AP ١٤٠٤ گەلاوێژ ١٠ ٠٧:٤٨

بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی ڕاگەیاندنی غەزە بۆ مێهر:

دۆخی غەزە کارەساتبارە؛ زایۆنییەکان بە ئانقەست تەقە لە برسییەکان دەکەن

دۆخی غەزە کارەساتبارە؛ زایۆنییەکان بە ئانقەست تەقە لە برسییەکان دەکەن

بەڕێوەبەریی گشتیی نووسینگەی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی لە کەرتی غەزە وێڕای ئاماژە بە ڕەهەندە مرۆییەکانی ئەو کەرتە، هەوڵی ڕۆژنامەنووسانی ئێرانی بۆ گەیاندنی دەنگی ڕاستگۆیانە بە جیهان نرخاند و خوازیاری درێژەدانیان بەو هەوڵە بوو.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: دوکتۆر ئیسماعیل سەوابەتە، بەڕیوەبەریی گشتیی نووسینگەی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی لە کەرتی غەزە لە لێدوانێک بۆ هەواڵنێری مێهر، سەبارەت بە هەلومەرجی دابین‌کرانی خۆراکی خەڵکی فەلەستین و هەلی گەیاندنی یارمەتیە مرۆڤدۆستانەکان بۆ ناو خاكی غەزە، وتی: دۆخی مرۆیی کەرتی غەزە کارەساتبارە و زیاتر لە 2 ملیۆن و چوارسەد هەزار کەس لە ئەنجامی شەڕی کۆمەڵکوژی، گەمارۆی تۆقێنەر و پێشگری لە گەیشتنی خۆراک و دەرمان لە دۆخێکی دڵتەزێن و کارەساتباردا دەژین و چەندین مانگە کە هیچ جۆرە یارمەتییەکی مرۆیی نەگەیشتۆتە غەزە و خۆراکیش تەنیا کەم و هەڵبەت کوێرکوێرانە و لە ڕیگەی میکانیزمی و گۆمان‌لێکراووە دەگات.

وتیشی: خەڵکی ئێمە زۆر برسین و بەدبژێوی لە نێوان منداڵان، ژنان و بەساڵاچوواندا تەشەنەی سەندووە. کەرتی تەندروستیش لە دۆخی داڕمانی یەکجارییە و هیچ جۆرە دەرمان، جیهازات و سووتەمەنییەک بۆ وەڕێخستنەوەی ژێنراتۆرەکان نییە و ئێمە ڕۆژانە بە هۆی نەبوونی جیهازات و پێڕاگەیشتنی پێویستی پزیشکی، ژمارێکی زۆری مردن و نەخۆشی و برینداری تۆمار دەکەین.

دوکتۆر سەوابەتە لەبارەی کرانە ئامانجی ڕاستەوخۆی خەڵکی برسیی غەزە لە کاتی دابەشکرانی یارمەتییە مرۆییەکان لە لایەن سەربازانی زایۆنی، ڕوونی کردەوە: ئەمکارە یەکێکە لە دڵڕەقانەترین جەنایەتی مومکینی دوژمنانی زایۆنی کە بە ئانقەست تەقە لە خەڵکی مەدەنی و برسی دەکەن و تا ئێستا 1240 کەسی مەدەنی لەکاتی دابەشکرانی خۆراکەکاندا، کراونەتە ئامانج و شەهید بوون. ئەم ڕەشکوژییە بەئانقەستە گەلێ جار بە بەر دووربین و کامیراکانەوە ئەنجام دەدرێ، کەچی هەر هەمیسان کۆمەڵگای نێودەوڵەتی چاویان قووچاندووە و هەمبەر بەو جەنایەتانە بێدەنگن. ئەوە لە کاتێکدایە کە بڕیاربوو ئۆردووگاکان لە ژێر چاودێریی یاسای نێودەولەتیدا و بە تایبەت ئەمریکادا بێت.

بەڕیوەبەریی گشتیی نووسینگەی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی لە کەرتی غەزە سەبارەت بە دۆخی هەواڵنێران لە غەزەدا و ئاستەنگەکانی بەردەم ئەوان، ڕایگەیاند: هەواڵنێرانیش لە غەزەدا لە دڵی جەهانمدا دەژین و لە دوای دەسپێکی شەڕی کۆمەڵکوژانەی ڕژیمی زایۆنی لە دژی ئەو کەرتە، زیاتر لە 232 ڕۆژنامەنووسی فەلەستینی شەهید بوونە، کە دوژمن بە ئانقەست کردوونیەتە ئامانج. هەواڵنێران و ڕۆژنامەنووسانێکیش کە زیندوو ماون، بەرەوڕووی قەیرانی نەخۆشی و برسێتییە و هیچ جیهازاتێک و شوێنێکی هێمن بۆ ئەوانیش بوونی نییە و بەوەشەوە کۆڵیان نەداوە و بەردەوامن لە ڕاپەڕاندنی ڕاسپاردەی مرۆڤدۆستانەیان.

ناوبراو لە درێژەدا ڕوانییە پرسی پاپۆرەکانی مادلین و حەنزەلە کە بڕیاربوو یارمەتی مرۆڤدۆستانە بگەیێننە غەزە و لە لایەن ڕژیمی زایۆنییە دەستیان بەسەردا گیراوە و جەختی کرد: ئێمە لە نزیکەوە جووڵەی پاپۆرە هێماییەکانی مادلین و حەنزەلەمان پێوشوێن گرتووە و دڵیریی بەشداربووانی ئەو جووڵەمان لە هەر گەل و نەتەوەیەک بێت، نرخاندووە. ئەمان ئەگەرچی دەیانزانی ئاسایشی گیانیان نابێت و دەکەونە بەر شاڵاوی هێرشی زایۆنییەکان، بەڵام گوێیان دایە دەنگی ویژدانیان و لە دژی گەمارۆ، برسیطی و کۆمەڵکوژیی غەزە ڕاپەڕین و ئەمە بۆ خەڵکی فەلەستین جێی خۆشحاڵییە کاتێ دەبینن کە لە جی جێی جیهان، خەڵکانی ئازادیخواز هەن و لە پشتیان وەستاون.

دوکتۆر سەوابەتە لەبارەی ستراتژیی ڕژیمی زایۆنی لە گەمارۆدانی غەزە و داخستنی یارمەتیی مرۆڤدۆستانە و قاتی و برسێتی دان بەو خەڵکە، وتی: ڕژیمی زایۆنی لەو جەنایەتەی وەک چەکێکی جەنگی کەڵک وەردەگرێت بۆ تەسلیم‌کردنی خەڵکی فەلەستین و تێکشکاندنیان و بەو پێیە ئیسرائیل تووشی جەنایەتی کۆمەڵکوژییەکی بەتەواو مانا هاتووە. ئامانجی دوژمن، تێکشکاندنی ورەی خەڵکی فەلەسیتین، تێکشکاندنی بەرخۆدان و قەڵاچۆکردنی غەزە لە خەڵکەکەی لە ڕێگەی ئاوارەییە.

بەڕیوەبەریی گشتیی نووسینگەی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی لە کەرتی غەزە لە کۆتاییدا هەوڵی ڕۆژنامەنووسانی ئێرانی بۆ گەیاندنی دەنگی ڕاستگۆیانە بە جیهان نرخاند و خوازیاری درێژەدانیان بەو هەوڵە بوو.

News ID 56214

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha