ئیبراهیم ڕەزایی، وتەبێژی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی ئێران، لە لێدوانێک بۆ هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵی مێهر، بە ئاماژە بە دانپێدانانی ترامپ بە داڕشتن و کۆنتڕۆڵی هێرش بۆ سەر ئێران و ناڕاستبوونی ئەمریکا لە دانوستانەکاندا، وتی: ئەو دانپێدانانە خۆی سەلمێنەری درۆزنبوونی ئەمریکایە و ئەمریکا لە شەهیدکرانی زیاتر لە دوو هەزار هاووڵاتیی بێتاوانی ئێرانی کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنی بوون، بەرپرسە.
ئەو پەرلەمانتارە ڕاشکاوانە شەڕی 12 ڕۆژەی بە شەڕی ئەمریکا و ناتۆ لە دژی گەلی ئێران زانی و وتیشی: بەر لەو شەڕە ئێمە خەریکی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا بووین، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو دانوستانە خۆی ئۆپەراسیۆنی فریودان و داوێک بوو بۆ ئێمە تا بەسەرقاڵبوون بەو کارە، هێرشمان بکرێتە سەر.
ڕەزایی جەختیشی کرد: هەر بۆیە لامان وایە دانوستان لەگەڵ ئەمریکا بێسوودە و ئەوان لە میانەی دانوستاندا هێرشیان کردە سەرمان و دووپاتکردنەوەی ئەو هەڵەیە، خود هەڵەیەکی گەورەترە و زیانەکەی زۆر لە قازانجەکەی زیاترە.
Your Comment