کاترین ئەشتۆن:

ترامپ سه‌لماندی ئەمریکا جێی بڕوا نییه‌

ناسەی هەواڵ: 4136893 -
بەرپرسی پێشووی سیاسەتی دەرەکیی یەکێتی ئەورووپا بە بڵاوکردنەوەی یادداشتێک ڕایگەیاند کە هەنگاوەکانی ترامپ، هەڵوێستی ئێران هەمبەر بە جێی متمانەنەبوونی ئەمریکای سەلماند.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، کاترین ئەشتۆن بەرپرسی پێشووی سیاسەتی دەرەکیی یەکێتی ئەورووپا لەو یادداشتەدا کە لە "پراسێکت"دا بڵاوی کردۆتەوە، دەڕوانێتە ناکۆکییە نوێیەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و دەنووسێت: زۆر بەر لەوەی کە دۆناڵد ترامپ ببێتە سەرۆکی ئەمریکا، رێبەرانی ئێران نیگەرانی ئەوە بوون کە ئەمریکا بەردەوام نەبێت بە بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی.

دەشڵێت: ئەوە لە کاتێکدایە کە لانی زۆری بەربژێرانی کۆماریخوازی سەرۆک کۆماریی ساڵی ۲۰۱۶ی ئەمریکا بەڵێنیان دەدا هەر جۆرە ڕێککەوتنێکی ناڤۆکی لە گەڵ ئێران هەڵوەشێننەوە.

ئەشتۆن لە درێژەدا ئاماژە دەداتە دیدارە هاوبەشەکانی لە گەڵ محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران و عەلی ئەکبەر ساڵحی سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران و دەشنووسێت: لەو دیدارانەدا باسمان لەوە کردووە کە ئەگەر خەڵکی ئەمریکا دەنگ بدەنە سەرۆک کۆمارێکی دژی ڕێککەوتنی ناڤۆکی، چ ڕوو دەدات؟ ئەمە پرسیارێک بوو کە لە کاتی دیداری من و "جان کری" وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا لە گەڵ تیمی ئێران خرایە ڕوو.

بە وتەی بەرپرسی پێشووی سیاسەتی دەرەکیی یەکێتی ئەورووپا وەڵامی لایەنی بەرامبەری ئێران بەو پرسیارە لە دوو بەش پێکهاتبوو کە بریتی بوون لە یەکەم، ڕێککەوتنێک بکرێت کە داواکارییەکانی بە ڕوونی تێدا باس کرابێت و لە لایەن ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی و ڕێکخراوە هاوپەیوەندەکانی دیکە جێی پەسند و ڕێزنان بێت و دووهەم، ڕێککەوتنەکە نەک دوو لایەنە، بەڵکوو بە ئامادەبوونی پێنج وڵاتی دیکەی خاوەن حوکمی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و نوێنەرانی باڵای یەکێتی ئەورووپا جێبەجێ بکرێت.

ناوبراو لە یادداشتەکەیدا ئاماژە بەوەش دەدات: لەمناوە پەیوەندیی بەردەوامی هەرکام لەو ٦ وڵاتە بۆ ئێمە بایەخێکی ئەوتۆی هەیە. پابەندبوونی ئەمریکا پێویست بوو، بەڵام تەواوکەرە نەبوو. ئەگەرچی جان کری دانوستانکارێکی باڵا بوو، بەڵام ئەو ڕێککەوتنە تەنیا بە ئەمریکا نەدەبەستراوە، لە هەرکام لە دانیشتنەکاندا ئیمە بەڵێنەکانی دانوستانیی خۆمان تاوتوێ دەکرد و لە ئەگەری پێویستیدا سەردانی پایتەختی وڵاتانی یەکترمان دەکرد. لە تەواو دانیشتنەکاندا ئەمریکا هەوڵی دەدا لایەنەکان بە وبووڵ کردنی بژێرەگەلێک لەو ڕێککەوتنە بکات کە بۆ ئەوان بە نیسبەتی ڕێککەوتنەکانی دیکە گرینگییەکی زیاتری هەبوو.

ئەشتۆن دەشڵێت: بەڕێوەچوونی دانوستانەکان لە کاتێکدا کە ٦ وڵات هەوڵی ڕێککەوتن لە سەر مژاری ئێرانیان دەدا و لە هەمان کاتدا لە پرسەکانی دیکەدا پێکەوە ناکۆک بوون، کارێکی ئاسان نەبوو. بەوەشەوە ئێمە توانیمان پێش بە دزەکردن و کاریگەریی ئەو ناکۆکیانە لە سەر ڕێککەوتنە بگرین. لەوەش دڵنیا بووین کە ئێران ناتوانێت ناکۆکی بخاتە نێوان ئێمەوە، بەڵام دڵنیاش بووین کە ئەوان دەتوانن پشت ببەستن بە پابەندبوونی ئێمە بە پێشنیارە ئاراستەکراوەکان لەو ڕێککەوتنە. کاتێک لە نوامبێری ۲۰۱۳ ڕێککەوتنێکی کاتی مسۆگەر بوو، ڕێککەوتنی کۆتایی لە ساڵی ۲۰۱۵ی بە دواوە بوو و هەموومان بە داهاتووی ڕێککەوتنەکە دڵخۆش بووین.

