بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێڕانەوە لە هەواڵداریی میدیا لاین، کوردەکانی سووریا کە ساڵانێکە وەک هاووڵاتیی پلە 2 ناسراون، لە ساڵی 1960ـهوە لە مافی هاووڵاتێتی بێبەشن و زۆربەیان ئاوارە بوونە و هاوکات لە مافی خوێندن، خاوەندارێتی ماڵ و دارایی و زۆربەی مافە سەرەتاییەکانیان بێبەش کراون.
لەمناوە سەربەست نەبێ مامۆستای کوردی فەلسەفەی سیاسی، وەپەراوێزخرانی کوردەکانی سووریای گرێدایەوە بە ئایدیۆلۆژیی حزبی بەعس کە لەپێناو ناسیۆنالیزمی عەرەبی فرەچەشنی ئیتنیکی بایکۆت دەکرد و وتی: لە مێژووی حزبئ بەعسی سووریادا هەر جۆرە هەوڵێکی کوردەکان بۆ دەستەبەرکردنی ماف و شوناسی خۆیان بەرەوڕووی بایکۆت بۆتەوە و لەو سۆنگەوە هەر کوردێک، تۆمەتبار بوو بەوەی نەتەوەخوازێکی ڕادیکاڵە و دەیەوێ یەکدەستی ئیتنیکی سووریا بشێوێنیت.
ئەم هەڵویستەی دەوڵەتی ناوەندی هەمبەر بە کوردەکان بۆتە هۆی ئاوارەیی و پەرتەوازەبوونی کوردەکانی سووریا بەرەو خاکی هەرێمی کوردستان کە بە گوێرەی ڕاپۆرتی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو ڕێژەیە لە ساڵی 2024، نزیکەی 270 هەزار کوردی سووری لە هەرێمی کوردستان بووە.
هەر لە دەسپێکی شەڕی ناوخۆیی سووریا لە ساڵی 2011، هێزەکانی کورد بەتایبەت هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) ڕۆڵێکی بەرچاوی لە بەرەنگاربوونەوەی داعش و کۆنتڕۆڵی ناوچە گرنگەکانی باکووری سووریادا گێڕاوە.
لە لایەکی ترەوە هێنری بارکێر، توێژەری باڵای توێژینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە ئەنجومەنی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی ئەمریکا، لای وایە: کوردەکان لە سووریا بە تەنیایی بەرەوڕووی فەرهەنگی زێدەگەرانەی ئایینی و ڕەگەزپەرەستانەی حزبی بەعس بۆتەوە و چارەنووسیان ناچاری کردوونکە بەرەنگاری گرووپگەلێکی وەک داعش، بەرەی نووسرە و گرووپە تەکفیرییەکانی تر ببنەوە.
وتیشی: کوردەکان بەرپرسی ڕاگرتنی 40 هەزار زیندانی داعشن و ئەگەر تورکیا درێژە بە لاوازکردنی هێزە کوردەکان بدات، ئەگەر هەلاتنی ئەو زیندانیانە هەیە و لەوەیە ببێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی هەڕەشەی دووبارەی داعش لە سووریا.
هاوکات پەیوەندی مێژوویی هەسەدە لەگەڵ ئەمریکا لە شەڕی دژی داعش، بۆتە هۆی ناکۆکیی لەگەڵ تورکیا کە ئەو گرووپە بە لقی پەکەکە دەزانێت و دەوڵەتی ئەنقەرە بە پاڵپشتی لە گرووپە رادیکاڵەکانی وەک تەحریرولشام و سازدانی هیزێکی بریکاری وەک سوپای نیشتمانی سووریا، هەوڵ دەدا پێشگری بکات لە هەر جۆرە پێکهاتنی خۆسەریی کوردەکان لە نزیکی سنوورەکانیدا.
هەر بۆیە خوان سەعدوون چالاکی میدیایی کوردی سووریا لای وایە کە کوردەکانی ئاستەنگی بەردەم پلانی ئەردۆغان بۆ بووژانەوەی هزری ئیمپراتووری عوسمانین کە پێکهاتووە لە میسر و دەریای ناوەڕاست و یۆنان و قێبرێس.
سەعدوون هەروەها باس لە دووفاقەیی هەڵوێستی ڕۆژئاوا هەمبەر کوردەکان دەکات و دەڵێ: تەنزی ڕووداوەکە لەوەەدایە کە ڕۆژئاوا خەریکی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ گرووپە ڕادیکاڵەکانی تەحریرولشامن کە نزیکن لە ئەلقاعیدە و هاوکات کوردەکان بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە بە تیرۆریست دەزانێت.
لە لایەکی ترەوە بە گوێرەی ئەم چالاکە میدیاییە، هێرشی تورکیا بۆ لەناوبردنی یەکگرتوویی کوردەکانە، چونکە "کوردەکانی سووریا لەگەڵ کوردەکانی تورکیا خاوەن پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و مێژوویی هاوبەشن و سنوورە سیاسییەکان ناتوانن ئەو ئاگاییە هاوبەشە بسڕنەوە".
هەر بۆیە سەعدوون وەک زۆربەی کوردەکانی سووریا خەونی ناوچەیەکی خۆسەری وەک فیدراڵیسمی هەرێمی کوردستان لە سووریادا دەبینێت و لەپێناوەدا خوازیاری دابینکردنی ئاسایش و پاراستنی هەموو کەمینەکانی سووریا لەوان عەلەوییەکان، درۆزییەکان و ...ـه.
بەڵام وەدیهاتنی ئەو خەونە هەر لە ئێستاوە بەرەوڕووی ئاستەنگی گەورەیە و هەر بۆیە خەباتی کوردەکان بۆ بەفرمیناسرانی شوناس، یەکسانی و پاراستنی ئاسایشیان جارێ هەر درێژەی دەبێت.
Your Comment