رۆژنامەگەری کوردی پێویستی بە ژێرخانی تیۆرییە

شیروان یاری بە ورووژاندنی پرسیار لە نەبوونی ژێرخانی تیۆریی رۆژنامەگەری کوردی، وتی: تەواو ئەزموونی رۆژنامەگەریی کوردی بە گوێرەی مێژوو پەیوەستە بە رۆژنامەگەریی سیاسی و خستنە پەراوێزی رۆژنامەگەریی فەرهەنگی و ئەدەبی.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی کوردی – ئەمجەد غوڵامی: یەکەمین فێستیڤاڵی نەتەوەیی میدیاگەلی کوردی لە کاتێکدا پاش چەند مانگ دواخران و درێژکردنەوەی ماوەی وەرگرتنی بەرهەمەکان و زیادکردنی بەشی فارسی بە بەشی ڕکابەریی فێستیڤاڵ لە رۆژی سێ‌شەممە (١٠ی گوڵان) کۆتایی پێهات، کە بەڕێوەبەرانی ئەو فێستیڤاڵە بەرەوڕووی کۆمەڵێک ڕەخنە لە بابەتی نەبوونی دیسیپلینی کاری و ئاوێتەکاریی وەک شەمەندبوونەوەی زمانی فارسی و بە پەراوێزکەوتنی زمانی کوردی (بەشی سەرەکی فێستیڤاڵ) بوونەوە و لە هەمان کاتدا ستافی بەڕێوەبەر بەردەوام جەختیان لە لاوازی و ئاستی نزمی بەرهەمە گەیشتووەکان کردووە و لایان وایە فێستیڤاڵ بە بەڕیوەبردنی چەند کارگە و وۆرکشۆپ بە بەشداری مامۆستایان باڵای بواری رۆژنامەگەریی ئێران یەکەمین هەنگاوە پێویستەکانیان بۆ چوارچێوەدان بە تیۆری رۆژنامەگەری پڕۆفێشناڵی کوردی هەڵگرتووە و بۆ تێپەڕبوون لەو باس و خواستانە پێویستە ئەو هەنگاوانە بەردەوام بێت.

لەمناوە شیروان یاری بەڕێوەبەری یەکەمین خولی فێستیڤاڵی میدیاگەلی کوردی و  لە رۆژنامەنووسانی چالاکی پارێزگای کوردستان لە وتووێژ لە گەڵ هەواڵنێری مێهر وێرای ئاماژە بە لاوازییەکان و زەروورەتی شەمەندکردنەوەی پرسی تیۆری بۆ خەملاندنی رۆژنامەگەریی کوردی، لە لای خۆیەوە وەڵامی هەندێک پرسیاری هاوپەیوەند بە کەمایەسییەکان و چاوەروانییەکان و هەنگاو و پلانەکانی داهاتووی فێستیڤاڵی میدیای کوردی لە ساڵانی داهاتووی دایەوە کە لە خوارەوە دەیخوێننەوە:

* بە ئاوردانەوە لە بەڕێوەچوونی یەکەمین فێستیڤاڵی میدیاگەلی کوردی، رۆژنامەگەریی کوردی لە چ ئاستێکدا دەبینن؟

ـ ئەگەر لە سۆنگەی چەندایەتییەوە بڕوانینە بەرهەمە گەیشتووەکان بە فێستیڤاڵ، دەبێ بڵێم ئاستی بەشداری لە هەر دوو بەشی سەرەکی و لاوەکی بە گشتی خراپ نەبوون. بەڵام بە لێکدانەوەی ناوەڕۆک و کاکڵەی بەرهەمەکان دەبێ دان بەوەدا بنێم کە لە بابەتی هەواڵنووسی، ڕاپۆرت‌نووسی، دیمانە و وتووێژ، سەروتار و یادداشت لە ئاستێکی ئایدیاڵ و پڕۆفێشناڵدا نەبوون. چونکە زۆربەی بەرهەمەکان لە بواری هەواڵ، ڕاپۆرت و دیمانە لە زمانی فارسییەوە وەرگێڕدرابوونە سەر زمانی کوردی و بە گوێرەی داوەران تەنیا ژمارێکی کەمیان شیاوی هەڵسەنگاندن و لە ئاستی فێستیڤاڵدا بوون.

