرینگ بێت.

News Code 32319

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 3 + 7 =