وتەبێژی عەسائیبی ئەهلی حەق بۆ مێهر:

حەشدی شەعبی جێگرەوەی سوپای عێراق نییە

ناسەی هەواڵ: 4163386 -
وتەبێژی عەسائیبی ئەهلی حەق بە ڕاگەیاندنی ئەوەی کە حەشدی شەعبی جێگرەوەی سوپای عێراق نییە، جەختی لە زەروورەتی پاراستنی هێزی بەرگریی لە ناوچەدا کرد.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی- سومەیه خومارباقی: "ئیمانوئێل ماکرۆن" سەرۆک کۆماری فەڕەنسا لەم دواییەدا میوانداری "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بوو، ناوبراو لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی خۆی لە گەڵ بارزانی داوای لە عێراق کرد کە تەواو گرووپە چەکدارییەکانی ئەو وڵاتە و لەوان "حەشدی شەعبی" هەڵوەشێنێتەوە.

ئەو لێدوانەی سەرۆک کۆماری فەڕەنسا لە کاتێکدا دەخرێتەڕوو کە هێزەکانی حەشدی شەعبی بەشێکن لە هێزی چەکداریی یاسایی عێراق و لە ژێر چاوەدێریی "حەیدەر عەبادی" سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزی چەکداریی عێراقدان. هەر بەو بۆنەوە وتووێژێکمان لە گەڵ نەعیم عەبوودی وتەبێژی بزووتنەوەی "عەسائیبی ئەهلی حەق" ئەنجام داوە کە لە خوارەوە دەیخوێننەوە:

* ئیمانوئێل ماکرۆن لە دیداری لە گەڵ نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاندووە کە حەشدی شەعبی دەبێ هەڵوەشێتەوە، ئایا ئەو لێدوانە لە دژی سەروەریی نیشتمانی عێراق و دەستێوەردان لە کاروباری ئەو وڵاتەدا نییە؟

ـ هەندێک دەڵێن ئیمانوئێل ماکرۆن لە دیداری لە گەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ناوی حەشدی شەعبی نەهێناوە و ئەو ناوە تەنیا لە سەرچاوەگەلی کوردیدا بە کار هێنراوە و ڕاستەوخۆ وەرنەگێڕدراوەتەوە. بەڵام ئەگەر ناوبراو ناوی "حەشدی شەعبی" هێنابێت ئەوە ئەو لێدوانە بە مانای دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی عێراق دێت، چونکا ئەو گرووپە ڕێکخراوێکی فەرمییە لەم وڵاتەدا و پەرلەمانی عێراقیش یاسایی بوونەکەی سەلماندووە.

کەواتە هەرجۆرە دەستێوەردانێک لە کاروباری عێراق لە لایەن ئێمەوە قبووڵ ناکرێت و ئەوەی بە لای ئێمەوە گرینگە یاسا و ڕێساکانی عێراقییە. دەوڵەتی عێراق دەبێ هەمبەر بە دەستێوەردانگەلێکی لەو چەشنە کاردانەوە هەبێت. حەشدی شەعبی لە ئێستادا نوێنەری تەواو گەلی عێراقە و بە تایبەت پاش مسۆگەرکردنی سەرکەوتنەکانی ئەم دواییە لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش پێگەیەکی تایبەتیی لای خەڵکی بە دەست هێناوە. هەڵبەت لەمناوە ئەوەی کە گرووپێکی لەم چەشنە نوێنەرایەتیی تەواو پێکهاتەکانی عێراقی دەکات و تەنیا نوێنەری پێکهاتەیەکی تایبەتی نییە، دەستی باڵای بووە لە خۆشەویستیی "حەشدی شەعبی". ئێستاش تەواو عێراقییەکان لە سەر ئەوەدا هاودەنگن کە ئەم گرووپە هێزێکی پاڵپشتی نیشتمانی و پارێزەری بەرژەوەندییەگەلی نیشتمانییە.

دەوڵەتی عێراقیش لە ئێستادا خوازیاری مانەوەی حەشدی شەعبییە و هەر جۆرە لێدوانێک سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرووپە بە جۆرێک دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی عێراق دێتە ئەژمار.

