به ڕاپۆرتی ئاژانسی ههواڵی مێهر له ئێن ئارتی، بە پێچەوانەى پێشبینییەکانەوە بۆ کەمبوونەوەى ژمارەى ئاوارەکانى هەرێم لە دواى ڕاگەیاندنى کۆتایی هاتنى شەڕى داعشەوە لەلایەن عێراقەوە، ئامارەکانى حکومەتى هەرێم دەریدەخات کە ژمارەی ئاوارەکان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە زیادبووندایە.
بەپێی دوایین ئامار کە دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە هەرێم خستویەتیەڕوو، لە شەش مانگی ئەمساڵدا نزیکەى شەش هەزار ئاوارە و پەنابەر ڕوویان لە هەرێم کردووە، بەهۆی ململانێی تائیفی، بوونی میلیشیاکان و شانەی نوستووی گروپە چەکدارەکان کە وایکردووە ژمارەیەکی زۆر ئاوارە ڕوو لە هەرێم بکەن و ئەوانەش لێرەن نەگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان.
هەر بەپێی ئامارەکە، لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا ٥٩٢ کەس ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون کە زۆرینەیان لە موسڵەوە هاتوون، هەروەها لە مانگی یەکەوە تا ئەمڕۆ ئەو ژمارەیە گەشتووەتە ٥٩٨١ کەس.
بە وتەى دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، هاتنی بەلێشاوی ئەم ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەران وایکردووە کە ژمارەی دانیشتووانى هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی ٣٢% زیادبکات و بەمەش حکومەتی هەرێم کەوتووەتە ژێر باری ئەرکێکی قورسەوە بەتایبەتی لەڕووی ئابوورییەوە.
بەپێی ئامارەکان، لە ئێستادا زیاتر لە ملیۆنێک و سەد هەزار ئاوارە لە هەرێم هەیە کە پێکدێن لە عەرەب، کوردانی ئێزیدی، مەسیحی، کاکەیی، شەبەک و پێکهاتەکانی دیکە.
ئامارەکان دەریدەخەن، کە لە مانگی ئایاردا ٢٠٥٥ ئاوارە و پەنابەر بە خواستی خۆیان گەڕاونەتەوە.
بڕی تێچووی خەمڵێنراو بۆ دابينكردنى پێداويستی ئاوارەکان بەپێی وتەى دیندار زێبارى لە ساڵێکدا ملیارێک و ٩٨٨ ملیۆن دۆلارە.
ئەو ئاوارە و پەنابەرانەى لە ئێستادا لە هەرێمى کوردستان نیشتەجێبوون بەسەر ٣٩ کەمپدا دابەشکراون کە ٩ کەمپیان تایبەتن بە پەنابەران و ٣٠ کەمپیش بۆ ئاوارەکانە.
Your Comment