بەرپرسی پێشووی سیاسەتی دەرەکیی یەکێتی ئەورووپا سەبارەت بە ترسی چاودێران لە کشانەوەی ئەمریکا دوای هەڵبژاردرانی سەرۆک کۆمارێکی کۆماریخواز لە ساڵی ٢٠١٦دا دەشنووسێت: ڕێککەوتنێکی کارساز و رزگاریبەخش بەو ئاسانییە هەڵناوەشێتەوە. بەڵام بە هاتنە سەرکاری ترامپ سەرەڕای بەڵگە ئاشکراکانی پشکێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی سەبارەت بە پابەندبوونی ئێران بە بەڵێن و ڕێککەوتنەکان، ئەوە ترامپ بوو کە هەوڵی دا ڕێککەوتنەکە بگۆڕێت و هەڕەشەی ئەوەی کرد کە ئەگەر داواکارییەکانی لەوبارەدا جێبەجێ نەکرێت لەو ڕێککەوتنە دەچێتە دەرێ. ئەو هەڵوێستەی ئەمریکا لەمڕۆدا بە گشتی دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی کێشەگەلێکی گەورەتر لە بەردەم دیپلۆماسیی نێودەوڵەتی و بە تایبەت دیپلۆماسیی ئەمریکایی بەرەوڕووی گرفت دەکات.

ناوبراو لە درێژەدا جەخت لەوەش دەکاتەوە: تەواو لایەنەکانی هاوکاریی ئاڵۆزتر بوونەتەوە. وڵاتان و ئەکتەرانی نافەرمی دوای ئەو هەڵوێستەی ترامپ زیاتر بێر لە ڕێککەوتنیان لە گەڵ ئەمریکا دەکەنەوە. هەموو لایانەکان دەیانەوێ دڵنیا بن کە بەهرەمەندبوونی دوارۆژیان گرینگتر لە هەڤیازییەکانی ئەمڕۆیانە. بە بێ دڵنیابوون لە پاوەجێی درێژخایەنی ڕێککەوتنەکان، چیتر دیپلۆماسی شانسێکی زۆری نابێت.

دەشڵێت: دوا نیگەرانی خودی ئێرانە، دەنگەلێکی زۆر لە ناوخۆی ئەو وڵاتە دەبیسترێت کە داوا لە سەرۆک کۆمار ڕۆحانی دەکەن کە هەڵوێستی توندتر بگرێتە بەر. ئەوان دەڵێن کە ئەمریکا هیچکات جێی متمانە نەبووە و بیر لەوە دەکەنەوە کە ئێران دامەزراوەکانی خۆی دۆڕاندووە و پاشان خەیانەتیان پێ کراوە. ئەوە سەرۆک کۆمار ترامپە کە بۆتە هۆی پەرەسەندنی ئەو ڕوانگەیە و تەشەنەی پێداوە.

ئەشتۆن ئاماژە بەوەش دەدات: ئەگەرچی ڕێککەوتنی ئێران کامڵ نەبووە، بەڵام لە ڕوانگەی ئێرانەوە هەست بە دڵساردبوونەوەیەک لە بەشێکی گرینگیدا دەکرێت. ئەوە بەشەش وەک ئەنگێزەیەکی هاندەری ئەو وڵاتە بۆ ڕێککەوتن و پابەندبوونی چ نییە جیا لە تۆکمەبوونی بەشی ئابوورییەکەی. هەڵوەشانەوەی گەمارۆکان مۆڵەتی دەست گەیشتنی ئێران بە دارایی و گەشەی بازرگانی و سەرمایەدانەری دەدا، بەڵام لە بەرامبەردا زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە بە دوای سەرمایەدانەری لە ئێران بوون و یان هەوڵی مامەڵە لە گەڵ ئەو ولاتەیان دەدا، ئێستا پاشگەز بوونەتەوە و ئەوەش بە دڵنیاییەوە هەواڵگەلێکی ناخۆشە بۆ چینی میانەڕۆی ئێران.

بەرپرسی پێشووی سیاسەتی دەرەکیی یەکێتی ئەورووپا لە کۆتاییشدا ڕایگدەگەیێنێت: ئەو ڕووداوە بۆ خود ئەمریکاش هەواڵێکی ناخۆشە، چونکا ئیمکانی هەرجۆرە دانوستانێک لە گەڵ ئێران سەبارەت بە پرسە جێی نیگەرانییە ڕاستەقینەکان لە ناو دەبات. وەرن با هیودارا بین کە کۆنگریسی ئەمریکا دەنگ نەداتە داواکارییەکەی ترامپ و ئەو جۆرە ئەندێشەیەی ئەو هەوڵی بۆ دەدات.

ناردنی بۆچوون

1 + 7 =