بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، جولیان کاسترۆ لە کەسایەتییە پێگەدار و تازە دەرکەوتەکانی حزبی دیموکرات و وەزیری خانوبەرە و گەشەی شاریی دەوڵەتی ئۆباما و لە بەربژێرانی پۆستی سەرۆک کۆماری لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٠ی ئەمریکا، رۆژی ڕابردوو لە پەیامێکی تویتەریدا ڕایگەیاند: ڕێککەوتنی ناڤۆکی لە گەڵ ئێران دەسکەوتێکی بەرچاو بوو.
ڕاشیگەیاند: ئەگەر ئێران بەوجۆرەی کۆمەڵگای هەواڵگریی ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، بەردەوام بێت لە پابەندبوونی بە بەڵێنەکانی خۆی لەو ڕێککەوتنە، بە دڵنیاییەوە من وەک سەرۆک کۆمار، ئەمریکا دەبەمەوە سەر بەرجام.
ئەوە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترامپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە ١٨ی مانگی گوڵانی ساڵی ڕابردووی هەتاوی (٨ی مانگی مەی ساڵی ٢٠١٨ی زایینی) بە کشانەوەی یەک لایەنەی لە بەرجام و پێشێل کردنی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، گەمارۆگەلێکی لە دژی تاران داسەپاند.
شایانی باسە کە ئەو هەنگاوەی ئەمریکا بە پێچەوانەی ڕاپۆرتە بەردەوامەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی سەبارەت بە پابەندبوونی تەواوی ئێران بە ناوەڕۆکی ڕێککەوتنی نێودەوڵەتیی بەرجام بووە.
Your Comment