ئامانجەکانی تێلاڤیڤ لە ئۆپراسیۆنی «قەڵغانی باکوور» لە سنوورەکانی لوبنان

ئۆپراسیۆنی ناسراو بە "قەڵغانی باکوور"ی سوپای ڕژیمی زایۆنی لە نزیکی سنوورەکانی لە گەڵ لوبنان نیشاندەری ترسی بەربڵاوی زایۆنییەکان لە بەهێزتربوونی حزبوڵڵای لوبنان و یاریی نوێی نەتانیاهۆ بۆ هەڵاتن لە قەیرانی ناوخۆییە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر – بەشی نێودەوڵەتی: رۆژ بە رۆژ ترسی زایۆنییەکان لە تۆکمەتربوونی دەسەڵاتی حزبوڵڵای لوبنان زیاتر دەبێت و هەر لەو پێناوەدا دەستی داوەتە جموجۆڵی سەربازی و لەوان مانۆری سەربازی کە بە گوێرەی ئیدعای زایۆنییەکان لەو رێگەوە پرۆڤەی هەلومەرجی بەرەنگاربوونەوەی هێزی بەرخۆدانی لوبنان دەکەن. بەڵام سەر لە بەیانیی رۆژی ٤ی دیسامبێری ٢٠١٨ زایۆنییەکان ئۆپەراسیۆنێکی ناسراو بە قەڵغانی باکووریان بۆ دۆزینەوەی تۆنێلەکانی حزبوڵلا دەست پێکردووە.  

رۆژی سێ‌شەممە ١٣ی مانگی سەرماوەزی ئەوساڵی هەتاوی گادی ئایزنکۆت فەرماندەی سوپای ڕژیمی زایۆنی سەفەری خۆی بۆ ئەڵمانیا هەڵوەشاندەوە و میدیاگەلی ڕژیمی زایۆنی بڕیاری ئایزنکۆت و دەسپێکی ئۆپراسیۆنی قەڵغانی باکوور گرێ دەدەنەوە بە دانیشتنی تایبەتی نەتانیاهۆ لە گەڵ مایک پەمپێئۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە برووکسێل.

لە ڕاستیدا نەتانیاهۆ کە پاش شکستی لە گرووپگەی بەرخۆدانی فەلەستین ترساوە بە دوای داپەڕگەلێک بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو شکستە و پاراستنی پێگەی ناوخۆیی خۆیەتی؛ بە تایبەت پاش تۆمەتە ناوخۆییەکانی ئەو ڕژیمە کە ناوبراو بە گەندەڵی و بەرتیل تۆمەتبار دەکەن.

لە گەڵ دەسپێکی جموجۆڵە سەربازییەکانی ڕژیمی زایۆنی لە سنوورەکانی لوبنان، سوپای لوبنان و هێزەکانی یۆنیفیل لە ئامادەباش دان. سوپای لوبنان بە دەرکرتدنی ڕاگەیێندراوێک کاردانەوەی نیشان داوە بە جموڤۆڵە سەربازییەکانی ڕژیمی زایۆنی لە نزیکیی سنوورەکانی فەلەستینی داگیرکراو لە گەڵ لوبنان.

کاردانەوەی سوپای لوبنان بە جموجۆڵی سەربازیی تێلاڤیڤ 

لەو ڕاگەیێندراوەدا هاتووە: "بە ئاوردانەوە لەوەی کە ئیسرائیل سەر لە بەیانی رۆژی سێ‌شەممە لە دەسپێکردنی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی باکوور بە پاگەندەی دەست بە سەردا گرتنی تۆنێلەکانی باشووری لوبنان، هەواڵی داوە، هەلومەرجی ئەمدیوی سنوو‌ری لوبنان ئارام و جێگرە و بە وردی لێکدەدرێتەوە. هێزەکانی سوپای لوبنان لە ناوچەدا بۆ ئەنجامدانی ڕاسپاردەگەلی ئاسایی لە سنوورەکان جێگر کراون و ئەوە بە هاوکاری و هاوئاهەنگیی هیزەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنانە، بۆ ئەوەی پێشگری بکرێت لە هەر جۆرە تەنگەژە و پێکدادان و ناسەقامگیرییەک لە باشوری لوبنان. سوپای لوبنان ئامادەی بەرەنگاربوونەوەی هەر جۆرە پێشهاتێکی شیمانەییە".

