ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی-محەمەدڕەزا مورادی: ئۆردووگای هەول لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەوڕۆکە یەکێکە لە ئاڵۆزترین و پڕمەترسیترین خاڵەکانی ناوچە؛ شوێنێک کە هەزاران ژن و منداڵی سەر بە داعش تێیدا دەژین و کەشی ناسەقامگیر و پشتگوێخراوەی، هەلومەرجێکی ئایدیاڵی بۆ بووژانەوەی هزری ڕادیکاڵیزم و سەرهەڵدانی بەرەیکی نوێ لەو گرووپە ڕەخساندووە.
هەول سەرەتا تەنیا پەناگەیەکی کاتی بۆ ئاوارەکانی شەڕ بوو کە بەهۆی گۆرانکارییەکانی ساڵانی ڕابردوو بۆتە "خەلافەتێکی چکۆلە"؛ شوێنێک کە ئایدیالۆژیای داعش بێبڕانەوە تێیدا بەرهەم دێتەوە و منداڵان بەبێ قوتابخانە، بەبێ شوناس و بەبێ داهاتوو، بە ئاسانی بۆ لای ڕادەکێشرێن.
ئەو ئۆردووگایە لە ئێستادا زیاتر لە 50 هەزار کەسی لەخۆ گرتووە کە نە تەنیا ئاڵنگارییەکی مرۆیی و ئەخلاقییە، بەڵکوو هەڕەشەیەکی ستراتژیکی بۆ ئاسایشی سووریا، عێراق و تەنانەت ئەورووپا بەئەژمار دێت. زۆربەی شرۆڤەگەرانی ئەمنی لایان وایە ئەگەر داعش سەرهەڵداتەوە، دەسپێکەکەی نەک بیابانەکانی سووریا، بەڵکوو هەر لەو ئۆردووگاوەیە.
لە پەناگەی بەرشەڕکەوتووان تا ناوەندەکانی بووژانەوەی ڕادیکاڵیزم
ئۆردووگای هەول لە نزیکەی 45 کیلۆمەتریی ڕۆژهەڵاتی حەسەکە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریایە و نزیکەی 50 هەزار داعشی و خێزانی داعشی لەخۆ گرتووە. لەم ئۆردووگایەدا هەندێک لە ژنان بەدوای دەرچوون و ڕزگارین و هەندێکی تر هێشتا پابەندی باوەڕە تەکفیرییەکانیانن.
هەول لە ساڵەکانی 2017 تا 2019 و پاش ڕووخانی خەلافەتی داعش، هەزاران ژن و منداڵی سەر بەو گرووپەی لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی سووریا و عێراق لەخۆ گرتووە و لەو ناوەدا هەڵبەت هاووڵاتیانێک لە وڵاتانی دیکەش بەرچاو دێن کە وێڕای هاوسەرانیان هاتنوونەتە ڕیزی داعش و ئێستا لە ئۆردووگادا سەرگەردانن.
بە تێپەڕینی کات، بەشگەلێک لەو ئۆردووگایە بەتایبەت بەشێک کە خێزانە بیانییەکانی تێدا دەژین، تەواو لە کۆنتڕۆڵی هێزەکانی ئاسایش دەرچووە و بۆتە ناوچەیەک کە تێیدا ژنانی دەمارگرژی داعش یاسا و دادگەی خۆسەر و تۆڕی تەمبێ و ئاڵقەی ڕاهێنانی ئایینی و پەیوەندی نهێنییان تێدا دامەزراندووە و ئەگەر کەسێک گوێ لە مستیان نەبێت، بە توندی ئازار و ئەشکەنجەی دەدەن و ڕەنگە بیکوژن.
توندوتیژی ناوخۆیی، هەڵاتنی ڕێکخراوەیی و دزەی شاراوەی داعش
لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو، هەندێک هۆکار و ڕووداو بوونە هۆی لاوازبوونی پێکهاتەی ئەمنیی ئۆردووگا. ئۆپەراسیۆنێک بۆ دەربازکردنی فرووپێکی دەیان کەسی لە ژنانی سەر بە داعش پووچەڵ کرایەوە؛ هێرش کرایە سەر پێرسۆنێلی ڕێکخراوەگەلی نێودەوڵەتی؛ هەندێک لە قوتابخانە کاتییەکان ئاگردران و چەندین دەست بەسەر چەندین وەجبە ماددەی تەقەمەنی و چەکی سارددا گیرا. ژنان لەو ئۆردووگایەدا:
ـ کلاسی ئایینی زۆرەملێیانە بۆ منداڵان بەڕێوە دەبەن.
ـ تۆڕگەلێکیان بۆ کۆکردنەوەی پارە لە دەرەوەی سووریا ڕێکخستووە.
ـ لە بۆشایی چاودێریدا، پێکهاتەیەکی حکوومەتئاسا وەدی هێناوە.
