بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ئەنجومەنی خوێندکارانی عێراقی لە ئێران رۆژی ڕابردوو (چوارشەممە) کۆڕبەندی ساڵانەی خۆیان بە دروشمی "عراقة وطن" لە زانکۆی تاران بەڕێوە برد و لە میانەی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە پەیامی باڵوێزی عێراق لە ئێران خوێندرایەوە.
باڵوێزی عێراق لە پەیامەکەیدا وێرای نرخاندنی ڕۆڵی خوێندکارانی عێراقی لە بوارەکانی زانستی و فەرهەنگی، ڕایگەیاند کە کاروباری هاوپەیوەند بە خوێندکارانی عێراقی لە لایەن باڵوێزخانەی عێراق و خودی باڵوێز پێوشوێن دەگیردرێت و بەهای پێ دەدرێت.
لە درێژەدا حوجەتولئیسلام سەید عەلی تاڵەقانی لە مامۆستایانی گەنجی عێراقی وێرای دەستخۆشی لە بەرپرسانی زانکۆی تاران بۆ هاوکاریان لە بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی "خوێندکاری عێراقی و ڕۆڵی لە گەشەی فەرهەنگیدا" وتی: ئەوڕۆ هەوڵەکان بۆ تەریکخستنی کۆماری ئیسلامی ئێران و عێراق لە ئاستی وڵاتانی جیهانی ئیسلام و وڵاتانی جیهانی عەرەب پرسێکی جێی نیگەرانییە و خوێندکاران دەبێ دژی ئەو داپەڕانە، هەڵاواردنی ڕەگەزی، توندئاژۆیی و ڕادیکاڵیزم هەڵوێست بگرن و لە ڕەهەندی بووژانەوەی مرۆڤایەتیدا هەنگاو بنێن.
شایانی باسە، لەو کۆڕبەندەدا تۆڕە جۆراوجۆرە فەرهەنگی و زانستییەکانی عێراق بە ئامادەبووان ناسێندرا و چەندین گرتەی ڤیدئۆیی سەبارەت بە چالاکیی خوێندکارانی عێراقی لە ئێران، مێژووی فەرهەنگ و شارستانییەتی عێراق، سەربەخۆیی ئەو وڵاتە و پەیوەندییە مێژووییەکانی گەلی عێراق و ئێران نمایش درا.
Your Comment