بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سەعد مەعەن، بەرپرسی یەکەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق، تەواوبوونی سەرجەم ڕێوشوێن و ڕێکخستنەکانی پرسەی ڕێبەری شەهیدی ئێران لە کەربەلا و نەجەف ئەشرەفی ڕاگەیاند.
ناوبراو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ یوسف کەناوی پارێزگاری نەجەف ڕایگەیاند کە بە ئامادەبوونی شاندێکی فەرمی و شاندێکی باڵای ئێران پرسەی ڕێبەری شەهیدی ئێران لە فڕۆکەخانەی نەجەف بەڕێوە دەچێت.
مەعەن ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبوونەوەی بەردەوام بۆ چاودێریکردنی ئەو پلانانەی بۆ ئەنجامدانی مەراسیمی پرسە داڕێژراون، بە ئامادەبوونی سەرجەم یەکەکانی ڕێکخراوە ئەمنییەکان و فڕۆکەوانی ئەرتەش بەڕێوەدەچێت.
ڕوونیشیکردەوە، ڕێگای پرسە لە پردەکانی سەدرینەوە بۆ مەزارگەی عەلاوی 6 کیلۆمەتر دەبێت، هەروەها 351 کاروانی حوسێنیش بەشداری مەراسیمەکە دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، زیاتر لە ٦٠٠ ڕۆژنامەنووسی عەرەب و بیانی بەشداری پرسەکە دەکەن. هەروەها زیاتر لە سێ هەزار چالاکی میدیایی عێراقی و عەرەبی و بیانی ڕووماڵی پرسەکە دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەیەکی باڵا لەگەڵ چەند لیژنەیەکی لاوەکی پێکهێنراوە بۆ سەرپەرشتیکردنی ئامادەکارییەکان بۆ پرسەی ڕێبەری ئێران و سەرجەم ئامادەکارییە پێویستەکان بۆ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە تەواو بووە.
ڕوونیشی کردەوە، ڕێڕەوی پرسەی ئایەتوڵای شەهید سەید عەلی خامنەیی لە شاری کەربەلا 5.8 کیلۆمەتر درێژ دەبێت و بە گشتی 751 کاروان لە نەجەف ئەشرەف و کەربەلا بەشداری مەراسیمەکە دەکەن و لەوانەیە ئەم ژمارەیەش زیاتر بێت.
ناوبراو لە درێژەدا ڕایگەیاند، دوو هەزار و ٥٠٠ کامێرا و ٢٣ ناوەندی پەخشی ڕاستەوخۆ بەرپرس دەبن لە ڕووماڵی میدیایی پرسەکە، هەروەها ١٥٠ ئەمبولانس تەرخان کراوە بۆ جێبەجێکردنی پلانی تایبەتی خزمەتگوزاریی پزیشکی و فریاگوزاری بۆ ئەم مەراسیمە لە پارێزگاکانی نەجەف ئەشرەف و کەربەلا.
لە درێژەدا ڕایگەیاند کە پلانێکی تایبەت بۆ بەڕێوەبردنی هاتوچۆ لە پارێزگاکانی نەجەف ئەشرەف، کەربەلا، و پارێزگاکانی دراوسێی داڕێژراوە بۆ ئەوەی لە کاتی مەراسیمی پرسەدا هاتوچۆ بە ئاسانی بەڕێوە بچێت.
Your Comment