بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا(ECHR) بە ناردنی نامەیەکی فەرمی بۆ دەوڵەتی ئەنقەرە، داوای لێکرد کە هەمبەر بە ڕووداوە دڵتەزێنەکانی 2015 و 2016 لە شاری جەزیری پارێزگای شەڕناخ، بە تایبەت کوژرانی 137 کەس مەدەنی لە ژێرزەوینیی سێ بینادا، لە میانەی گەمارۆی سەربازی و قەدەغەی هاتوچۆ لەو شارە، ڕوونکردنەوە و بەرگرینامەی خۆی ئاراستە بکات.
ئەم بڕیارە لە ئەنجامی سکاڵای پارێزەرانی خێزانی قوربانیان دەرکراوە کە لە ئەنجامی ڕەتکرانەوەی سکاڵای سەرەتاییان لە دادگەی دەستووری تورکیا، دۆسیەیەکی نوێیان لە دادگەی ئەورووپایی بۆ ئەو بابەتە کردەوە.
ڕووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ زستانی 2015، کاتێک کە لە میانەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دەوڵەتی تورکیا و گیرانەبەری ڕیوشوێنی ئەمنی و قەدەغەی هاتوچۆی 79 ڕۆژەی جەزیر، زیاتر لە 137 کەسی پەناگرتوو لە ژێرزەوینیی سێ بینادا بەبێ دەست پێڕاگەیشتن بە دەرمان یان دەربازبوون، لە ئاگردا سووتان. پاش ئەم ڕووداوە چەندین ڕاپۆرت لەبارەی بێوەڵاممانەوەی یارمەتی، بزربوونی تەرمەکان و ناڕوونبوونی ڕەوتی دادگەیی لەوبارەیەوە بڵاو بۆوە.
ڕادەستکرانی دۆسیەی ئەو جەنایەتە بە دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا لە ساڵی 2019 و پاش چەند جار ڕەتکرانەوەی لەو دادگەدا لە کاتێکدا گەیشتۆتە ئەنجامی بڕیاردان بۆ وەڵامدانەوە و ڕوونکردنەوەی دەوڵەتی تورکیا، کە ئەگەر وەڵامی ئەنقەرە گونجاو و ڕازیکەر نەبێت، بۆی هەیە بەرەوڕووی تاوانی نێودەوڵەتی بۆ پێشێلکردنی بەربلاوی مافی مرۆڤ ببێتەوە.
Your Comment