یەکێک لە کێشەکانی ئێمە لە رۆژنامەگەریی کوردستان نەبوونی میتۆد و تیۆری پڕۆفێشناڵی هەواڵنووسییە؛ هەواڵ مۆتۆری رۆژنامەگەرییە و دوو هەزار ساڵ لەوە پێش لە سەردەمی ڕۆمی کۆن، ئۆکتاسناتۆس و ئۆکتادیۆرنا (دیۆرنا بە واتای رۆژانە) سەریان هەڵداوە. ئەم دووە لەو سەردەمەدا ڕووداوگەلی رۆژانەی خەڵکیان بڵاو کردۆتەوە. ئێوە بیر لەوە بکەنەوە لەو کاتەوە تا ئێستە مۆتۆری رۆژنامەگەری ڕەوتێکی پڕ لە گۆڕانی چ لەباری پێکهاتە، فۆڕم و ناوەڕۆک و چ لەباری تیۆرییەوە ئەزموون کردووە. ئێستە پرسیار ئەوەیە کە کامانەن ئەو تیرۆریگەلەی لە هەواڵنووسیی کوردی بۆ ناسینی سووژە، کۆکردنەوەی زانیاری لەبارەی سووژە و چۆنیەتی داڕشتنی هەواڵ بە پێی شێوازە باوەکانی هەواڵنووسی لە بواری سەخت هەواڵ و نەرم هەواڵدا، کاری پێدەکرێ؛ ڕێک بەو جۆرەی لە ناو فارسەکاندا باوە.

تەواو ئەزموونی رۆژنامەگەریی کوردی ئێمە بە گوێرەی مێژووی رۆژنامەگەری لە کوردستان پەیوەستە بە رۆژنامەگەریی سیاسی کە بە داخەوە ئێستاش وەک هێژمۆنیایەک رۆژنامەگەریی فەرهەنگی و ئەدەبی و لەوان سروە، مەهاباد و ئاوێنە (کە ڕۆڵێکی بەرچاویان بووە لە پێکهاتە و فۆرمی رۆژنامەگەریی پسپۆڕانەی ئەدەبی)ی خستۆتە پەڕاوێزەوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە بە وتەی زۆربەی وێژەرانی کورد، سروە ئاکادیمیایەک بووە بۆ بەرهەم هێنانی ئەدەب و زمانێکی ئارکا و دەوڵەمەندی کوردی و بە تایبەت زمانێکی بەتوانا بۆ وەرگێڕان.

بە گشتی واباوە کە بۆ هەڵسەنگاندنی ناوەڕۆکی میدیاکان ئاور لە شرۆڤەی گوتاری و دیسکۆرسیڤی هەواڵ، ڕاپۆرتی هەواڵی و ناهەواڵی، دیمانە، سەروتار و یادداشت دەدەنەوە، کە ئەو هەڵوێستەی باس کرا زیاتر بۆ رۆژنامەگەریی گشتی دەگەڕێتەوە و کەمتر رۆژنامەگەریی پسپۆڕانە لە خۆ دەگرێت. خۆزگە ئێمەش رۆژێک بتوانین بۆ تێپەڕبوون لەو قەیرانە، پێگەیەکی تیۆری و بیرۆکەیی بۆ رۆژنامەگەریی کوردی لە بواری هەواڵ، ڕاپۆرت و دیمانە بەرهەم بهێنین و هەوڵی بۆ بدەین.

* بە بڕوای ئێوە رۆژنامەگەریی پڕۆفێشناڵ دەبێ خاوەن چ تایبەتمەندیگەلێک بێت؟

ـ سەرەتا واباشە ئاور لە خود چەمکی میدیا بدەینەوە. ئێوە ئەگەر ئەم وشە لە گوگلدا سێرچ بکەن بە هەزاران مانا و پێناسەی جۆراوجۆری بۆ دەدۆزنەوە. چونکە خود چەمکی میدیا هەڵگری ماناگەلێکی یەکجار زۆرە. چەمی میدیا (مێدیۆم) لەباری ڕیزمانییەوە هەم ناوە و هەمیش ئاوەڵنا؛ میدیا وەک ئاوەڵناو بە مانای مامناوەند یان نێوان دێت و وەک ناو بە مانای کەرەسە و ئامێر و ڕەهەند و دەلاقەی پەیوەندییە بە کۆمەڵەکان.

