ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی گەشتیاری: کوردستان شوێنێکە لە نێوان چیا و هەتاودا کە با هەقایەتەکانی دەگێڕێتەوە. نیشتمانی گۆرانی و بەستە و جلوبەرگی ڕەنگاڵە و دابەنەریتێک کە هێشتا خەڵکەکەی بەدڵ هەڵیان گرتووە.
لە دڵی زنجیرە چیای زاگرۆس، کوردستان وەک پاژێکی شاعیرانە لە دڵی ئێراندا دەدرەوشێتەوە؛ شوێنێک کە زمان، فەرهەنگ، مۆسیقا و هەڵپەڕینەکانی، نەک هەر نیشانە، بەڵکوو شێوازێکی پڕ مانان بۆ ژیان. فرەچەشنی ئیتنیکی و زمانیی ئەم ناوچەیە هاوکاتی خەمڵاندنی جیاوازییەکان، وەک تانوپۆ تێک ئاڵاوە؛ ڕێک وەک ماڵە گوندی و پلیکانییەکانی کە بە سەر شانی یەکەوە وەستاون.

وەسفی کوردستان تەنیا بەپێی نەخشەی جوگرافی ناکرێت؛ کوردستان واتە تامی کەلانەی تازە لێنراوە لە بەیانیانی سارد؛ واتە سێبەری بەڕووەکان بەسەر کۆڵانە پلیکانییەکان و دەنگی هەزار دەف بە سەربانی ماڵەکانیەوە.
لەباوەشی زاگرۆس
جوگرافیای کوردستان نەک هەر سنوور، کە بەستێنێکە بۆ پەیوەندیی مرۆڤ و هەرێمەکان. لە چیای بەفر لێنیشتووەوە تا پێدەشتە سەرسەوزەکان؛ هەر پەلێکی ئەو خاکە گێڕانەوەیەکە لە خۆڕاگری و ژیان لە باوەشی سروشتێکی سەخڵەت. بەرزاییەکانی ڕۆژئاوا، هێڵی سنووری بە شکۆیەکی سروشتییەو دیاری دەکات و دۆڵەکان وەک دەمارەکانی ژیان، گوندەکان پێکەوە دەلکێنن.

جوگرافیای کوردستان پڕە لە دژوازی؛ دەشتی بەرین، دۆڵی قووڵ، ئاوی ڕاخوشاوە و کێوگەلێک کە مانا بە سنوور دەبەخشن. بەڵام ئەم دژوازییە نەک ئاستەنگێک لەبەردەم بیچمگرتنی ئەو هەرێمە نەبووە، بەڵکوو زۆر جار ڕۆڵی پەیوەندیدەری بینوە. بۆ وێنە ڕێگا پڕ پێچ و قەمچە کوێستانییەکان، نەک هەر ڕێگەی پەیوەندی، بەڵکوو لە ڕاستیدا بەشێکی گرینگ لە شوناسی شارسازی و نژیاروانیی خۆجێی و خۆماڵیی کوردستانی پێکهێناوە.
لەو جوگرافییەدا، کەشوهەواش دەگۆڕێت؛ زستانانی تووش و سەخڵەتە و هاوینانی فێنک و هەر ئەو گۆڕانەشە کە شیوازی ژیانی ئەو خەڵکەی خەمڵاندووە. ماڵەکان زۆرتر لە بەردن و جلەکانیش گەرم و چەنتوێژین. وەک بڵێی جوگرافیای کوردستان بەشێکە لە کەسایەتییەکەی.

دەمارە ڕاخوشیوەکانی کوردستان
لە کوردستاندا ڕووبارەەکان هێڵی پەیوەندیی ژیانن کە لە چیاکانەوە سەرچاوەیان گرتووە و دەشتە تینووەکان ئاو دەدەن. زیاتر لە 25 ڕووباری هەمیشەیی و وەرزی بە کوردستاندا ڕادەخوشێن کە لە تەنیشتیاندا ژینگەگەلێکی وەک کشتوکاڵ، ڕاهێنانی ئاوژییەکان و تەنانەت کۆچی پەلەوەران سەریان هەڵداوە و لەمناوەدا، سیروان یەکێکە لە بڵیندترین و پڕئاوترین ڕووبارەکانی ناوچە کە لە بەرزاییەکانی هەورامانەو سەرچاوەی گرتووە و بە ناو دۆڵە قووڵەکاندا ڕێ دەبڕێ و پاش بڕینی سەدان کیلۆمەتر، دەگاتە سنووری عێراق.

دەریاچەی زرێوار بە ئاسۆ مژاویی، سەرتر لە گۆل و دەریاچە خۆجییەکانی ترە، نەستێکی پڕ لە بیرەروەری و چیرۆکە. زرێوار نگین شینڕەنگی کوردستانە و لە کانیاوە ژێرزەوینییەکانەوە سەرچاوە دەگرێ و ئەمەش خۆی هێمایەکی ترە لە پەیوەستبوون و یەکپارچەیی.

لە دڵی سروشتی کوێستانی کوردستاندا، تاڤگەگەلێکی وەک گەوێڵە، بڵ و تاڤگە پەرتەوازەکانی وەک چلچاوە لە دڵی بەردەوە هەڵدەقوڵێن و ژیانی نوێ دەبەخشنەوە.
سنوورە زیندووەکانی کویستان
کێوەکانی کوردستان بە باڵای بەرزیانەوە، هێمنگەیەکن بۆ ڕووەکی نایاب، پەلەوەرانی کۆچەر و مرۆڤەکان لە درێژەی مێژوودا. ئەو بەرزاییانە، سەرچاوەی ئاو، نسێی لەوەڕگە، و هەندێجاریش سکۆ و پەرسگەی ئایین و باوەڕەکان بووە. عەشیرەکان لە سەر ڕێگەی کۆچیاندا پاڵی پێوە دەدەن و جەژنی خۆجێی لە داوێنەکانیدا بەڕێوە دەبەن. لە نیشتمانێکی ئاوادا، کێو بەشێکە لە ماڵەکان.

