هۆشداریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە تورکیا سەبارەت بە سووریا

حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیێندراوێکی لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی باکووری سووریا بڵاوکردەوە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، لە راگەیێندراوەکەدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە تورکیا دەکات: "وەک ئەندامێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شەڕی دژ بە تیرۆر، هیچ هەنگاوێک نەهاوێژێت کاریگەری نەرێنی لەو پێشکەوتنە بکات کە لە شەڕی دژی داعش بە دیهاتووە و مەترسی لە کۆنترۆڵ دەرچوونی چەکدارە تیرۆریستە دەستگیرکراوەکان هەبێت".

دەقی راگەیێندراوەکە:

حکوومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانی زۆری خۆی دەردەبڕێت بەرامبەر بڕیاری کشاندنەوەی هێزەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ناوچەی ئارامی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و ئەو راپۆرتانەی باس لە ئەگەری هێرشی تاکلایەنەی تورکیا بۆ ئەو ناوچەیە دەکەن.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە تورکیا دەکات وەک ئەندامێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شەڕی دژ بە تیرۆر، هیچ هەنگاوێک نەهاوێژێت کاریگەری نەرێنی لەو پێشکەوتنە بکات کە لە شەڕی دژی داعش بە دیهاتووە و مەترسی لە کۆنترۆڵ دەرچوونی چەکدارە تیرۆریستە دەستگیرکراوەکان هەبێت.

 دەرەئەنجامەکانی هەر گرژبوون و پێشهاتێکی سەربازی، کاریگەری بۆ دەرەوەی سنووری سوریاش دەبێت و لەوانەیە دۆخێک دروست بکات ببێتە هۆی گەڕانەوەی داعش و ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆری خەڵک. بۆیە زۆر پێویستە هەموو لایەنەکانی کێشەکە، بە هێزە کوردییەکانیشەوە، لە رێگەی گفتوگۆ و دایەلۆگەوە دۆخەکە هێور بکەنەوە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە، پێویستە کێشەکان رێگەچارەیەکی سیاسی گشتگیریان بۆ بدۆزرێتەوە کە مافەکانی هەموو هاووڵاتییانی سووریا و لە نێویشیاندا کورد پارێزراو بن.

هەرێمی کوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش قوربانییەکی زۆری داوە و ئێستاش میوانداری ملیۆنێک و سەد هەزار ئاوارە و دەربەدەر دەکات کە زۆربەیان لە دەست ئەو قەیرانەوە پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێناوە. ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشە رێگا لە دروستبوونی لێشاوێکی دیکەی ئاوارەبوون بگرێت.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا بەردەوام لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکات، لە رێگەی چەندین کەناڵیشەوە کار لەسەر ئەو پرسە دەکات.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان

٢٠١٩/١٠/٨

News Code 28778

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 4 + 0 =