بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سەرلەشکەر محەمەد باقری سەرۆکی گشتیی ئەرکانی هێزی چەکداری لە پەراوێزی دیداری فەریقی یەکەم عوسمان غانمی سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق، سەبارەت بە ناوەڕۆکی دیدارەکە ڕایگەیاند: پەیوەندییەکی باشمان لە گەڵ سوپای عێراق هەیە و پێشتریش لە میانەی دانیشتنی سێ قۆڵیی دیمەشق، سەبارەت بە تۆکمەتر پەیوەندییەکانی دوو وڵات گفتوگۆمان کردبوو.
ناوبراو بە ئاماژە بە هەڕەشە و خەونە هاوبەشەکانی ئێران و عێراق ڕاشیگەیاند: هاتوچۆی زیارەتکارانی ئێرانی لە ئاستێکی باڵادایە و دەبێ هێزی چەکداریی دوو وڵات لە پێناو ئامانجگەلی هاوبەش پەڕە بە هاوکارییەکانیان بدەن.
سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزی چەکداری بیری هێنایەوە: لەو دیدارە سەبارەت بە پرسە جۆراوجۆرە سنوورییەکان بە تایبەت ڕێککەوتننامەی بەرپرسانی باڵای دوو وڵات بۆ جۆماڵ کردنی ئەلوەن گفتوگۆ کرا و بڕیار درا کە ئاسایشی ئەو کارە لە ئەستۆی هێزی چەکداریی دوو وڵاتدا بێت.
سەرلەشکەر باقری لە درێژەدا ڕووانییە زەروورەتی کردنەوەی سنووری خوسرەوی بۆ زیارەتکاران و بەڵێنیی لایەنی عێراقی بۆ دابین کردنی ئاسایشی پارێزگای دیالە و زیارەتکاران و وتی: بە ئیزنی خودا ئەو سنوورە بۆ هاتوچۆی زیارەتکاران بە خێرایی دەکرێتەوە و لایەنی عێراقی ئامادەیی خۆی بۆ جێبەجێ کردنی کارەکان ڕاگەیاندووە و هاوکات بڕیارە سووریاش لەوبارەوە هەوڵی پێویست بدات.
وتیشی: بە هۆی بوونی هەڕەشەگەلی ئاسمانی لە سنوورە رۆژئاواییەکان، سەبارەت بە هاوکاریگەلی بەرگرانەی وەک بەرگریی بەردەوامی ئاسمانی گفتوگۆ کرا و بڕیارە کەرتی بەرگریی ئاسمانی دوو وڵات بە هاوئاهەنگیی زیاترەوە پێکەوە کار بکەن.
ناوبراو لە درێژەدا باسی لە هاوکاریی دوو وڵات لە بواری ڕاهێنان و مانۆرە هاوبەشەکان و گواستنەوەی ئەزموونەکانی ئێران بۆ لایەنی بەرامبەر کرد و جەختی کرد: لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی گەمارۆکانی ئێران و خۆبواردنی عێراق لە ڕەوتی گەمارۆ داسەپاوەکانی ئەمریکا لە دژی ئێران، لایەنی عێراقی بەڵێنی داوە و ئێستا هاوکاریی باشمان لەوبارەیەوە هەیە. هەروەها بەڵێنیان پێداوین کە کۆنتڕۆڵی زیاتریان بە سەر ئامادەبوونی هێزی سەربازیی ئەمریکا لە عێراقدا هەبێ و ئامادەبوونی ئەو هێزانە تەنیا بە مەبەستی ڕاهێنانی هێزەکانی عێراقی دەبێ.
Your Comment