شاهۆ بە بەرزایی نزیکەی سێ هەزار و 400 مەتر، لە سنووری پارێزگاکانی کوردستان و کرماشاندا هەڵکەوتووەە و یەکێکە لە بەرزترین چیاکانی زاگرۆس. ئەم کێوە بە هۆی پۆشەنی دارستانیی چروپڕی، فرەچەشنی ژینگەیی و بوونی کانیاوگەلی سروشتی، ژینگەی چەشنەکانی وەک ورچی قاوەیی، بزنە کێوی و هەڵوۆیی زێڕینە و داوێنەکانی شوێنی لەوەڕاندنی ئاژەڵی عەشیرە و گوندنشینانە و ڕێگەگەلی قەپاڵەکانی، هەرچی ساڵە شوێنی گەشتیاران و سروشتگەڕانە.

هاوکات چلچاوە، بەرزترین کێوی کوردستانە کە کۆمەڵێک شاخ و کانیاوی هەمیشەیی لە ڕۆژئاوای ئەو زێدەی لەخۆ گرتووە و لەوان سەرچاوەی زەڕینە و سیمینەیە و ڕووەکانی ئەو کێوە دەمێک ساڵە لە پزیشکی نەریتیدا کەڵکیان لێ وەردەگیرێت.
هاوهەنگاو و هاودەنگی سروشت
مۆسیقا و هەڵپەڕكێ لە کوردستان، بەشێکە لە ژیانی ڕۆژانە ئەو خەڵکە کە بەرە لە دوای بەرە بە یادگار ماوەتەوە و هێشتاش بە گڕوتین لە کۆڵانەکان، ڕێوڕەسمەکان و جەژنەکاندا بەردەوامە. دەنگی دەف و شمشاڵ لە دڵی کێوەکاندا دەنگ دەداتەوە و هەنگاوە هاوئاهەنگەکانی هەڵپەڕکێ، خەڵکی کۆ دەکاتەوە؛ وەک جەغزێک کە هیچ کەس تێیدا تەنیا نییە.

لە دڵی مۆسیقا کوردیدا، شێوازە جۆراوجۆرەکانی هۆرە، سیاچەمانە و بەیت و حەیران تایبەتین. یەکێک لەو ڕێوڕەسمە بەرچاوانەی فەرهەنگی کوردی، "هەزار دەف"ـە؛ ڕێوڕەسمێکی ئایینی کە لە دوا هەینیی خاکەلێوەدا بەڕێوە دەچێت و تێیدا سەدان دەفژەن هاودەنگ و هاوڕیتم، بە سەر سەربانی ماڵەکانی پاڵنگانەوە دەف دەژەنن و نەریتێک دەنرخێنن کە تێیدا دەف وەک هێمای پەیوەندیی مرۆڤ لەگەڵ مرۆڤەکانی تر، لەگەڵ زەوی و ئاسمان بیر دێتەوە و هەر ئوەشە بۆتە هۆی پێشوازیی بەربڵاوی نیشتمانی و نەتەوەیی و نێودەوڵەتی لەو ڕێوڕەسمە.

وشە باوەکانی فەرهەنگ
کوردی نەک زمانێک سەڵت، بەڵکوو هاوارێکە کە لە دڵی کێوەکانەوە سەەی هەڵداوە؛ زمانێک کە لە کوردستاندا بە زاراوەی جۆراوجۆر وەک سۆرانی، کۆرمانجی، هەورامی و کەڵهوری و لە کوردستانی ئێران، تورکیا، عێراق و سووریا ئاخاوتنی پێ دەکرێت. هەر زاراوەیەک دنیایەکی سەربەخۆ بە وشەگەلی تایبەتییە کە شوێنپێی ژیان و فەرهەنگێکی ڕەسەنی تێدا بەدی دەکرێت.

داڵانی پڕ لە یادگاری
ابازاڕەکانی کوردستان، تەنیا شوێنی کڕیاری و فرۆش نین؛ بەڵکوو دیمەنگەلێک لە ژیانن. لە بازاڕچە سنوورییەکانی بانە و مەریوانەوە تا داڵانە بازاڕگەلی نەریتی، جگە لە فرەچەشنیی کاڵا و شمەک، کۆڵکە سەرەکییەکانی ئابووریی خۆجێی و هێمایەک لە چالاکی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بەدی دەکرێت.

بازاڕە نەریتییەکانی کوردستان شوێنێکن کە هێشتاش مێژوو بە ژیانی ڕۆژانمەوە گرێی خواردووە و دیارییەکانی کوردستان بە زەندەی بازاڕە ڕەنگالەکانی، فرەچەشن و تایبەتین. جلی کوردی بە دەسماڵ و پشتوێن و هەورییەوە، هێشتاش خۆشەویستە و وەک دیارییەکی تایبەتی کڕیاری هەیە. گلیمی بیجاڕ بە چنینێکی پتەو و گەڵاڵەی هەندەسییەوە، ناوبانگی تا دەرەوەی سنوورەکان چووە. تەسبێحی کە لە دەنگی گیایی چێ کراوە، نەک هەر بۆ دوعابێژان، بەڵکوو بۆ یادگاریش سەرنجڕاكێشن.
Your Comment