بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێڕانەوە لە "النشره"، وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە ڕاگەیێندراوێکدا بە توندی کاردانەوەی نیشان دا بە دەستێوەردانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کاروباری سووریا و ڕایگەیاند: بەیاننامەی واشنتۆن لەبارەی دانیشتنەکانی کۆمیتەی لێکدانەوەی دەستوور کە لە ژێنێڤ بەڕێوەدەچێت، بێ بایەخە و هیچ کاریگەرییەکی لە سەر چالاکیی ئەو کۆمیتە و فەزای گفتوگۆکان نابێت.
وەزارەتی دەرەوەی سووریا ڕاشیگەیاند: ئەو بەیاننامەیە بۆ جارێکی دیکە سەلماندنی کە ئەمریکا خەریکی دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی دیکەیە و بە دوای سەپاندنی ویستەکانی خۆیەتی و دوانمونەی ئەو کارەشی دەستێوەردان لە ڕەوتی کۆمیتەی دەستووری سووریایە.
لەو ڕاگەیێندراوەدا جەخت لەوە کراوە کە گفتوگۆی ناو کۆمیتەی دەستوور، گفتوگۆیەکی سووری – سوورییە و هیچ لایەنێک بۆی نییە دەستێوەردانی تێدا بکات یان بە هەر بیانوویەک پاڵپشتی لە لایەنێک بکات.
جەختیش کراوە: ڕۆڵی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان تەنیا ئاسانکاری لە ڕەوتی کاروبارەکانە و هەر ڕوانگەیەک یان بەیاننامەیەک لە لاەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یان وڵاتێکی دیکە بێ بایەخە و هیچ کاریگەرییەکی نییە.
شایانی باسە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە دەرکردنی بەیاننامەیەکی دەستێوەردەرانە دەوڵەتی دیمەشقی بە کارشکێنی لە ڕەوتی پێشکەوتنی کۆمیتەی دەستووری سووریا و چەقخستنە بەردەم کاروباری تۆمار کردنی دەستووری ئەو وڵاتە تۆمەتبار کرد .
ئیدعایشی کرد: پێشمەرجە دیاری کراوەکان لە لایەن دەوڵەتی ئەسەد بە ئاشکرا پێشێلکەری ڕەوتی کۆمیتەی دەستوور و هەوڵ لە پێناو دواخستنی هەنگاوی پاڵپشتکراوی گرووپی ئاستانەیە.
بۆچوونی ئێوە