بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێرانەوە لە سیریا دایرکێت، ڕێبەرانی باڵای کوردی سووریا بە هیوای پێکهێنان و ناردنی وەفدێکی سیاسی یەکە بۆ دانوستان لەگەڵ دەوڵەتی گواستنەوەیی لە دیمەشق لەبارەی ماف، دۆز و داهاتووی کوردەکانی سووریا پاش ڕووخانی بەشار ئەسەد، لە ٢٣ی دیسامبێردا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریادا بە ئامادەبوونی ئەندامانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، دیداریان کرد و بەوەشەوە لە کۆتایی ئەو کۆبوونەوەیە لە شاری حەسەکە هیچ لایەک لە ڕێککەوتنیش نزیک نەبوونەوە.
پاش ئەو کۆبوونەوە، هێزەکانی هەسەدە ڕاگەیێندراوێکیان بڵاو کردەوە و تێیدا بەبێ ئاماژە بە خاڵە جێناکۆکەکان، هاتووە: "ئامادەبووان سەبارەت بە درێژەی خێرای کۆبوونەوەکان بۆ چارەسەریی ناکۆکییەکان ڕێککەوتن"، کەچی فەسلە یووسف ئەندامێکی لیژنەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستان((KNC) لای وایە
"وەفدی یەکەی کورد ناکرێ بە دانیشتنێک پێک بێت، چونکە سەرەتا دەبێ بەستێنێکی هاوبەش ساز بێت و سەبارەت بە زۆربەی پرسەکان ڕێککەوتن بکرێت".
لە لایەکی ترەوە پەروین یووسف هاوسەرۆکی پەیەدە لەبارەی ڕێککەوتنەکە دەڵێ: "کۆمەڵگای کوردی سووریا خاوەن تایبەتمەندیی تایبەتی لە ڕێکخستنی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆیەتی؛ ئەم کۆمەڵگایە پێکهاتووە لە دەیان پارت و بزووتنەوەی سیاسی و ئەگەرچی ئەم فرەچەشنییە نیشاندەری چالاکبوونی کۆمەڵگایە، بەڵام هاوکات ئاستەنگەلێکیش بۆ ڕێککەوتن و گەیشتن بە ڕوانگەیەکی یەکەی بەدواوەیە".
بانگەشەیەک بۆ ڕێککەوتن
لەگەڵ ڕووخانی بەشار، لە ٨ی دیسامبێردا داخوازیگەلێک لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ دەسپێکردنەوەی گفتوگۆ سیاسییە ناوخۆییەکان لەپێناو سڕینوەی ناکۆکییەکان و پێکهێنانی وەفدێکی یەکە بۆ نوێنەرایەتی کوردەکان لە دیمەشق ئاراستەی لایەنەکان کرا.
داخوازییەک کە بە گوێرەی خەڵکی خۆجیی لە ئەگەری بە ئەنجامنەگەیشتنی، خەسارێکی گەورەیە بۆ داهاتووی کوردەکانی ئەو وڵاتە و بە فەرمی ناسرانی ماف و شوناسی نەتەوەیی، سیاسی و فەرهەنگیان لە لایەن دیمەشقەوە.
ناکۆکییە دێرینەکان
گفتوگۆی کوردەکانی سووریا لە مابەینی دوو باڵی سەرەکییە کە لایەکیان پارتی یەکێیتی نیشتمانی کوردە کە خۆی پێکهاتووە لە ٢٥ پارتی سیاسی و لەوان پارتی یەکێتی دیموکراتیک(PYD) و لقی مەدەنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک(SDF) کە ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا(AANES)ی بنیات ناوە. لایەنی بەرامبەر ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستان(KNC)ـه بە ١٢ پارت و ڕێکخراوی سیاسییەوە.
ناکۆکیی نێوان ئەو دووە بۆ چەندین ساڵ لەوە پێش دەگەڕێتەوە. ئەوان لە زۆر بابەتەوە و بەتایبەت لەبابەتی هەڵوێستی سیاسی و ئایدیۆلۆژیک، زاڵبوونی پەیەدە بە سەر بواری سیاسی و سەربازیی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و هێرشی بۆ سەر بنکە و نووسینگە سیاسییەکانی ئەنەکەسە و قۆڵبەستکردنی لایەنگرانی، پێکەوە ناکۆکن.
هەر دوو یەکتری بە پاڵپشتی لە لایەنێکی دەرەوەیی و نەبوونی ئیرادە بۆ بڕیاردان تۆمەتبار دەکەن و لەمناوە پەیەدە تۆمەتی هاوپەیمانی و فەرمانبەری لە پەکەکەی لەسەرە و ئەنەکەسەش تۆمەتبارە کە پشتی بەستووە بە هاوپەیمانی نێشتمانی سووریا کە لە ئەستەنبۆڵ و ئەنقەرەوە فەرمان وەردەگرێت.
