مامۆستا مستەفا شێرزادی لە لێدوانێکدا بۆ هەواڵنێری ئاژانسی مێهر وێرای سەرەخۆشی و هاوخەمی دەربڕین بۆ شەهیدبوونی دوو هێزی بەسیجی لە ناوچەی هەورامان، ڕایگەیاند: دژە شۆڕشان بە ئامانجی نائەمن کردنی پارێزگای کوردستان دەست دەدەنە هێرشی تیرۆریستی، بەڵام دووکەڵی ئەو نائەمن کردنە دەچێتە چاوی خەڵکی چەوساوەی ناوچەکە.
ناوبراو وتیشی: کەسانێک کە پاگەندەی بەرگری لە خەڵکی دەکەن، خەریکن لە دژی ئاسایش و ئاسوودەیی خەڵکی ناوچە دەجووڵێنەوە و بە بڕوای ئێمە ئەو جۆرە هەڵمەتە تیرۆریستیانە شکست دەهێنن و تێکدەشکێندرێن.
پێشنوێژی هەینی مەریوان ڕاشیگەیاند: نائەمن بوونی ناوچەکە بە هیچ چەشنێک لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان نییە و بە داخەوە ئەو جۆرە هەڵمەتانە ئاستەنگێکن لە بەردەم گەشەی ناوچەکە. هەر بۆتە هەموو دەبێ پێکەوە بەرەنگاری ئەو هێرش و هەڵمەتە تیرۆریستیانە بین.
مامۆستا شێرزادی بە ئاماژە بە پێداگریی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە گرینگیی ئاسایشی سەقامگیر لە کۆمەڵگادا، جەختی کرد: کاتێک ئاسایش بوونی نەبێ، هیچ هەنگاوێک بۆ گەشەسەندنی کۆمەڵگا هەڵناگیرێت و لەو پێناوەدا بوونی ئاسایش گرینگترین و سەرەکیترین ژێرخانی گەشەی پاوەجێ لە کۆمەڵگایە.
ناوبراو وێرای نرخاندنی پێگە و ڕۆڵی هێزەکانی ئەمنی و سەربازی بۆ پاراستنی شۆڕشی ئیسلامی، وتی: پاراستنی ئاسایش و ئاسوودەیی پارێزگای کوردستان لە ئەرکە سەرەکییەکانی سەر شانی هەموومانە و دەبێ دەستی ئەو کەسانە لە پێناو ئەو مەبەستە گرینگە تێدەکۆشن، ماچ بکەین.
پێشنوێژی هەینی لە کۆتاییشدا وێرای ئیدانە کردنی هێرشی دژە شۆڕشان بۆ سەر هێزەکانی ئەمنی و سەربازی لە سنوورەکانی پارێزگای کوردستان، بیری هێنایەوە: پاراستنی ئاسایش و ئاسوودەیی لە پارێزگای کوردستان هێشتاش پێویستی بە لەخۆبۆردوویی و شەهیدبوونە و ئێمە هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە تا ئێستا شەهیدانێکی زۆرمان پێشکەشی شۆڕشی ئیسلامی کردووە.
شایانی باسە رۆژی پێنجشەممە بە هۆی هێرشی تیرۆریستیی دژە شۆڕشان دوو هێزی بەسیجیی خەڵکی گوندی ژیواری سەر بە شاری سەوڵاوا لە پارێزگای کوردستان شەهید کران و تەرمی ئەو دوو شەهیدە بەرزە نیوەڕۆی رۆژی هەینی و لە شاری سەوڵاوا بەڕێ کرا و لە گوندی ژیوار ئەسپاردە کران.
Your Comment