ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی – پەیمان یەزدانی: ئەمریکا بۆ گوشارخستنە سەر تاران هەوڵ دەدات بە قەدەغەی کڕیاری نەوتی ئێران لە لایەن وڵاتانی دیکەوە، هەناردەی نەوتی ئێران بگەیێنێتە سیفر.
ئەو قەدەغەیە تا سەرەتای مانگی مەی هەڵپەسێردرابوو، بەڵام واشنتۆن ڕایگەیاند کە درێژە بە مۆڵەتی بەری کران لە گەمارۆی نەوتی نادات. لەمناوە واشنتۆن گوشاری خستۆتە سەر تورکیا کە لە بری کڕینی نەوتی ئێران، نەوت کە عەرەبستان و ئیمارات بکڕێت.
دوکتۆر عوسمان فارۆق لۆغ ئۆغڵۆ ئەندامی باڵای پارتی کۆماری گەلی تورکیا (CHP) دەڵێت کە ئەوە پێشێل کردنی بێ شەرمانەی یاساگەلی نێودەوڵەتییە و لای وایە ئەمریکا مافی سەروەریی وڵاتانی بۆ بازرگانی ئازاد زەوت کردووە.
لە درێژەی سیاسەتە دژبەرانەکانی ئەمریکا لە دژی ئێران، کۆشکی سپی لەم دواییەدا ڕایگەیاند کە چیتر قەدەغەی کڕینی نەوتی ئێران کە لە مانگی مەی کۆتایی پێدێت، درێژ ناکاتەوە و لەمناوە ئەمریکا، عەرەبستانی سعوودی و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی متمانەیان داوە کە پاش ئەو بڕیارەی ئەمریکا بازاڕی جیهانی نەوت، نەوتی پێویستی وڵاتانی کڕیاری نەوتی ئێران دابین دەکەن.
هەواڵنێری مێهر لە وتووێژ لە گەڵ عوسمان فارۆق لۆغ ئۆغڵۆ ڕوانیویەتییە پرسی قەدەغەی کڕیاری نەوتی ئێران کە لە خوارەوە دەیخوێننەوە:
* ئایا قەدەغەی هەناردەی نەوتی ئێران لە لایەن ئەمریکاوە لە گەڵ یاساگەلی نێودەوڵەتی یەکدەگرێتەوە؟
ـ گەمارۆکانی ئەمریکا لە دژی هەناردەی نەوتی ئێران پێشێل کردنی بێ شەرمانەی یاساگەلی نێودەوڵەتییە، چونکە مافی وڵاتان بۆ بازرگانی ئازاد ژێر پێ دەنێت. گەمارۆکان نایاسایین بە تایبەت بەو هۆیەیە کە یەک لایەنەن و بە بێ مۆڵەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان یان ناوەندێکی متمانە پێکراوی دیکەوە داسەپاون.
ئەمریکا دەتوانێ خۆی لە ئێرانەوە نەوت و کاڵا هاوردە نەکات، بەڵام بۆی نییە ئاستەنگ بخاتە بەردەم وڵاتانی دیکە بۆ ئەنجام دانی ڕەوتێکی یاسایی و دروست.
* ئەمریکا هەوڵ دەدات هەناردەی نەوتی ئێران بگەیێنێتە سیفر. ئایا ئەوە مومکینە؟ بۆچی نا؟
ـ هەوڵی بە سیفر گەیاندنی هەناردەی نەوتی ئێران لە لایەن ئەمریکاوە نامومکینە. بێ گومان کڕیارانێک هەن کە پێڕەوی کە گەمارۆکانی ئەمریکا ناکەن، بۆ وێنە چین ڕایگەیاندووە کە بازرگانیی لە گەڵ ئێران بازرگانییەکی یاسایی و سروشتییە.
تورکیاش دژایەتی خۆی لە گەڵ بڕیاری ئەمریکا ڕاگەیاندووە. وەزیری دەرەوەی تورکیا وتوویەتی ئەو بڕیارەی ئەمریکا لە پێناو ئاسایش و سەقامگیریی ناوچە نییە زیان بە خەڵکی ئێران دەگەیێنێت. چاوش ئۆغڵۆ وتووشیەتی تورکیا گەمارۆ یەک لایەنەکان ڕەت دەکاتەوە و رێگە نادات بۆی دیاری بکرێت کە چۆن چۆنی پەیوەندیی لە گەڵ درواسێکانیدا هەبێ.
هەناردەی نەوتی ئێران مومکینە بۆ ماوەیەک لە داهاتووی نزیکدا بوەستێت، بەڵام درەنگ و زوو هەناردەکەی لە سەر دەگرێتەوە و بگرە ئاستی هەناردەکەشی بەرزتر دەبێت. ئێمە دەبێ چاوەروانی ئەو رۆژە بین کە ئەمریکا بەرەوڕووی کاردانەوەی نەرینی هەمبەر بە بڕیارەکانی بێت و ئەوە یارمەتی ئێران دەدات بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی فرۆشی نەوتەکەی.
* ئەمریکا تورکیای ناچار کردووە کە لە بری کڕینی نەوتی ئێران، نەوت لە عەرەبستان و ئیمارات بکڕێت. بایەخ و هەڤیازی نەوتی ئێران بۆ تورکیا چین؟
ـ ئێران دراوسێی ئێمەیە و ئێمە لە گەڵ ئێران ئاستێکی باڵای پەیوەندیی ئابووریمان هەیە کە نەوت یەک لەوانە. مەودای نزیکی نێوان دوو وڵاتیش بابەتێکی گرینگی نەوتی ئێران بۆ تورکیایە. بە هۆی پەیوەندیی کێشەداری ئێمە لە گەڵ عەرەبستانی سعوودی و ئیمارات، ئەنقەرە حەز بە کڕیاری نەوت لەوان ناکات.
* بە ئاوڕدانەوە لە ناکۆکی و ڕکابەریی عەرەبستانی سعوودی و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، ئایا داخوازیی ئەمریکا نابێتە هۆی کەوتنە مەترسیی ئاسایشی وزەی تورکیا و هاوکات ئاسایشی ناوخۆیی ئەو وڵاتە، چونکە ئیمارات یەکێکە لە پاڵپشتەکانی پەکەکە؟
ـ تەنانەت ئەگەر تورکیا هاوردەی نەوتی لە ئێران دابەزێنێت و بە دوای سەرچاوەی دیکەدا بێت، ئەو جێگرەوەیە نە عەرەبستانە و نە ئیمارات. دۆخی ئێستا رێگە نادات تورکیا هەڵوێستی لەو چەشنە بگرێت. بە گشتی ئەمریکا لەو ئاستەدا نییە بە تورکیا بڵێت نەوتی خۆی لە کام وڵاتەوە دابین بکات.
بۆچوونی ئێوە