ئەمریکا بەر لە هێرش بۆ سەر عێراق لە گەڵ ئێران گفتوگۆی کردبوو

باڵوێزی پێشووی ئەمریکا لە وڵاتانی عێراق و ئەفغانستان بە بڵاوکردنەوەی کتێبێک پاگه‌نده‌ی کردووە کە واشنتۆن بەر لە هێرش بۆ سەر عێراق له‌ ساڵی ٢٠٠٣ لە گەڵ ئێران گفتوگۆی کردووە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێڕانەوە لە رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز، زالمای خەلیل زاد لەو کتێبەدا نووسیویەتی: زۆربەی گفتوگۆکانی ئەمریکا لە گەڵ ئێران لەو کاتەدا بریتی بوون لە پارێزراوبوونی فرۆکەکانی ئەمریکا و بە ئامانج نەکرانیان لە لایەن ئێرانەوە لە ئەگەری بەزاندنی سنووری ئاسمانی ئێران.

خەلیل زاد کە جگە لە ئامادەبوون لە عێراق و ئەفغانستان، ماوەیەک وەک نوێنەری ئەمریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە، ئاماژە بەوەش دەدا کە لە گەڵ "محەمەد جەواد زەریف" کە ئەوکات نوێنەری ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو، بەر لە هێرش بۆ سەر عێراق لە ساڵی ۲۰۰۳ دیدار و گفتوگۆی نهێنیی ئەنجام داوە و لە گفتوگۆکاندا گەرەنتیی ئەوە لە ئێڕان وەرگیراوە کە لە ئەگەری سنووربەزاندنی بە ڕێکەوتی فرۆکەکانی ئەمریکا لە لایەن ئێرانەوە دەسترێژییان نەکرێتە سەر.

بە وتەی رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز، زالمای خەلیل زاد لە کتێبی نوێێ خۆیدا لە ژێر ناوی "The Envoy" دەنووسێت کە ئەو دیدارانەی لە ژێنێڤدا لە گەڵ زەریف ئەنجام دراوە، تەنانەت بەر لە گیرانی بەغدا لە ئاڤریلی ساڵی ۲۰۰۳ێشدا لە ئارادا بووە.

خەلیل زاد دەشنووسێت: "ئێمە داوامان لە ئێران کرد گەرەنتیی ئەوەمان بداتێ کە لە ئەگەری سنووربەزاندنی بە ڕێکەوتی فرۆکەکانی ئەمریکا لە لایەن ئێرانەوە دەسترێژییان نەکرێتە سەر و زەریف ڕەزامەندیی خۆی لەوبارەوە دەربڕی و پێکەوە ڕێککەوتین و ئێمە هیوادار بووین کە ئێران شیعەکانی عێراق بۆ هاوبەشییەکی سازێنەر لە بنیاتنانی دەوڵەتێکی نوێ لە عێراقدا هان بدات".

نوێنەری پێشووی ئەمریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت کە بە زەریفمان ڕاگەیاند کە ئەمریکا خوازیاری دامەزراندنی دەوڵەتێکی دیموکراتیک لە عێراقە کە لە گەڵ دراوسێیه‌کانی خۆی لە ئاشتی و تەباییدا بێت.

لە لایەکی دیکەوە محەمەد جەواد زەریف خوازیاری گواستنەوەی خێرای دەسەڵات بە کەسایەتییە تاراوەکراوەکان بوو و دەیوت میکانیزمی ئەمنیی عێراق دەبێت بە شێوەی بنەمایی بنیات بنرێتەوە و هەروەها ئێران دژایەتیی خۆی بۆ داگیرکرانی ئەو وڵاتە لە لایەن ئەمریکاشەوە ڕاگەیاندبوو.

لە درێژەی ڕاپۆرتەکەی نیۆیۆرک تایمز سەبارەت بە کتێبەکەی خەلیل زاددا هاتووە: لایەنەکان، دوو ڕوانگەی جیاوازیان هه‌بوو؛ ستراتژییەک کە دەبووە هۆی پەرەستاندنی نفووزی ئێران لە عێراقدا، لە بەرامبەر سەرهەڵدانی دەوڵەتێکی کاتی کە لە کەسانی بە جێ‌ماوە لە سه‌رده‌می سەدام حسێن پێکبێت و نەک تەنیا لە کەسایەتییە تاراوەکراوەکان. هەروەها لە کاتی ورووژانی پرسی ئەلقاعیده لە ئێرانیش، زەریف خوازیاری ئەوە بوو کە ئەمریکا رێبەرانی "موجاهێدینی خەڵق" ڕادەستی ئێران بکاتەوە کە دەوڵەتی "جۆرج بووش" ناڕەزامەندیی خۆی لەوبارەوە دەربڕی و ماوەیەکی کورت دوای ئەوە کەناڵی دیپلۆماتیک دەپسێت.

لە بەشێکی دیکە لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە ڕووداوەکانی ساڵی ۲۰۰۶ (ئەوکاتی کە خەلیل زاد لە بەغدادا باڵوێزبووە) دەکات: ئەوکات سیاسەتی هەردوولا پێداگر و هاوڕابوون لە سەر جێگرکردنی کەسێک لەجیاتی ئیبراهیم جەعفەری (سەرۆک وەزیرانی کاتی عێراق).

بە وتەی خەلیل زاد لەو کاتدا "عەبدولعەزیز حەکیم" سەدانی تاران دەکات بۆ ئەوەی ئیمکانی دانوستانی هەردوولا (ئێران و ئەمریکا) بڕەخسێنێت. خەلیل زاد ئیدعا دەکات کە ئەویش داوای لە دەوڵەتی خۆی کردبوو کە ئیزنی گفتوگۆ بدات و تەنیا دەیەویست سەبارەت بە عێراق گفتوگۆ بکات، بەڵام لایەنە ئێرانییەکان دەیانەویست لە دانوستانەکاندا پرسی دیکەش بخه‌نه‌ڕوو.

نوێنەری پێشووی ئەمریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەڵێت کە بە هۆکارێک کە بۆ ئەو ڕوون نییە، واشنتۆن لە دوا کاتژمێرەکاندا دەستووری هەڵوەشاندنەوەی دیدارەکان دەدات. هەر بۆیە لە ئاکامدا حەکیم لە زمانی رێبەرانی ئێرانەوە وتبووی، ئەمریکا جێی متمانە نییە.

 

News Code 2420

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 5 + 9 =