"عەلی ڕەماڵ" شارەوانی عەدیسە لە باشووری لوبنان بە ئاماژە بە جموجۆڵی سەربازانی ڕژیمی زایۆنی لە ناوچە سنوورییەکانی لوبنان ڕایگەیاند: دۆخی شارۆچکەکان و ناوچەگەلی سنووری بە ئاوردانەوە لە ئۆپەراسیۆنی سوپای ئیسرائیل لە هاوێری ناوچە سنوورییەکان، تەواو ئاساییە. هێزەکانی سوپای لوبنان و هێزەکانی یۆنیفیل لە لایەنی لوبنانەوە لە ئامادەباشدان. هەڕەشەگەلی ئیسرائیل هیچ شتێک ناگۆڕێت، بە تایبەت کە دانیشتووانی گوندە سنوورییەکان بەردەوام لە ژێر هەڕەشەدان".

یۆنیفیل بە دەرکردنی ڕاگەیێندراوێک جەختی کرد: "هەلومەرجی ئەو ناوچانە تەواو جێگرە و هێزەکانی پارێزەری ئاشتی لە پێناو سەقامگیری و پێشگری لە هەر جۆرە کەڵک‌ئاوەژووییەک کە ئاژاوەی لێ بکەوێتەوە، گەشتەکانیان لە درێژایی کەرتی شین لە پەنای هێزە چەکدارییەکانی لوبنان پەرە پێداوە. ستفان دیک کۆل فەرماندەی گشتیی هێزەکانی یۆنیفیل پەیوەندییەکی تۆکمەی لە گەڵ هەموو هێزی چەکداریی لوبنان و سوپای ئیسرائیل هەیە و داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات کە دان بە خودا بگرن. یۆنیفیل بە شێوەی شەوورۆژی ئاگاداری کەرتی شینە و هەر جۆرە پێشێل کارییەک لە بڕیارنامەی ١٧٠١ی ئەنجومەنی ئاسایش بەو ئەنجومەنە ڕادەگەیێنێت".

هەروەها میشێل عەون سەرۆک کۆماری لوبنان لە پەیوەندیگەلێک لە گەڵ نەبیە بەڕی سەرۆکی پەرلەمان، سەعد حەریری سەرۆک وەزیرانی ڕاسپاردەی پێکهێنانی کابینە و جۆزێف عەون فەرماندەی سوپای لوبنان وێرای هەڵسەنگاندنی دۆخەکە، ڕەهەندگەلی ئۆپەراسیۆنی زایۆنییەکانی لێکدایەوە و داوای لە هێزە ئەمنییەکانی لوبنان کرد کە وردبینانە چاویان بە سەر دۆخەکەوە بێت و پێوشوێنی بگرن.

ئەوە لە کاتێکدایە کە جان بۆڵتۆن ڕاوێژکاری ئەمنی نیشتمانی کۆشکی سپی ئەمڕۆ سێ‌شەممە لە لێدوانێکی دزێوانەدا بەرگری کرد لە ئۆپەراسیۆنی ڕژیمی داگیرکاری قودس لە دژی تونێلگەلی حزبوڵڵای لوبنان لە نزیکی سنوورەکان فەلەستینی داگیرکراو.

پاڵپشتیی کوشکی سپی لە ڕژیمی ناسەقامگیری رۆژهەڵاتی ناڤین

ڕاوێژکاری ئەمنی نیشتمانی کۆشکی سپی لە پەیامێکی تویتەریدا سەبارەت بە جموجۆڵی زایۆنییەکان نووسی: پاڵپشتیی هەمەلایەنەم لە هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ بەرگری لە خۆی ڕادەگەیێنم. داوا لە حزبوڵڵاش دەکەم کۆتایی بێنێت بە ڕەوتی تونێل سازیی لە ناو خاکی ئیسرائیل.