ئێستا با بگەڕێینەوە بۆ پرسی رۆژنامەگەریی پڕۆفێشناڵ و بۆ ئەو مەبەستە سەرنجتان بۆ پێناسەی کلاسیکی فەڕەنسییەکان لە رۆژنامەگەری پڕۆفێشناڵ ڕادەکێشم: کەسێک کە پیشەی سەرەکی، هاوپەیوند و بەجەربەزانەی ئەو، ئیش کردن لە نووسینگەی رۆژنامە، هەواڵدەری، ڕادیۆ، تەلەڤیزیۆن، ئاژانس یان ماڵپەڕی هەواڵ بێت. هەڵبەت نابێ لە بیرمان بچێت کە داهاتی رۆژنامەنووس لە رێگەی پیشەی رۆژنامەگەرییەوەیە.

ئەمە پێناسەیەکی بنەماییە و ڕەنگە جیاواز بێت لە گەڵ ڕەوتی رۆژنامەگەری لە ئێران و بە تایبەت لە کوردستان، چونکە بە بڕوای کارناسانی پسپۆڕ، ژوورنالیزمی پڕۆفێشناڵ سێ بنەمای سەرەکی هەیە کە بریتین لە:

یەکەم؛ بەهرەمەند بوون لە لێهاتوویی و پسپۆڕییە پێویستەکان بۆ ئامادەکردن و بەرهەم هێنانی بابەت لە چۆنیەتی داڕشتنی هەواڵ و نووسینی ڕاپۆرتەوە بگرە تا ئامادەبوون لە دڵی ڕووداوەکان و خۆبواردن لە شاگەشکەیی و هەروهەنگامەگەری.

دووهەم؛ پابەندبوون بەو بەرپرسایەتییە کۆمەڵایەتیانەی کە رۆژنامەنووس دەبێ ڕەچاویان بکات و لەوان نووسینی ڕاشکاوانە و ڕەخنەگرتن لە دزێوییەکان و کرداری هەڵەی دەوڵەت و گرووپگەلی دیکە. هەروەها ڕێخۆش کردن بۆ پەرەسەندنی ئاشتی، دژایەتی لە گەڵ هەڵاواردن و بایکۆتی کەمینەکان و هەڵبڕینی دەنگی کەسانێک کە کەمتر هەلی هاتنە گۆیان پێ دراوە.

سێهەم؛ پابەندبوونی ئەخلاقی وەک بێ لایەن بوون و تا جێی مومکین ئابژێکتیڤ، پاراستنی سەرچاوەکان و ڕاستبێژی و ...

بە بڕوای مامۆستایانی رۆژنامەگەری بە تایبەت دوکتۆر نمەک دۆستی تارانی رۆژنامەگەرانی پڕۆفێشناڵ دەبێ باوەڕیان بەو سێ بنەمایە بێت و پێی پابەند بن، دەنا لە نەبوونی هەرکام لەو سێ بنەمایە ئەو سێ بەشە تێک دەڕووخێت.

* ئایا دەکرێ باوەڕمان بە دابەشکاریی دوو جەمسەرانەی رۆژنامەگەری پڕۆفێشناڵ و ئاماتۆر هەبێت و لەمناوە چۆن دەتوانین لە بەرزەخی ئاماتۆربوون تێپەڕین و بگەیێنە جەمسەری پڕۆفێشناڵ؟

ـ بە گشتی لە بواری رۆژنامەگەریدا چەمکێکمان بە ناوی رۆژنامەگەریی ئاماتۆر نییە، بەڵکوو کارناسان و شارەزایانی ئەو بوارە زیاتر لە چەمکی قوتابی و فێرخواز چ بۆ خۆیان و چ بۆ دیتران کەڵک دەبەن. بۆ وێنە مینوو بەدیعی وەک یەکێک لە مامۆستا ناسراوە و لێهاتووەکانی بواری رۆژنامەگەری لە سەربەردەی خۆیدا دەڵێ پاش وەرگیرانی لە زانکۆی عەلامە تەباتەبایی تاران بەردەوام بە فێرخواز بانگ کراون. کەواتە رۆژنامەگەری لەو سونگەوە زانستێکی پشت‌ئەستوورە بە ئەزموونی ژیندراوی خودی رۆژنامەنووسەکە کە لە گۆڕەرپانی مەشق و نووسیندا بەردەوام ئەزموونی تازە تاقی دەکاتەوە و ئەزموون لە سەر ئەزموون کەڵەکە دەکات؛ دەنا رۆژنامەگەری بە بێ ئەو ئەزموونە تەنیا بڕوانامەیەکی ئاکادێمی سەڵتە.

