کاردانەوەی تورکیا بە ڤیتۆی بڕیارنامەی قودس لە لایەن ئەمریکاوە

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەبارەی بڕیارنامەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند: "ڤیتۆکردنی ئەم بڕیارە لەلایەن ئەمریکاوە، دووبارە ئەوەی دەرخستووە کە ئەو وڵاتە بێلایەنی خۆی لەدەستداوە".

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێرانەوە لە ئانادۆلو، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا وێرای ئیدانەکردنی ڤێتۆی پێشنووسی بڕیارنامەی پێشنیاریی میسر سەبارەت بە قودس لە لایەن ئەمریکاوە، بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند: "ڤیتۆکردنی ئەم بڕیارە دووبارە ئەوەی دەرخستووە کە ئەمریکا بێلایەنی خۆی لەدەستداوە".

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەو بەیاننامەیەدا جەختی لەوەش کردۆتەوە بڕیارەکەی ئەمریکا لەبارەی قودس ھیچ بنەمایەی یاسایی نییە و  بە نیگەرانییەوە پێشوازی لە بەکارھێنانی مافی ڤیتۆ لەوبارەیەوە دەکەن.

ئەمریکا لە کاتێکدا ئەو پێشنووسەی ڤێتۆ کرد کە ١٤ ئەندامی هەمیشەیی و ناهەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگی ئەرێنیان بەو پێشنووسە داوە.

لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیادا هاتووە: "ئەو بڕیارنامەیە بە ڕەچاوکرنی یاساکان و شەرعیەتی نێودەوڵەتی ئامادە کراوە کە بانگەوازی پابەندبوون بە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، ڤیتۆکردنی لە لایەن ئەمریکاوە دووبارە ئەوەی دەرخستووە کە ئەو وڵاتە بێلایەنی خۆی لەدەستداوە".

ئاماژە بەوەش دراوە: "تەنیابوونی ئەمریکا لە دەنگدانەکەدا نیشانەی ئەوەیە کە بڕیارەکەی قودس لە دەرەوەی یاساکانە. لە کارخستنی ئیدارەی گشتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بابەتێکی لەو جۆرە کە ڕەنگدانەوەی لەسەر ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بابەتی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە ھەیە، مایەی قبووڵکردن نییە".

ھەر لەو بەیاننامەیەدا داکۆکی لەوەش کراوە کە تورکیا ھەمیشە پاڵپشتی دەوڵەت و گەلی فەڵەستینە و لە گشت ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و بە تایبەت لە ئاستی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەردەوام دەبێت لە لە پشتیوانیکردنی بەرخودانی فەڵەستین.

شایانی باسە، عەمرۆ عەبدوللەتیف عەبدوعەتا نوێنەری هەمیشەیی میسر لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەر لە دەنگدان بە پێشنووسی پێشنیاریی ئەو وڵاتە لە ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بە پرسی قودس، لە وتەدانێکدا لەو ئەنجومەنە وێرای خستنەڕووی هۆکارەکانی ئەو هەنگاوە لە لایەن میسرەوە، جەختی لە زەروورەتی پێداچوونەوەی ئەمریکا بە بڕیاری ئەمدواییەی سەبارەت بە بە فەرمی ناسینی قودس وەک پایتەختی ڕژیمی زایۆنیدا کردەوە.

News Code 15367

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 1 + 1 =