AP ١٤٠٣ گەڵاڕێزان ٣ ٠٨:١٩

شرۆڤەیەکی جیاواز بخوێنەوە؛

دەربارەی هەڵبژاردنەکە و ئەنجامەکانی!

دەربارەی هەڵبژاردنەکە و ئەنجامەکانی!

من بە پێچەوانەی هەمووانەوە، وایدەبێنم کە دەنگدەری کوردستان هوشیارییەکی زۆر باشی هەیە و بە هوشیارییەوە دەنگی داوە، لە ئەنجامی چەند لیست و کاندیدێکیشەوە ئەمە بە ڕوونی دەردەکەوێت. 

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی- دوکتۆر موئمین زەڵمی: هەڵبژاردنی ٢٠ی ئۆکتۆبەری پەرلەمان، هەرێمی کوردستان دەباتە قۆناغێکی نوێی ململانێی سیاسییەوە، بە تایبەت لە نێوان پارتی و یەکێتی و خوا بکات ململانێکە سوودێکی بۆ میللەت هەبێت.

- یەکێتی بانگەشەیەکی جیاوزی کرد و سەرۆکی یەکێتی بەڵێنی جیاوازی دا، کەواتە ئێستا کە یەکێتی ئەنجامەکەی (تا ڕادەیەک بە دڵە)، هەموو چاوەکان لەسەر جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی بافڵ تاڵەبانین، بۆیەش ئەگەر لەسەدا ٢٥ی بەڵێنەکانیشی لە ئاستی ناوخۆی حزب و ئاڕاستەی پێکهێنانی حکوومەت جێبەجێ بکات هیوابەخشە.

- پارتی دەنگەکانی بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراوی دیراسەکراو زیادبوون، ئەمە ئەگەر بۆ سەرۆک و سەرکردایەتی حزبەکە دەسکەوت بێت، تێگەشتنێکیترە بۆ پرۆسەی دیموکراسی و وێنەگەورەکەی هەرێمی کوردستان.

- نەوەی نوێ بە دووپاتکردنەوەی (بەشدارینەکردن لە حکوومەت) لە ماوەی دوو خولی پێشووی پەرلەماندا تاڕادەیەکی زۆر باش توانیویەتی خۆی بهێڵێتەوە و بەدەستهێنانی لەسەدا ١٥ی دەنگەکانی هەڵبژاردنی ئەمجارەش دەمانگەیەنێتە ئەو ڕاستییەی کە ئەم هێزە پێویستییەکی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتییە بۆ تەواوکردنی وێنەی هەرێمی کوردستان.

- ئیسلامییەکان (یەکگرتوو و کۆمەڵ و بزووتنەوە و پەیوەندی)، لە کۆی گشتیدا سەرکەوتوو نەبوون، ئەدای ناباشی سەرکردایەتییەکانیان، گوتاری ناکاریگەری سیاسیی هەڵبژاردنیان، نائامادەییان لە نزیک مێزەکانی بڕیاردان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، پێویستییان بە داننان بە شکست و بەخۆداچوونەوەی جیدیی هەیە و خراپە هەرلایەکیان خۆی بەسەرکەوتوو بزانێت چونکە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ٢٠٠٥دا ئەنجامی کورسییەکانیان دووهێندەی ئێستا بوون و ئەم شکستە بەردەوامانە جێگای تێڕامانن. دۆخی کۆمەڵی دادگەری ئێستا لەوانیتر زیاتر پێویستی بە وردبوونەوەی زیاترو تاوتوێکردنی سیناریۆی جیاوازە هەر لە موراجەعەی حزبییەوە تا موقاتەعەی سیاسی.

- ڕەوتی هەڵوێست، بە بێ میدیا و ماکینەی گەورە و تەنها بە بەکارهێنانی مۆبایل و سۆشیاڵ میدیا، تاکە هێزە لە کوردستاندا ئەنجامێکی باشی بەدەستهێناوە، ئەمەش زیاتر بۆ متمانەی (عەلی حەمەساڵح) و هاوڕێیانی دەگەڕێتەوە، چونکە لە پانزە ساڵی ڕابردوودا وەک دیاردەیەکی جیاوازیی پەرلەمانی ئەدایەکی سەرکەوتووی پێشکەشکردووە، هەڵبەت لێکدانەوەی ئەنجامەکان، دەمانگەیەننە ئەوەی کە ئەم هێزە دەنگی زیاتری هەبووە و بڕیاردەرانی ڕەوتەکەش باس لە “تەزویر و ساختەکاری” دەکەن.