بە ئاوردانەوە لە مێژووی رۆژنامەگەری دەبینین کە زۆربەی رۆژنامەگەرانی سەرکەوتووی ئێرانی لە دەریای نووسین و داهێنان و ئەزموونی نوێدا مەلەوانی شارەزا بوون و بە بەهرە وەرگرتن و ئەزموونی جۆراوجۆر و تاقیکاریی سەیر و سەمەرە بێرە گەیشتوون. بۆ وێنە مامۆستا عەلی ئەکبەر قازی زادە باس لەوە دەکات کە کاتێک بۆ هەڵبژاردنی ڕشتەی خوێندنی زانکۆیی پرس بە خاڵۆی دەکات، هەر دووکیان بەو هیوایە کە زانستە پەیوەندییەکان دەروەستی بە کاروباری تەکنیکی و موخابراتییەوە هەیە، ئەم ڕشتە هەڵدەبژێرن و دوای دوو تێرم (نیوساڵ)ی خوێندن دەزانێ کە ڕشتەکەی دەروەستی بە رۆژنامەگەرییەوە هەیە و بەوەشەوە هەست بە هۆگرییەک بەو ڕشتەیە دەکا و خوێندنەکەی تا قۆناغە باڵاکان درێژە پێ دەدا. یان فەریدوون سدیقی کە لەم فێستیڤاڵە وەک رۆژنامەگەرێکی بە ئەزموونی کورد ڕێزی لێگیرا لە دیمانەیەکدا دەڵێ: "هەزار ساڵ لەوە پێش لە شاری سنەی قەدپاڵی ئاویەر، ڕاپۆرتێکم بۆ رۆژنامەی کەیهانی شاری سنە نووسی و ئەو ڕاپۆرتە بووە هەوێنی بانگهێشت کران و چوونی من بۆ رۆژنامەی کەیهانی تاران". لەوێیە کە فەریدوون سدیقی دەبێتە بنیاتنەری نووسینی ڕاپۆرت دیالۆگ لە ئێراندا. لە ڕاستیدا ئەو هۆگریەیە کە فەریدوون دەگەیێنێتە ئاستێک کە زۆربەی مامۆستایانی بەرزی رۆژنامەگەری ئێران شانازی بە دۆستایەتی و بەهرە وەرگرتن لە قەڵەمی دەکەن، ئەمە هەمان شتە کە لە تیزێر و گرتەی ڤیدئۆیی فێستیڤاڵدا بینیتان.

* باسی گرتە و تیزێری تایبەت بە فەریدوون سدیقی لە ژێر ناوی "فەریدوونی قەڵەم" کرا، وەک بزانین ئەو گرتەیە بە هاوکاری بەڕێزتان و دوکتۆر مەنسوور ساعی و ڕەنگە ناوەندی توێژینەوەی میدیایی ئێران ئامادە کرابوو، دەکرێ لەوبارەشەوە ڕوون کردنەوەیەکتان هەبێ؟

ـ  وەک ئاماژەتان پێدا، تیزێرەکە بە هاوکاری و بەڕێوەبەریی دوکتۆر مەنسوور ساعی لە مامۆستایانی بواری زانستە پەیوەندییەکان و لە داوەرانی ئەم خولەی فێستیڤاڵی میدیاگەلی کوردی ئامادە کراوە و من وەک قوتابییەکی مامۆستا سدیقی پێشنیاری ناوی "فەریدوونی قەڵەم"م دا و بەڕێزیان بە دڵێکی ئاواڵەوە قبووڵیان کرد و کاتێک پرسمان بە مامۆستایانی دیکەش کرد، ئەوانیش ناوەکەیان زۆر بە لاوە پەسند بوو. هەڵبەت بەشی زۆری ماندوویی ئامادەکردنی ئەو تیزێرە لە ئەستۆی کاک مەنسوور بووە و جێی خۆیەتی دەستخۆشی تایبەتی لێ بکرێ و ڕێزی لێ بگیرێ.

بەڵام لە پەنای ئەو هەمووە ماندووییە، بە داخەوە هەندێ گلەییش لەوبارەیەوە هەن کە ناوی دەنێم "شکاندنی شووشەی دڵی فەرەیدوونی قەڵەم" و لام وایە کاتێک مامۆستا بەو ورە بەرزەی خەڵاتی نەخدیی خۆی بەخشییە هەڵبژاردراونی خەڵات وەرنەگرتووەی فێستیڤاڵ، هیچکات چاوەروانی ئەوەی نەدەکرد نرخی دیاری کراوی خەلاتەکە لە لایەن ئیدارەی گشتیی فەرهەنگ و ئیرشادی کوردستان بەو ڕادەیە کەم بێت. ئەگەرچی ئێمە لە لایە خۆمانەوە و بە یارمەتیی یانەی چاپەمەنی کوردستان هەوڵێکی زۆرمان داوە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کەمکارییەی ئیدارەی ئیرشاد و هیوادارم بەو کارە لە شەرمەندیی مامۆستا سدیقی بێینە دەرێ.