هەر بۆیە سەرەڕای هەوڵی نێودەوڵەتی بۆ لێکنزیککردنەوەی ئەو دووە، گفتوگۆی نێوانیان لە ساڵی ٢٠٢٠ـهوە تا ئێستا چەقی بەستبووە و پاش ڕووخانی بەشاریش هەمدیسان هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆتە ناوبژی لە نێوانیان بۆ لە سەرگرتنەوەی گفتوگۆکان و لەو کاتەوە تا ئێستا چەندین دانیشتن لە نێوان پەیەدە و ئەنەکەسە بەڕێوەچووە و لە دوایین دانشتنیان لە قامیشلۆ بە چاودێریی وەفدێکی فەڕەنسی، بەبێ پێشکەوتێکی بەرچاو، ئاراستەی دانیشتنی دواتر و دواتر کراوە.
سەرچاوەی ناکۆکییەکان
پەروین یووسف هاوسەرۆکی پەیەدە، دەڵێ "ئەنەکەسە بەری لە ئیرادەی سیاسیی سەربەخۆیە، چونکە بڕیارەکانیان لە تورکیا و هاوپەیمانی نیشتمانییەوە پێیان دەدرێ و هەر ئەمەشە ناهێڵێت کوردەکان یەکبگرن".
لە بەرامبەردا فەسلە یووسف لە ئەنەکەسەوە ئاماژە بە پێوەندییەکانی پەیەدە و پەکەکە دەکا و دەڵێ: "بەبێ کشانەوەی پەکەکە لە سووریا گەیشتن بە ڕێککەوتن و پێکهێنانی وەفدێکی هاوبەشی کوردی نامومکینە و سڕینەوەی هەڕەشيی تورکیا و بیانووی ئەرتەشی نیشتمانی سووریا(SNA) بۆ هێرشکردنە سەرباکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا پەیوەستە بە نەمانی هێزەکانی پەکەکە لە خاکی سووریادا".
دانوستانە سەربەخۆکان
فەسلە یووسف دەشڵی: "لە کاتێکدا کە ڕێککەوتنی ناوخۆیی کوردەکان سەخت و دژوارە، بەڵام هەندێک کەسایەتیی ئەنەکەسە دانیشتنگەلێکیان لەگەڵ لقە سیاسییەکانی تری سووریا بەڕیوەبردووە و هەوڵ دەدەن پەرە بە پەیوەندییەکان بدەن و ڕوانگەیە ئەنەکەسە بگوازنەوە بۆ کەسایەتییە دیپلۆماتیکی و سیاسییەکانی دیمەشق".
هاوکات پەروین یووسفـیش جەخت لەوە کات کە لە ئەگەری پێکنەهاتنی وەفدەکانی پەیەدە و ئەنەکەسە لە کۆنفڕانسێکی نەتەوەیی گشتگیری کوردی بە بەشداریی هەموو ئەکتەرانی سیاسی، بۆ گەیشتن بە چوارچێوەیەکی یەکپارچەی دوورنوێنی کوردی و پێکهێنانی وەفدێکی یەکە بۆ چوونە لەگەڵ دیمەشق، هیچ لایەک بۆیان نییە دانوستانێکی یەکلایەنە لەگەڵ دیمەشق بکەن.
کەچی شرۆڤەکارانی سیاسی پێیان وایە، ئەمجۆرە هەڵوێستانە جێی مەترسین و بۆوەی هەیە وڵاتانی ناوچە لەو کەینە سیاسییەی کوردەکانی سووریا کەڵکئاوەژوویی بکەن و بەپێی بەرژەوەندی خۆیان پاڵپشتی لایەنێک بکەن لە دژی ئەویتریان.
هەر بۆیە جەخت لەوە دەکەن کە لە ئێستادا دەبێ تەرکیز لە سەر هەلومەرجی هەنووکە بێت، بۆ ئەوەی پارتە کوردەکان ناچار بکرێن، چاوپۆشی لە ئیدارەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا هەڵگرن و خۆببوێرن لە شەڕ بۆ دەسەڵات وەک سەرەکژیترین هۆکاری ڕێک نەکەوتنیان و هاوکات دەبێ بچنە دیمەشق و لەگەڵ هێزە نیشتمانی و دیموکراتیکەکانی سووریادا هاوپەیمانی پێک بێنن.
لە لایەکی ترەوە ئەم شرۆڤەکارانە لەوەباوەڕەن کە پێویستە هیزە کوردەکانی دەرەوەی سووریاش بۆ پێکهێنانی دامودەزگایەکی سیاسیی یەکە گوشار بخەنە سەر هێزە کوردەکانی ناوخۆی سووریا، بۆ ئەوەی "بەرژەوەندی کوردەکانی سووریا بخەنە یەکەمایەتییەوە و هاوئاهەنگ بن لەگەڵ پێویستیی سووریا بۆ گۆڕان و گەیشتن بە دۆخێکی دیموکراتیک".
هەر بۆیە بە گوێرەی ئەمان، یەکنەگرتنەوە یان یەکگرتنەوەی درەنگ وەخت، مەترسیی "سڕانەوەی دۆخی کورد لە سووریا"ی بەدواویە و مافی "نزیکەی ٢ ملیۆن کوردی سووری" دەکەوێتە مەترسییەوە.
Your Comment