هەرجۆرە لێدوانێک کە لە لایەن بیانییەکان سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی، دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی عێراقە و هیچ بایەخێکی نییە. ئەم گرووپە لە ئێستادا بۆتە دەسەڵاتێک لە بەرامبەر داگیرکەرانی جیهانی و دارودەستەکانیان و لەوان داعش. حەشدی شەعبی پێکهاتووە لە تەواو ئیتنیکگەلی عێراقی و لەوان کریستانییەکان، سوننە، شیعە و ... و جێگرەوەی سوپای عێراق نییە، بەڵکوو‌ تەواوکەری ئەو سوپایەیە و فەرماندەکان ئەو گرووپە پەیوەندی و هاوئاهەنگیی زۆریان لە گەڵ فەرماندە و هێزی چەکداریی عێراقدا هەیە.

* هۆی ناڕەزایەتیی ئیمانوئێل ماکرۆن و هاوپەیمانانی رۆژئاوایی لە حەشدی شەعبی چیە؟

ـ ئیمانوئێل ماکرۆن و و هاوپەیمانانی رۆژئاوایی ئەو باش دەزانن کە حەشدی شەعبی پیلانە جیهانییەکانی لە عێراقدا پووچەڵ کردووە. هەر وەک دەشزانن داعش دارەدەستی وڵاتانی رۆژئاوایی لە ناوچەیە و ئامانجی ئەو گرووپە دابەشکردنی عێراق و سووریایە.

ڕژیمی زایۆنی تەنیا کەسێک بوو کە لە دابەشکردنی جیهانی عەرەب و جیهانی ئیسلام بەهرەمەند دەبوو، بەڵام حەشدی شەعبی بە هاتنە مەیدانی شەڕی داعشەوە هەمووانی ڕاچڵەکاند و پیلانە رۆژئاواییەکانی بەرەوڕووی شکست و بێ ئاکامی کرد. بە تایبەت ئەوەی کە حەشدی شەعبی لە گرووپگەلی بەرخودانی وەک کەتائیبی حزبوڵلا پێکهاتووە و خاوەن لێهاتوویی و ئەزموونێکی باڵایە لە شەڕی مەیدانییە، ترسی خستۆتە دڵی ئەو ڕژیمەوە.

هەروەک دەزانن ئێمە ئێستا لە قۆناغی کۆتایی پاککردنەوەی عێراق لە داعش و ئازادکردنەوەی تەواو ناوچە جۆراوجۆرەکانین و بێ گومان ئەو ڕووداوە مایەی نیگەرانیی وڵاتانی رۆژئاوایی و داگیرکەران و پیلانچییەکان و ئاژاوەگێرانی ناو عێراقە.

* داهاتووی حەشدی شەعبی لە پێکهاتەی سەربازی و سیاسیی عێراقدا چۆن دەبێ؟

ـ حەشدی شەعبی ڕێکخراو و گرووپێکی سەربەخۆ و لە ژێر فەرمانی دەوڵەتی عێراقە و لە لایەن پەرلەمانی عێراق ئاوەڵناوەی یاسایی خراوتەپاڵ. لە ئێستادا هەموو خوازیاری ئەوەین کە حەشدی شەعبی وەک گرووپێکی ئەمنی و سەربازی بۆ پاراستنی وڵات وەک خۆی بمێنێتەوە. ئێمە خوازیاری جێبەجێ کرانی بڕگەی ٥ی یاسای حەشدی شەعبین کە تێیدا ئاماژە بە جیاکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان گرووپگەلی سیاسی و چەکداریی سەر بە ڕەوتە سیاسییەکان کراوە.

حەشدی شەعبی ڕێکخراوێکی سەربەخۆ دەمێنێتەوە و بە ئاوردانەوە لە گرفتەکانی بەردەم عێراق و ناوچە و ناسەقامگیری و نائاسایشییەکانی بەردەم، مانەوەی حەشدی شەعبی بۆ بەرەنگاربوونەوە لە گەڵ مەترسییەکان و پاراستنی هێزەکانی بەرگری دەبێ وەک زەروورەتێک هەڵسەنگێندرێت.

ناردنی بۆچوون

6 + 11 =