به ڕاپۆرتی ئاژانسی ههواڵی مێهر له ڕاگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێمی کوردستان ، بۆریس جۆنسن وەزیری دەرەوەی بریتانیا دوێنێ چوارشەممە 1ی سهرماوهز، له ڕێگای جۆن ویڵكس باڵوێزی بریتانیا لە عێراق نامەیەكی گەیاندووەتە نێچیرڤان بارزانی.
بەپێی راگەیەندراوەكە، بۆریس جۆنسن وەزیری دەرەوەی بریتانیا "دەستخۆشی لە هەوڵەكانی هەرێمی كوردستان كردووە بۆ هێوركردنەوەی گرژییەكان لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ، بەمەبەستی دەستپێكردنی گفتوگۆ بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان و دووپاتیكردووەتەوە بریتانیا بەهەمان ئاڕاستە لەسەر هەوڵەكانی بەردەوام دەبێت".
وەزیری دەرەوەی بریتانیا رایگەیاندووە که "هەوڵێكی جدی لە ئارادایە بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ بەمەبەستی چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی هەولێر و بەغدا، لەسەر بنەمای دەستوور، پشتگیریی بریتانیاشی بۆ سەرخستنی پڕۆسەی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان دەربڕیووە."
لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی دووپاتیكردووەتەوە: "هەرێمی كوردستان بەردەوام هەوڵیداوە ناكۆكییەكان لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەربكرێن."
داواشی كردووە دۆستانی هەرێمی كوردستان لە هەوڵی بەردەوامدابن بۆ زەمینەخۆشكردنی دیالۆگی نێوان هەولێر و بەغدا.
Your Comment