بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، پێدەچێت هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان تا کۆتایی مانگی داهاتوو دەستپێبکاتەوە ، ئەویش دوای دوو ساڵ لە وەستان و گەیاندنی 19 ملیارد دۆلار خەسار لە ئابووری هەرێم و گیرۆدەکردنی حکوومەت و خەڵکی کوردستان بە قەیرانێکی قووڵ.
لەم ڕۆژانەشدا عەبدولەتیف ڕەشید ، سەرۆک کۆماری عێراق یاسایەکی دارایی واژۆ کرد، بۆ تێگەیشتن لەوەی کە ئەمانە هەمووی تا چ ڕادەیەک دەتوانێ کاریگەری ئیجابی بکاتە سەر ئابووری هەرێمی کوردستان و عێراق، هەواڵنێری مێهر پەیوەندی بە بەڵێن عێزەت میکە، ئابووری ناس و شرۆڤەکاری بابەتە ئابوورییەکانەوە کرد.
بەڵێن عێزەت دەڵێت مەسەلەی نەوت بۆ هەموو ئەو وڵاتانەی نەوتیان هەیە لەباری ئابووریەوە، مەسەلەیەکی سەرەکیە و وەکوو شادەماری ژیانیان وایە. بۆ عێراق و هەرێمی کوردستانیش هەر بەو شێوە. ئەگەر نەوت کێشەی بۆ درووست بێت، هەموو ئابووری ئەو وڵاتە تووشی گرفت و کێشە دەبێت.
دەشڵێت دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە ڕاستی ئەبێتە چارەسەرێکی باش بۆ دۆخی قەیراناوی ئابووری هەرێم، بە تایبەتی کە پەیوەندی بە عێراقەوە هەیە. چونکوو لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا کە هەرێم بە ڕاستەوخۆ نەوتی هەناردە دەکرد و خۆی بە یاسایی دەزانی و عێراق پێی ناڕازی بوو و بە نادەستووری دەزانی پەیوەندییە داراییەکانی نێوان ئەم دوو لایەنە ئاڵۆزا بوو و ئەمەش کاریگەریی کردبووە سەر ژیانی خەڵک. ئێستا وردە وردە دیارە لێک تێگهیشتنێک هەیە لە نێوانیاندا، لەم کاتەشدا نەوت ئەبێتە فاکتەرێکی باش ، بۆ ئەوەی ئەم کێشە داراییانە زیاتر و باشتر چارەسەر بکرێت.
بەڵێن عێزەت لە وڵامی پرسیارێکدا کە پێشتریش هەرێم نەوتی هەنارد دەکرد و داهاتووی سنوور و ناوخۆشی بوو بەڵام هەر قەیرانی دارایی و کێشەی بێکاری و دواکەوتنی مووچەی هەبووە، وتی: نەوت بە تەنیا ناتوانێ کێشە ئابوورییەکان چارەسەر بکات، ئەگەرچی فاکتەرێکی گرینگە.بەڵام لەگەڵ داهاتی نەوتدا پێویستی بە پێداچوونەوە بە هەموو بناغەکانی ئابووری هەرێمی کوردستان هەیە و دەبێ لەوەش تێبگەین کە نەوت لەباری سیاسی و هێز و هەژموون بۆ دەرەوەی هەرێم بەکاردێت و دەتوانێ قورسایی و سەنگ بداتە هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە دانوستانەکان و ڕێککەوتنە پێویستەکانی سەر ئاستی عێراق و جیهانیش.
بەڵێن عێزەت زیادتر وتی: ئەوەی کە گرینگە دەبێ بزانین کە تەنیا مەسەلەکە پەیوەندی به هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە نییە.ئەمە لە ناو هاوکێشەیەکی گەورەتردایە، یەکەم لەبەر ئەوەی عێراق پێویستی بەوەیە دەرچەیەکی تر بۆ هەناردەی نەوتەکەی بدۆزێتەوە.
جگە لەوەی کە لە بەسرە و لە ڕێگای دەریاوە دەینێرێت.پێویستی بە دەرچەیەکی ترە بۆ هەر کاتێک ویستی نەوت هەناردە بکات و بە هۆی کێشەی سیاسی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە نەیتوانی بەسرە بەکار بێنێت، ڕێگایەکی تری هەبێت و بێ بەدیل نەبێت. دووەم پەیوەندی بە گرێبەستی کۆتایی شەریکەی بریتیش پتڕۆڵیۆمی ئینگلیزەوە هەیە کە لە کەرکووک نەوت بەرهەم دەهێنێت و پلانیان هەیە بەرهەم هێنانی نەوت بگەیێننە یەک میلیۆن بەرمیلی ڕۆژانە کە ئەوەش دەرچەیەکی دەوێت بۆ هەناردە کردن کە بڕیار وایە بە بۆری نەوتی هەرێمی کوردستاندا تێپەڕێت. هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن کە ئەم پڕۆسەی هەناردە کردنە بەرژەوەندی هەمە لایەنەی دەبێت،لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەو بەرژەوەندیانەی هەیە کە وتم و لە بۆ عێراقیش هەروەها.
Your Comment