یاریی نوێی تورکیا بە کارتی ئێران

تورکیا لە میانەی ناکۆکییەکانی خۆی لە گەڵ ئەمریکا بۆ کڕینی سیستەمی ئاسمانیی ئێس ٤٠٠ لە ڕووسیا و کاریگەریی لە سەر گرێبەستی وەرگرتنی ئێف ٣٥ لە واشنتۆن، کارتێکی نوێی بۆ گوشار خستنە سەر ئەمریکا دۆزیوەتەوە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی – عەبدولحەمید بەیاتی: تورکیا ماوەیەکە بۆ کڕینی سیستەمی ئێس ٤٠٠ لە ڕووسیا لە گەڵ ئەمریکا تووشی ناکۆکی هاتووە واشنتۆن هەڵوێستێکی توندی هەمبەر بە فرۆشی ئەو سیستەمە مووشەکییە بە ئەنقەرە گرتۆتە بەر.

بە ئاوردانەوە لە پەیوەندییە سەربازییەکانی ئەمریکا و تورکیا و کەڵک وەرگرتنی سەربازانی ئەمریکی لە بنکەی ئینجرلیکی تورکیا، واشنتۆن نیگەرانە کە دانوستانی سەربازیی ڕووسیا لە گەڵ ئەنقەرە، ڕێخۆشکەر بێت بۆ زاڵبوونی ڕووسیا بە سەر نهێنییە سەربازییەکانی ئەمریکا و بەو هۆیە دژی کڕینی سیستەمی ئاسمانیی ئێس ٤٠٠ ڕووسی لە لایەن تورکیاوەیە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، لە نوێترین ململانێ بۆ کڕینی ئێس ٤٠٠ ڕووسی لە لایەن تورکیاوە، ئەمریکا هەڕەشەی کردووە کە لە ئەگەری یەکلابوونەوەی ڕێککەوتنی فرۆشی ئەو سیستەمە مووشەکییە بە تورکیا، ئەمریکا بە پرسی فرۆکە جەنگییەکانی ئێف ٣٥دا دێتەوە و خۆدەبوێرێت لە ڕادەست کردنی ئەو فرۆکانە بە تورکیا. ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەنقەرە لە ماوەی حەوتەی ڕابردوودا یەکەمین وەجبەی ئێف ٣٥ی لە ئەمریکا وەرگرتووە.

لەوبارەیەوە حامی ئاکسۆی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا سەبارەت بە خۆبواردنی شیمانەیی ئەمریکا لە ڕادەست کردنی فرۆکە جەنگییەکانی ئێف ٣٥ هۆشداری دا و وتی: تورکیا تەواو بەڵێنییەکانی خۆی بۆ کڕینی ئەو فرۆکانە ڕاپەڕاندووە و ئەرکی لایەنەکان لە گرێبەستی واژۆکراودا بە وردی دیاری کراوە و چاوەروانین کە لایەنەکان بەش بە حاڵی خۆیان پابەندی بەڵینەکانیان بن.

تورکیا تا چەند رۆژ لەوە پێش بۆ ئەوەی گوشار بخاتە سەر ئەمریکا، ئیدعای کڕینی فرۆکە جەنگییەکانی سۆخۆی دەکرد، بەڵام لەو کاتەوەی کە ڕاگەیێندراوە ئەمریکا داوای لە کڕیارانی نەوتی ئێران کردووە کە وردە وردە تا مانگی گەڵاڕێژانی ئەمساڵی هەتاوی کڕینی نەوتیان لە ئێران بگەیێنە ئاستی سیفر، ئەنقەرە کارتێکی نوێی بۆ یاریی لە گەڵ ئەمریکا بە دەست هێنا.

لەوبارەیەوە مەولوود چاوش ئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کاردانەوە بە داواکاریی بەرپرسانی ئەمریکی بۆ وەستاندنی هاوردەی نەوتیان لە ئێران، ڕایگەیاند کە ئەنقەرە درێژە بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی خۆی لە گەڵ ئێران دەدات.