* تاقمێکی زۆری بەشداربووان هێشتاش سەبارەت بە بەڵێنی پارێزگاری کوردستان بۆ پێدانی ٣٠ ملیۆن تمەن بە هەڵبژاردراونی ئەم خولەی فێستیڤاڵی میدیاگەلی کوردی پرسیار دەکەن، ئایا هەواڵێکی تازە لەوبارەیەوە هەیە؟

ـ وایە، بەڕیز بەهمەن مورادنیا پارێزگاری کوردستان لە ڕێوڕەسمی کۆتایی فێستیڤاڵ بە ئاوردانەوە لە ئاستی کەمی نرخی خەڵاتەکان، لە لای خۆیەوە بەڵێنی پێدانی ٣٠ ملیۆن تمەنی وەک دیاریی پارێزگاری بۆ هەڵبژاردراون (٥٢ هەڵبژاردەی یەکەم، دووهەم و سێهەم) دا. بەڵام تا ئیستە هیچ پارەیەک لە پارێزگارییەوە نەگەیشتۆتە دەس بەڕێوەبەرانی ئەم خولەی فێستیڤاڵ و من بۆ پێوشوێن گرتنی ئەو بابەتە نامەیەکم ئاراستەی بەڕیز پارێزگار کردووە و هیوادارم بە زوویی کاروباری ئەو بەشەش جێبەجێ بێت و بە ئەنجام بگات.

هەڵبەت پێویستە ئەوەش بڵێم کە جگە لەو بەڵینەی پارێزگاری بەڕێز، گرفتێکی دیکەی خولی یەکەمی فێستیڤاڵی میدیایی کوردی نەبوونی پلان و تەرازێکی دروستی ماڵی لە ئاستی سەرەوە بوو و وەک دەبینین هێشتاکە پارەی داوەران و ستافی کاریی فێستیڤاڵ نەدراوە و لەوبارەیەوە من شەرمەندەی داوەرانێک بووم کە هەرکام لە خۆیاندا کەسایەتییەکی ناسراوەی بواری میدیایی لە ئاستی وڵات و تەنانەت لە ئاستی جیهانین و بوونی ئەو جۆرە بێ ڕێزیانە دەبنە مایەی دڵساردبوونەوە لە درێژەدان بە چالاکییەکان و بە فیڕۆچوونی دەسکەوتەکان.

* لە بەیاننامەی فێستیڤاڵدا ئاماژەتان بە هەنگاوەکانی دواتر و لەوان بە نێونەتەوەیی کردنی فێستیڤاڵی میدیاگەلی کوردی لە ساڵانی داهاتوودا کرد، چ پلان و ڕێوشوێنێک بۆ ئەو مەبەستە لە بەرچاو گیراوە؟

ـ وەک لە درێژەی ڕاگەیاندنی یەکەمین خولی فێستیڤاڵدا ڕاشکاوانە و بە ئاشکرا ڕاگەیێندرا، ساڵێ داهاتوو بڕیارە دووهەمین خولی فێستیڤاڵی میدیاگەلی کوردی بە گوێرەی سیاسەت و ستراتژیی ئیدارەی گشتیی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی بە شێوەی نێونەتەوەیی بە ئامادەبوونی رۆژنامەنووسانی تورکیا، سووریا، عێراق و ئێران  و تایبەت بە زمانی کوردی (بە چەندین شێوەزاری) بەڕێوە بچێت و چیتر زمانی فارسی لەو خولەدا بەشدار نەکرێت. هەڵبەت ئەوە ستراتژییەکی ئایدیاڵە و تا قۆناغی جێبەجێ بوون وەک سێوەکەی نیۆتۆن هەزار خول دەخوات ...

* وەک دواپرسیار ئایا نۆرمگەلی نوێی پەیوەندیی وەک SMS، کەناڵەکانی تێلگرامی یان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان جێیەکیان لە فێستیڤاڵەکانی دواتردا دەبێ. یان بە گشتی ئەو نۆڕمانە دەچنە ڕیزی کاری میدیایی و رۆژنامەوانییەوە؟

ـ وەک دەزانن پاژە پێکهێنەرەکانی میدیایی بۆ گواستنەوەی پەیام بریتین لە چوار ماکی سەرەکیی وتە، مۆسیقا، وێنە و دەق لە ژێر کاریگەریی سیاسەت، ئابووری و تەکنۆلۆژیا و لەمناوە سیستەم و پێکهاتەی رۆژنامەوانیی ئەوڕۆ ڕوو لە گۆڕان و پێشکەوتنە و ئەمە خۆی دەرەوەستی بە ناوەڕۆکی ئەو میدیاگەلەوە هەیە. بە واتایەکی دیکە هەواڵ لە هەر میدیایەکدا دەبێ هەڵگری سێ بنەمای نائاڵۆزی و ڕوونی، دروستی و هەمەگری بە پشتبەستن بە سەرچاوەگەلی کەسێنی، یاسایی و میدیایی بێت و جگە لەوە هەواڵ نییە، بەڵکوو جۆرێک هەڵوێستی کەسێنییە و لە خۆیدا خەسارێکە کە ڕیساکانی هەواڵ پێشێل دەکات. ئێمە لە ڕووداوی بوومەلەرزەی سەرپێلی زەهاو و لافاوەکەی ئاق قەلا، گوڵستان، لورستان و شیراز بینیمان کە چۆن بە دەستێوەردان لە لایەنی بەرفراوانی و ئامارەکان و تێکدانی کیشمەکێش و دژوازییەکان لە بایەخەکانی هەواڵدا، تووشی هەمەگریی نەرێنی هاتین و یاری بە هەست و دەروونی خەڵکی و هاووڵاتیان کرا.

بە گشتی ناتوانین نکۆڵی لە ئامادەبوونی رۆژانە و سەرهەڵدانی رۆژنامەگەریی شارۆمەندی بکەین، ئەمە شتێکی حاشاهەڵنەگرە و کاریگەریی ئەم نۆرمە ئەوڕۆکە بە تەواو مانا سەلمێندراوە، بۆ وێنە لە ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبی، لە شەڕی سووریا و یەمەن یان لە شۆڕشی هێلەک زەردەکانی فەڕەنسا ئەوە شارۆمەند میدیاکانن کە تەواو ڕووداوەکان ڕێکدەخەن و نمایشی دەدەن و دەبنە سەرچاوەی یەکەمی هەواڵەکان. بەڵام بەوەشەوە نەبوونی یاسا و ڕێسایەکی دروست لە شێوەکانی گەیاندنی پەیام وەک جۆرەکانی گەورەکردنەوە و زێدەوێژیی درۆیین، بە هەمان ئەندازە دەتوانێ کاریگەری نەرێنی هەبێ و هاووڵاتیان تووشی سەرلێشوان و هەڵەکاری بکات.

لە بابەتی بەشی دووهەمی پرسیارەکە، دەبێ بڵێم کە ئێمە لە سیاسەتی فێستیڤاڵەکاندا ناچار لە پێڕەوکردنی بڕیارەکانی وەزارەتی ئیرشاد و جێگرایەتی چاپەمەنی ئەو وەزارەتەین و فێستیڤاڵی میدیاگەلی کوردیش لەو چوارچێوەیە بەدەر نییە.

هەڵبەت هیوادارین بوونی کەسانێکی وەک گیتا عەلی ئابادی، یوونس شوکرخواه و محەمەد تەقی ڕەوغەنی‌ها لە بەرپرسایەتی ناوەندی توێژینەوەی میدیایی ئێران و پەیوەندیی نزیکی جێگرایەتی چاپەپەمەنی وەزارەتی ئیرشاد لە گەڵ ئەو ناوەندە ڕێخۆش بکات بۆ ئاوردانەوەی جیدی لەو فەزایە و چوارچێوەدان بەو پرسە تەنانەت لە کەشێکی ئاکادیمیدا، هەر چەند لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو کتێب و کۆڕبەندگەلێکی زۆر باش سەبارەت بەو مژارە ئاراستە کراوە و دەتوانێ ڕێخۆشکەر بێت بۆ پەیوەندی دوو لایەنەی میدیا و شارۆمەند میدیا وەک بەهرە وەرگرتن لە دەسکەوتەکانی ئەوان و لە بەرامبەردا هەوڵ بۆ ڕاهێنانی ئەو جۆرە شارۆمەندانە و بێ شک فێستیڤاڵەکان دەتوانن یەکەمین شوێنێک بن بۆ دروست بوونی ئەو پەیوەندییە.

News Code 26688

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 2 + 8 =