ـ منداڵان بۆ بەرەی دووەمی شەڕکەران ڕادەهێنن.
ئەو منداڵانەی لە هەوڵ گەورە دەبن، تا ڕادەیەک هیچ بەشدارییەکیان لە جیهانی دەرەوە نییە؛ نە سیستەمێکی ڕاهێنانی فەرمیان هەیە، نە ڕاوێژکارێکی دەروونی، نە هەلی دەرچوون و نە تەنانەت شوناسێکی یاسایی بۆ دەستەبەرکردنی داهاتوویان و ئەمانە بۆتە هۆی ئەوەی کە کێڵگەیەکی لەباربن بۆ بوونە تەکفیری.
بووژانەوەی داعش لەسای بۆشایی ئەمنی عێراق و شوریا
ئەگەرچی داعش لە 2019دا گورزی کوشەندەی بەرکەوت، بەڵام نیشانەگەلێک لە گەڕانەوەی هێوری لە سووریا و عێراق بە ئاشکرا دەبیدرێت، بۆ وێنە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا:
ـ هێرشی داعش لە ناوچەکانی عێراقدا سێ هێندە بۆتەوە.
ـ شانە نووستووەکانی داعش لە سووریادا چالاک بوونەتەوە.
ـ هەندێک فەرماندەی پلەبەرزی ئەو گرووپە توانیویانە تۆڕگەلێکی چکۆلە چالاک بکەنەوە.
لەمناوە هەول ڕۆڵی بنکەیەکی مرۆیی و ئایدیالۆژیک بۆ داعش دەگێڕێت.
وەرسووڕانی دیپلۆماتیک؛ لە تەریککەوتنی دیمەشق تا زەروورەتی هاوکاری ئەمنی
گۆرانکارییە هاوپەیوەندەکان بە هەول بۆتە هۆی ئەوەی هەندێک وڵات کە ساڵانێک پەیوەندیی سیاسی لەگەڵ دیمەشق داخستبوو، ئیستا دان بە زەروورەتی هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی سووریا لە بواری ئیدارەی هەڕەشەی داعشدا بنێت و نیشانەی ڕوونی ئەو گۆڕانکارییە، سەفەری ئەمدواییەی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بۆ دیمەشق و ورووژاندنی پرسی "هەڕەشەی هەول" لە گفتوگۆ فەرمییەکانە.
ئەم وەرسووڕانە سیاسییە بێگومان نیشان دەدا کە هەڕەشەی بوونی دەیان هەزار ژن و منداڵی توندئاژۆ لە هەول، ئێستا گەیشتۆتە ئاستێک کە ناکرێت بە سیاسەتگەلی کۆن لێی بڕوانن و ڕۆژئاوا بەو ئەنجامە گەیشتووە کە چارەسەریی قەیرانی هەول بەبێ هاوبەشیی چالاکانەی دیمەشق یان لانێکەم ژهاوئاهەنگی ئەمنی لەگەڵیدا، تا ڕادەیەک نامومکینە.
کۆبوونەوەی جیهانی لەبارەی هەول؛ کۆبوونەوەیەک بەبێ ڕێگەچارە
لە کۆبوونەوەی ئەمدواییەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەیان وڵات نیگەرانی خۆیان بۆ دۆخی مرۆیی و ئەمنیی هەول دەربڕی. بەوەشەوە نەیانتوانی لەو هاوڕاییەدا بگەنە ڕێگەچارەیەکی مومکین. وڵاتانی ڕۆژئاوایی هێشتاش ئامادەی وەرگرتنەوەی هاووڵاتیانی داعشیان نین و تەنیا وڵاتێک لەمناوەدا مەجاڵی گەڕانەوەی بە هاووڵاتیانی دا، عێراق بوو. بێگومان ئەم دەستەوەستانە جیهانییە، ڕێخۆشکەرە بۆ تێوەگلانی دەیان هەزار منداڵ و مێرمنداڵ لە بواری توانەروە لە ئایدیالۆژیای داعشی.
ئەنجام
ئەوردووگای هەول تەنیا ئۆردووگایەکی قەیراناوی نییە؛ بەڵکوو ناوەندێکی مەترسیدارە بۆ بووژاندنەوەی داعش و جیهان هێشتا نەیتوانیوە بۆ ئەو ئاستەنگە ڕێگەچارەیەکی کردەکی ئاراستە بکات. ئەگەر دۆخەکە بە هەمان شێوە بمێنێتەوە، ئەگەری ئەەو هەیە کە بەرەیەکی نوێ لە داعش و بگرە زۆر لەو مەترسیدارتر و نەترستر و ڕاهێنراوتر لە بەرەی پێشوو لە دڵی ئەو ئۆردووگایەدا سەر هەڵبداتەوە.
Your Comment