- من بە پێچەوانەی هەمووانەوە، وایدەبێنم کە دەنگدەری کوردستان هوشیارییەکی زۆر باشی هەیە و بە هوشیارییەوە دەنگی داوە، لە ئەنجامی چەند لیست و کاندیدێکیشەوە ئەمە بە ڕوونی دەردەکەوێت.

- بزووتنەوەی گۆڕان، بە بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا خۆی خستە قاوغێکیتری داتەپیوی سیاسییەوە (پێشتر باسم لەمکردبوو کە بەشدارینەکردنی گۆڕان پێویستیە)، بۆیەش ئێستا ئیتر کاتیی حەلکردنی ئەم بزووتنەوەیەیە و ڕەنگە باشترین بژاردەش گەڕانەوە بێت بۆ سەر سفرەکەی یەکێتی ئەگەرچی وەک جاران نیە.

- ئەنجامی هەڵبژاردنەکە ئەگەرچی بۆ زۆرێک لە حزب و لیستە بچوکەکان و کاندیدە سەربەخۆکان چاوەڕوانکراو بوو بەڵام دەرفەتێکی زۆر باشە بۆ دەستلەکارکێشانەوەی بەرپرسەکان و قبووڵکردنی ئەنجامەکانی، دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک حزبێک لەم کاتەدا هەواڵێکی خراپ نەبوو.

- سەرنجڕاکێشترین خاڵی بانگەشە و پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەمجارە ئەوەیە کە خەریکە رەنگی ئاڵاکان زۆر کاریگەری نامێنێت بۆ جیاکردنەوەی هێز و لیستەکان لە یەکتر، خاڵی هاوبەش و لێکچوونیان زۆر بووە، بۆیەش ئەگەر حزبگەلێک بە تەمای مانەوە و گەورەبوون بن، ئێستا کاتی ئەوەیە هەوڵی پێکهێنانی لیستی هاوبەش بدەن.

- یاسای نوێی هەڵبژاردن و پرۆسەی ئەمجارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان جۆرێکیتری سیاسەت و فۆڕمێکیتری پێکهاتەی لیست و حزبی سیاسیی دەخوازێت، وەک دیارە لە کوردستاندا خەریکە حزبی سەرتاسەری نامێنێ یان زۆر کەمە، بۆیەش لە دوای یەکێتی و پارتییەوە، حزبەکانیتر دەبێت فۆرمێکیتری سەرکردایەتیی حزبەکانیان بهێننەوە ئاراوە، شتێ وەک سەرکردایەتی لەسەر بنەمای پارێزگاکان و بازنەکانی هەڵبژاردن، بۆ نمونە زۆربەی حزبەکان دەیان ئەندامی سەرکردایەتییان هەیە لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە بەڵام کەمیی ژمارەی کورسییەکانی پارێزگاکە و دیسان ناسەرکەوتویی زۆرێک لە حزبەکان لەو بازنەیەدا، نیشانەی ئەوەیە کە حزبەکان پێویستیان بە ستراکتۆر (پێکهاتە)یەکیتری سەرکردایەتی هەیە کە رەنگە باشترین ئیدارە ئەوە بێت کە پارتە سیاسییەکە تەنها سەرکردەی هەبێت و چوار بونیادی هەڵبژاردن لەسەر ئاستی چوار پارێزگاکە، ئیتر حزبیش پێویستی بە ٣٠-٤٠ ئەندامی سەرکردایەتی نامێنێ کە دەنگەکانی زۆر نەبن.

- هەڵبژاردن تەواو، بەڵام سەختترین قۆناغ، دوای هەڵبژاردن دەستپێدەکات کە پێکهێنانی کابینەی حکومەتی نوێیە، ئەمەش ئەو بابەتەیە کە جێگای سەرنجی وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و تەنانەت وەبەرهێنەر و کۆمپانیا نێدەوڵەتییەکانە، وەک چاوەڕوانیش دەکرێت، هەوڵەکانی پارتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ بە بێ بەشداری یەکێتی دەستپێدەکەن، بەڵام دواجار سەرکەوتوو نابێت و یەکێتی توانای ئەوەی هەیە بەشێک لە مەرجەکانی بخاتەسەرمێزی دانوستانەکان کە ڕەنگە کاریگەرییان هەبێت لەسەر ئەدای کابینەی نوێ و وێنەی هەرێمی کوردستان لە بەغدا.

د. موئمین زەڵمی

News ID 52381

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha