بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، مامۆستا ئەسعەد ئەردەڵان لە دیمانە لەگەڵ هەواڵنێری کۆنگرەی ناودارانی کورد ڕایگەیاند: کۆنگرەی یەکەمی ناودارانی کورد دەستپێکێکی باشە بۆ ناساندنی بلیمەتە ناودارەکانی کورد بەڵام هەموو ناودارانی زیندووی کورد لەخۆ ناگرێت و تەنیا بەشێکی بچووکیان دەناسێنێت و دەبێ ئەم ڕەوتە درێژەی هەبێت.
لەبارەی زەروورەتی بەڕێوەچوونی کۆنگرەکەوە وتی: لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا کەسانی ناودار و بلیمەت و زاناکان وەکوو نمانە بە کۆمەڵگاکەیان دەناسرێن و هەوڵ دەدەن کە بە کۆمەڵگاکە بڵێن ئەم کەسایەتییە بەرزانە پەیوەندی فەرهەنگیان لەگەڵ ئەم نیشتمانەدا هەی و ئەم نیشتمانە کەسی وا هەڵکەوتەی بۆ جیهان بارهێناوە بۆ ئەوەی ببێتە ئولگوو و نمانە بۆ گەنجەکان، ئەم کۆنگرانە دەرفەتێکی بێ وێنەیە بۆ ئەوەی ئێمەش هەڵکەوتەکانمان بە بەرەی ئێستا و داهاتوو بناسێنین.
ئەو نووسەر و توێژەرە ناسراوە کوردە سەبارەت بە کاریگەریی فەرهەنگ و نیشتمانی لە دایک بوون لەسەر گەیشتن بە پلە وپایەی بلیمەتی و ناوداری ڕایگەیاند: بێ گومان سەرەڕای توانایی و زیرەکی زاتی و ژنتیکی؛ فەرهەنگ و نیشتیمان و شوێنی لەدایک بوون و هەروەها شوێنی پەروەردەن بوونیش کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر هزر و فیکر و شێوازی بیرکردنەوە و ئەو ڕاسپاردەییەی کە دەیخاتە سەر شانی کەسانی خاوەن بڕشت بۆ ئەوەی وەک هەڵکەوتە و ناوداری نەتەوەکەیان دەربکەون.
ئاماژەشی دا: هەر کات لە فەرهەنگێکدا کەسێک دەبێتە هەڵکەوتە و بلیمەت، خۆیشی دەبێتە بەشێک لە میراتی گەل و نەتەوە و فەرهەنگەکەی. واتا دواجار کە پێناسەی فەرهەنگێک دەکرێت ، دەڵێن ئەم فەرهەنگە بەم تایبەتمەندیانەوە، ئەم هەڵکەوتانەشی تێدابوو.کەواتە هەم فەرهەنگ کاریگەریی دەکاتە سەر کەس و هەم کەس دەبێتە بەشێک لە میرات و فەرهەنگی نەتەوەکەی.
دکتۆر ئەردەڵان سەبارەت بە هەوڵ و تەقالای بەرپرسانی پارێزگایش وتی: بۆ بابەتە فەرهەنگییەکان بەرپرسان ئەگەر خۆجێی و خەڵکی ناوچەکە بن وەک ئێستای پارێزگای کوردستان، باشتر هەست بەم زەروورەتە دەکەن و هەر بۆیە بەرپرسانی باڵای پارێزگاش دەستیان بۆ ئەم کارە گەورە بردووە چونکوو خۆیان لەم فەرهەنگەن و لە پێویستی ناساندن و بەرزکردنەوەی حاڵی دەبن.
هەروەها لە وڵامی پرسیارێکیشدا سەبارەت بە کاریگەریی ئەم کۆنگرە لەسەر ڕەوتی گەشەی فەرهەنگی و ئابووری کوردستان ئەوەی وت کە ناساندنی ئەم کەسایەتیانە بە گەلان و نەتەوەکانی دیکەی ئێران ئەو دەرفەتە دەڕەخسێنێت کە ئاوڕی زیاتر لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بە گشتی بدرێتەوە و شوێنی ژیان یان لە دایک بوونی ئەم ناودارانە بخرێتە بەرچاوی سەرمایەدانەرانی ئابووری و فەرهەنگی. بۆ وێنە ئەگەر زانکۆکانی ئێمە زیاتر بخرێنەبەرچاو ڕەنگە هەل باشتر بڕەخسێت بۆ ئەوەی هەڵکەوتەی زیاترمان ببێت.
بۆچوونی ئێوە