بارزانی: بە نیگەرانیەوە موتابەعەی گرژی و پێشهاتەكانی عێراق دەكەین

سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستانی عێراق لە پەیامێکدا نیگەرانی خۆی لە دۆخی شڵەژاوای عێراق ڕاگەیاند.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، مەسعوود بارزانی لەو پەیامەدا کە بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت: "لە ساڵانی ڕابردوودا زۆرجار هۆشداریی ئەوەمان داوە كە عێراق بەرەو هەڵدێڕ دەڕوات."

 بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

 بەبۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینی گەرمترین پیرۆزبایی لە هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم.

 پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەم و هیوای خێر و خۆشیان بۆ دەخوازم. لەو بۆنەیەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی خۆڕاگری و قوربانیدانی گەلی كوردستان بكەم كە لە قۆناغە جۆراوجۆرەكاندا بە ڕووی تەحەددیاتدا وەستاون و سەختی و زەحمەتیی زۆریان بینیوە.

سوپاس بۆ خودای گەورە و گیانفیدایی پێشمەرگە و خۆڕاگریی خەڵك، ئێستا هەرێمی كوردستان بە ئاراستەی بووژانەوە و چاكسازی و سەقامگیری هەنگاو دەنێت.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخە نالەبارەی كە لە عێراقدا هەیە ئێمە هەمیشە خوازیاری چارەسەربوونی كێشەكان و ژیانێكی سەربەرزانە بۆ تێكڕای خەڵكی عێراق بووینە و لە ساڵانی ڕابردوودا زۆرجار هۆشداریی ئەوەمان داوە كە عێراق بەرەو هەڵدێڕ دەڕوات و جەختمان لەوە كردووەتەوە ئەگەر بنەماكانی حوكمێكی مەدەنی و دەستوور جێبەجێ نەكرێن عێراق تووشی چارەنووسێكی نادیار دەبێت.

ئێستایش بە نیگەرانییەكی زۆرەوە موتابەعەی گرژی و ڕووداو و پێشهاتەكانی ئەو دواییەی عێراق دەكەین. لەو بڕوایەداین كە نابێ لایەنە عێراقییەكان ڕێگە بدەن وڵاتەكەیان ببێتە گۆڕەپانی یەكلاییكردنەوەی گرفت و ململانێ و بەرژەوەندییەكانی خەڵكی تر.

هەروەها بە هەموو شێوەیەك پشتگیریی داوا ڕەواكانی خۆپێشاندەران و گەڕانەوەی سەقامگیری و ڕاستەڕێبوونی پڕۆسەی سیاسیی عێراق دەكەین و لەگەڵ هەر گۆڕانكارییەك داین و یارمەتیدەری هەر ڕێگەیەك دەبین كە ببێتە هۆی چارەسەربوونی كێشەكان و بەدیهاتنی دادپەروەری و داواكارییەكانی خەڵك.

لەگەڵ هەموو ئەوەیشدا هەر هەوڵێك ڕەت دەكەینەوە كە ببێتە هۆی پاشەكشەی دیموكراسی یان ئەوەی ماف و دەستكەوتی پێكهاتەكان و گەلی كوردستان بخاتە ژێر هەڕەشەوە.

چونكە هۆكاری سەرەكیی گرفتەكانی عێراق پێشێلكردنی دەستوور و ئیدارەدانی هەڵە و تاكڕۆیی بووە نەك ماف و دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان و پێكهاتەكان.

لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و كاروباری دامودەزگاكانی هەرێم، پشتگیریی بەرنامە و كاری سەرۆكایەتیی هەرێم و پارلەمان و حكوومەتی هەرێم دەكەین بۆ بەڕێوەبردن و، چەسپاندنی چاكسازیی كە داواكاریی خەڵكی كوردستان و زۆربەی لایەنە سیاسییەكانە.

هەروەها جەختیش لە پتەوتركردنی بنەماكانی پێكەوەژیان و قووڵتركردنی ئەو فەرهەنگە بەرزەی گەلەكەمان دەكەینەوە كە بووەتە هۆی تەبایی و ئاشتی و برایەتی نێوان پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی گەلی كوردستان و ئەم پێكەوەژیانە وەك گلێنەی چاومان دەپارێزین.

 لە كۆتاییدا ئومێدی ئەوە دەخوازم ساڵی تازە ساڵی خۆشی و بەختەوەری بێت بۆ هەموو هاووڵاتیانی كوردستان و عێراق و ئاشتیی گشتگیر لە ناوچەكەمان و جیهاندا بێتە دی.

 مسعود بارزانی

۳۱ی ۱ـی ۲۰۱۹

News Code 30126

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 5 + 12 =