ناوبراو وتیشی: ئەگەر بڕیارگەلی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە پێناو چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری بێت، ئێمە پاڵپشتیان لێ دەکەین، بەڵام ناچار نین پێڕەوی لە تەواو بڕیارەکانیان بکەین. مانای یەکگرتوویی ئەوە نییە کە بڕیارەکانیان یەک بە یەک جێبەجێ بکەین. ئێران دراوسێیەکی باشە و ئێمە پێکەوە پەیوەندیی بازرگانیمان هەیە. ئێمە تەنیا بەو هۆیەی کە وڵاتێکی دیکە وا دەڵێت، پەیوەندیی بازرگانیمان لە گەڵ ئێران داناخەین.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی ڕێکخستنی بازاڕی وزەی تورکیا لە سێ مانگی یەکەمی ٢٠١٨ تورکیا زایاتر لە نیوەی نەوتی خاوی پێویستی خۆی لە رێگەی ئێرانەوە دابین کردووە. ڕێکخراوی ڕیکخستنی بازاڕی وزەی تورکیا ڕایگەیاندووە کە ئاستی هاوردەی نەوتی تورکیا لە سێ مانگی یەکەمی ٢٠١٨ی زایینی بە بەراوەرد لە گەڵ ماوەی هاوشێوەی لە ساڵی ڕابردوو نزیکەی لە سەدا ١٠ دابەزیوە و گەیشتۆتە ٨ ملیۆن و ٤٤٤ هەزار تۆن. ئەو ڕێکخراوە ڕاشیگەیاندووە کە لە سەدا ٥٠ی کۆی هاوردەی نەوتی خاوی تورکیا لەو ماوەیە لە رێگەی ئێرانەوە ئەنجام دراوە.

نیهاد زیبەکچی وەزیری ئابووریی تورکیاش بە ئاماژە بە داخوازیی ئەمریکا بۆ وەستاندنی کڕیاریی نەوت لە ئێران تا کۆتایی مانگی نوامبێری داهاتوو، ئەو داخوازییەی نازەرووری وەسف کرد و وتی: ئەگەر بڕیارنامە و گەمارۆیەک لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دژی ئێران پەسند بکرێت، ئەنقەرە پێڕەوی لێ دەکات. تورکیا تەنیا بەها بە بەرژەوەندییەکانی خۆی دەدات.

تورکیا لە گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکاندا نیشانی داوە کە هەرکات بەرژەوەندیی ئەنقەرە بێتە ئاراوە، ئامادەی وەرسووڕانی ١٨٠ دەرەجە لە هەڵوێستەکانی خۆیەتی و پێدەچێت کە پرسی کڕینی نەوت لە ئێران و پەیوەندییە بازرگانییەکانی لە گەڵ تاران، کارتی نوێی ئەنقەرە بۆ ڕازی کردنی ئەمریکا لە جێبەجێ کردنی بەڵێنییەکانی خۆی لانی کەم لە بابەتی فرۆکە جەنگییەکانی ئێف ٣٥ـه.

تورکیا لە ئێستادا خەریکی مامەڵە لە گەڵ ئەمریکا لە بابەتی شاری مەنبەجی سووریایە و لە حەوتەکانی ڕابردوودا لەوبارەیەوە ڕێککەوتنگەلێک مسۆگەر بووە.

سەبارەت بە وەرسووڕانە لە ناکاوەکانی تورکیا لە ڕەوتە نێودەوڵەتییەکاندا، پرسی سووریا و قەیرانی ئەو وڵاتە نموونەیەکی بەرچاوە. سەبارەت بە ئێران-یش تورکیا بەر لە بەرجام بە شێوەیەک دەجووڵایەوە کە بتوانی لە گەمارۆکانی رۆژئاوا لە دژی ئێران بە سوودی خۆی بەهرە ببات و سەبارەت بە دەوردانەوەی گەمارۆکان-یش هەواڵگەلێک سەبارەت بە هاوکاریی هاووڵاتیان و بانکەکانی تورکیا لە گەڵ لایەنە ئێرانییەکان بڵاو بۆتەوە، هەر بۆیە ناکرێت زۆر بڕوا بە لێدوانەکانی ئەم دواییەی بەرپرسانی تورکیا سەبارەت بە درێژەی پەیوەندیی بازرگانی لە گەڵ تاران بکەین، چونکە ئەوی ڕاست بێت ئەنقەرە لە پلەی یەکەمدا بە دوای دابین کردنی بەرژەوەندییەکانی تورکیایە و ئاست و چۆنیەتی پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە لە گەڵ ئەمریکاش بە چەشنێکە کە ناکرێت چاوەروانی ئەوە لە ئەنقەرە بکرێت کە ڕاستگۆیانە لە پەنای ئێران بێت.

News Code 19911

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 6 + 3 =