جان بۆڵتۆن لەو پەیامەدا ئیدعای کرد: هەروەها داوا لە ئێران و دەست‌پەیوەندەکانی دەکەم کە هەنگاوە دەنەدەرانەکانی لە ناوچەدا کە هەڕەشەیە لە سەر ئیسرائیل بوەستێنێت.

لێکدانەوەی ئامانجگەلی جموجۆڵی سەربازیی زایۆنییەکان لە سنوورەکانی لوبنان

بەڵام بە ئاوردانەوەیەک لە جموجۆڵی سەربازیی زایۆنییەکان دەکرێت بڵێین ئۆپەراسیۆنی ئەمڕۆی ئیسرائیل گۆڕانکارییەکی نوێ و ڕاچڵەکێنەر لە سونگەی سەربازی و ئەمنی نییە، چونکە هەڵمەتە سەربازییەکانی ڕژیمی زایۆنی لە هێڵی بەرەوڕوویی لەو سەرزەوینانەی کە داگیری کردووە، هیچکات نەوەستاوە و لە غەزەدا بەردەوام بە دوای دۆزینەوەی تونێلەکانە و لە باشووری سووریاشدا جموجۆڵەکانی لە گوڵانی داگیرکراوەدا درێژەی هەیە. ئەوان بەردەوامن لە درێژەدان بە هەڵمەتەکانیان بە جیهازات و کەرەسەی پێشکەوتوو.

بەڵام ئەوەی لێرەدا سەرنج ڕاکێشە، پێگەی ناوخۆیی نەتانیاهۆیە کە تووشی قەیرانێکی قووڵ هاتووە؛ یەکەم لە سونگەی پاشهاتی گۆڕینی ڕیسای پێکدادانەکان و دۆخی کابینەی پاش دەست لە کارکێشانەوەی وەزیری شەڕی ئەو ڕژیمە و دووهەم لە سونگەی ئەو تۆمەتانەی کە دژی نەتانیاهۆ و هاوسەرەکەی سەبارەت بە گەندەڵی و کەڵک‌ئاوەژوویی لە دەسەڵات و ئەگەری دادگایی کرانی لە ئارادایە.  

خاڵی دیکەی بەرچاوی ئەو دۆخە هەلومەرجی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بە تایبەت لە دوای گەمارۆکان لە دژی ئێران و شکستی پڕۆژەی گەمارۆی ئێران و بێ ئاکامبوونی هەوڵەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەیە.

ڕژیمی زایۆنی لە مەترسیداربوونی گۆڕینی ڕیسای پێکدادانی لە گەڵ هێزی بەرخۆدانی غەزە و پەیوەندیی ئەو هێزە بە لوبنان و سووریا ئاگادارە و دەزانێ کە لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ ئەو سێ لایەنە پێکەوە پەیوەستن.

حزبوڵلا بەردەوام ئامادەیی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر جۆرە سەربزێوییەکی ڕژیمی زایۆنی ڕاگەیاندووە. ئەوە لە کاتێکدایە کە حزبوڵڵا هەم توانای ستراتژیکی هەیە ئاوەها کە هاوکێشەی پێشگریی کامڵ و پێشگریی لە بەرامبەر دوژمندا ساز داوە و هەمیش لەم دواییەدا بە بڵاوکردنەوەی ئامانجگەلی ستراتژیکی لە ناوخۆی فەلەستینی داگیرکراودا نیشانی دا کە وردبینانە چاوی بە سەر دۆخەکەیە.  

ڕژیمی زایۆنی پێویستی بە داپەڕگەلێکە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی بەرەی ناوخۆیی و هەوڵ دەدا وا نیشان بدا کە هێشتا دۆخەکەی لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە، بە تایبەت پاش ئەو ستراتژییەی کە دیمەشقە گرتوویەتییە بەر و گرووپگەلی بەرخۆدان لە غەزەدا توانستی خۆیان نمایش دا و ئێران و حزبوڵڵا لە شەڕی ئابووریی ئەمریکا و هەندێک لە وڵاتانی کەنداوی فارس خۆڕاگرییان نیشان دا.

ڕوانگەی کارناسی

"ڕەفعەت بەدەوی" شرۆڤەکاری لوبنانی لە لێدوانێک بۆ "النشره" وتی: "هاواری دوژمنی زایۆنی هاواری لایەنەکە کە لە ترس و دڵەڕاوکەدایە و کەرەسەی بانگەشەیی و میدیایی بۆ بە چەواشەبردنی ڕای گشتی بۆ هیچ لایەک گرینگ نییە. ئەوی سەر لە بەیانی ئەوڕۆ لە ئۆپەراسیۆنی هەڵکەندن و پشکنین لە باکووری فەلەستینی داگیرکراو لە بەرامبەر ناوچەی کەفرکەلای لوبناندا ئەنجامی دا و ئیدعای دۆزینەوەی تونێلی هاوپەیوەند بە لوبنانی بۆ دەکرد، بە ئامانجی بە لارێدا بردنی ڕای گشتیی ناوخۆی ئیسرائیل و بە چەواشە بردنی ڕوانگەی ناوخۆیی ئیسرائیل لەو قەیرانانەیە کە بەرەی ناوخۆیی ئەو ڕژیمە بە سەربازی و سیاسیی تێوەی گلاوە، ئەنجام دەدرێت".

وتیشی: "ئیسرائیل دەیەوێ ئەو پەیامە بە گوێی رۆژئاوا و ئەمریکا بگەیێنێت کە لە باکووری فەلەستینی داگیرکراو و لوبنانەوە واتە لە لایەنی حزبوڵڵاوە بەرەوڕووی مەترسییە. خۆڕاگریی قارەمان و دڵیرانەی لوبنان لە بەرامبەر دوژمنی زایۆنی لە زۆربەی کاتەکاندا بە ئاشکرا و سەرکەوتووانە بووە و لەو ڕووەوە پێویست بەوە ناکات کە لە تونێلەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی دوژمن بەهرە ببات؛ بەرەنگاربوونەوە لە سەر زەویی ڕوون و لە کاتێکدا کە ئاڵای بەرخۆدان‌یان بۆ هەڵکردنی لە ناو خاکی داگیرکراو بە دەستەوەیە، پلانی هەمیشەیی بەرەی بەرخۆدان بووە".

ئەو شرۆڤەکارە لوبنانییە ڕاشیگەیاند: ئیسرائیل لە لایەکەوە بە هۆی لاوازبوونی سوپاکەی و لە لایەکی کەوە بە هۆی ئیرادە و جەربەزەی بەرەنگاربوونەوەی لە بەرامبەر بەرەی بەرخۆدان، ڕووی لەو هەڵوێست و پەیامە کردووە.

بێ شک ئامانج لە جموجۆڵی سەربازیی ڕژیمی زایۆنی لە لایەکەوە تێپەڕبوون لەو قەیرانەیە کە لە بەرەی ناوخۆییدا تووشی هاتووە و لە لایەکی دیکەوە داپۆشینی ئەو شکستە بەردەوامانەیە کە لە بەرامبەر گرووپگەلی بەرخۆدانی فەلەستین و سووریا خواردوویەتی. هەڵبەت بەو پێیەی ڕژیمی زایۆنی بەردەوام هۆکاری ناسەقامگیری ناوچە بووە، پێدەچێت کە بە چرا سەوزی ئەمریکا دەستی دابێتە جموجۆڵی سەربازی بۆ تێکدانی دۆخی ناوچەکە. بەڵام بە ئاوردانەوە لە توانستی باڵای بەرخۆدانی لوبنان و ئەوەی کە سەید حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا جەختی لە وەڵامی یەکلاکەرەوە داوەتەوە، مەحاڵە بوێرێت دەست بداتە کاری گەمژانە، چونکە ئاگاداری پاشهاتی وێرانگەریەتی.

News Code 23468

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 4 + 0 =