بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر،عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری لە وتارێکدا رایگەیاند: هەندێک پرسیارێکیان ئاڕاستە دەکەن و پێیان دەڵێن بۆچی ناچنە فەڵەستین، ئەویش دەڵێت، هەموان باش دەزانن رێگا بۆ چونە ناو فەڵەستین نییە و کەرتی غەززە ئابڵوقەی لەسەرە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاتی خۆشیدا هێندە خەباتی چەکداریان لە شاخ کردووە بۆیە ئێستا هیچ ترسێکیان لە جەنگ نییە، دور نیە جەنگی ئیسرائیل و غەززە درێژەبکێشێت، ئەو کاتەش لە عێراق و هەرێمەوە خەڵک دەچێت بۆ جەنگی غەززە.
ئەوەشی خستەڕو، موسڵمانان ئامادەن خوێنیان پێشکەشی خەڵکی زوڵملێکراوی غەززە بکات، بێ هەڵوێستی دەوڵەتە عەرەبییەکانیش بۆ چەند هۆکارێک دەگەرێتەوە، بەشێک لەو دەوڵەتانە لە ژێر رکێفی ئەمریکادان، بەشێکی دیکەیان ترسیان هەیە، بەشێکی دیکەشیان توانایان نییە هەڵوێستیان هەبێت.
سەبارەت بەوەش کە بزووتنەوەی حەماس لەلایەن ئێرانەوە هاوکاری دەکرێت، عەلی باپیر ڕایگەیاند وەرگرتنی هاوکاری لە ئێران عەیبە نییە، چونکە لە ڕابردووشدا کورد، شیعە و سوننە لە دژی بەعس هاوکارییان لە ئێران وەرگرتووە.
عەلی باپیر وتیشی: ئایا ئێمەش کەم هاوکاری ئێرانمان وەرگرتووە؟ ئایا مەمنوونی نەبووین؟ دەبێت دەستخۆشی لە ئێران بکەین کە هاوکاری حەماس دەکات و باجی ئەوەشی داوە.
هەر لە وتارەکەیدا ڕەخنەی لە بەرپرسانی ئەمنیی هەولێر گرت بەوەی مۆڵەتیان نەداون لە بەردەم مەڵبەندی حزبەکەیان گردبوونەوە بۆ پشتیوانیکردنی غەززە ئەنجام بدەن.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەی 13 رۆژە جەنگ و ململانێێ چەکداری لە نێوان هێزەکانی سەر بە بزوتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرائیل دروستبوە و تا ئێستا بەهۆی ئەو جەنگەوە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران، هەروەها زیاتر لە چوار هەزار هاوڵاتی فەڵەستینیش گیانیان لەدەستداوە.
Your Comment