کورد بە چ مەرجێک هەمواری دەستووری عێراق قبووڵ دەکات

بارزانی جەختی کرد: هەولێر دەبێتە شوێنێكی گونجاو بۆ میوانداریكردن و كۆبوونەوەی نێوان سەركردە سیاسییەكان و نوێنەرانی خۆپیشاندەران.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر, سەرۆكی پارتی دیموكرات، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ كەناڵی زاگرۆسی عەرەبی، باسی لەچەند پرسێكی هەنووكەیی ئێستای هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە كرد و هەڵوێستی خۆیشی لەهەمبەریان دەربڕی.

بارزانی رایگەیاند: خۆپیشاندانەكانی ئێستا پەرچەكرداری شكستەكانی رابردوون و پێویستە كار لەسەر چاككردنەوەی هەڵەكان بكەن، كە بوونەتە هۆی ئەو شكستانە.

راشیگەیاند: لە سەرەتاوە پشتیوانی خۆمان بۆ خۆپیشاندەران و داوا رەواكانیان دەربڕیوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا داوامان كردووە، چارەسەرەكە ئاشتییانە بێت و رێگە بەكەسانی هەڵپەرست نەدەن سواری شەپۆلەكە ببن.

بارزانی جەختی لەوەش كردەوە، هەولێر دەبێتە شوێنێكی گونجاو بۆ میوانداریكردن و كۆبوونەوەی نێوان سەركردە سیاسییەكان و نوێنەرانی خۆپیشاندەران، بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی گونجاو و دەرچوون لەو قەیرانەی ئێستای وڵات تێی كەوتووە.

بارزانی، لە بارەی محەمەد تەوفیق عەلاوی و میكانیزمی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت وتی: "عەلاوی لە خێزانێكی دیارە، بەڵام میكانیزمی دەستنیشانكردنی وەزیرەكانی حكومەتەكەی سەركەوتوو نییە و قەبووڵ ناكرێت، پێویستە كار لەگەڵ دامەزراوە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان بكات بۆ پێكهێنانی كابینە و دەستنیشانكردنی وەزیرەكان، هەموو سەرپێچییەكیش رەت دەكەینەوە، كە دەبنە هۆی پێشێلكردنی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان و پێكهاتەكانی دیكەی عێراق.

بارزانی روونیشیكردەوە، سوننە و كورد و ژمارەیەكی زۆر لە شیعەكان لەو شێوازەی عەلاوی بۆ پێكهێنانی كابینەكەی رازی نین، چونكە گوایە بەناوی سەربەخۆیی و بێلایەنی وەزیرەكان دەستنیشان دەكەن، بەڵام دواتر بە ئارەزووی خۆیان بەكاریان دەهێنن.

وتیشی: ئەگەر عەللاوی بەبێ بەشداری كورد و سوننە كابینەكەی پێك هێنا، ئەوا پیرۆزی بێت، باسی لەوەش كرد، كە رێككەوتنی عەلاوی لەگەڵ دوو لایەن، یان سێ لایەن، نابێتە هۆی پابەندبوونی ئەو لایەنانەی، كە لە رێككەوتنەكەدا نین.

لە بارەی هەڕەشەكانی داعش و گەڕانەوەی مەترسییەكانی رێكخراوەكەش، لەو گفتوگۆیەدا بارزانی بە روونی ئاماژەی بەوە كرد، كە رێكخراوەكە هێشتا مەترسییە و وتی: "داعش ئێستاش هەڕەشەیەكی جددییە بۆ سەر عێراق و هەرێمی كوردستان.

وتیشی: ئەگەر هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق بكشێنەوە، ئەوا رێكخراوەكە جارێكی دیكە و بە هێزێكی زیاترەوە دەگەڕێتەوە، بۆیە بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا، بڕیارێكی چارەنووسسازە و نابێت بكەوێتە ژێر هەست و سۆز و موزایەدات".

هەروەها وتیشی: "نابێت عێراق، یان هەرێمی كوردستان ببێتە گۆڕەپانی ململانێی ئەمەریكی – ئێرانی، لەسەر عێراق پێویستە راسپاردەكانی ئێران، یان هەر وڵاتێكی دیكە رەت بكاتەوە".

پەیوەست بەپرسی ناوخۆیی عێراقیش، بارزانی دەڵێت: "عێراق بەدەست نەبوونی سیاسەتێكی یەكگرتووی ناوخۆیی و دەرەكییەوە دەناڵێنێت، ئێمەش لەگەڵ هەمواری دەستووریین ئەگەر ئامانج لێی دەوڵەمەندكردن و چاكسازیی بێت، بەڵام بە هەموو شێوەیەك ئەو كارە رەت دەكەینەوە، ئەگەر ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە مافەكانی گەلی كورد و هەرێمی كوردستان و دیموكراسیەت".

بارزانی داواش لە هەموو لایەنەكان دەكات، كە دەستبەرداری ناكۆكییەكان بن و هەوڵی گەیشتن بدەن بە میكانیزمێكی گونجاو بۆ چارەسەری گرفتەكان.

لە شارپرێس وەرگیراوە

News Code 31199

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 1 + 5 =