بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەهۆى دواکەوتنى مووچە و پێنەدانى موچەى مانگى شەشەوە، مانگرتنى فەرمانبەران لە چەمچەماڵ و هەڵەبجە دەستیپێکرد و فەرمانبەران ڕایدەگەیەنن، تا موچەکانیان پێنەدرێت مامەڵەى هاوڵاتیان ڕایی ناکەن.
بەیانى ئەمڕۆ، بەهۆى دواکەوتنى موچەوە، بەڕێوەبەرایەتی چاودێری وگەشەپێدانی کۆمەڵایەتی چەمچەماڵ و یەکەی قەرزی بچووکی چەمچەماڵ، بایکۆتی دەوامیان ڕاگەیاند.
هەروەها، فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیریى و هونەریى هەڵەبجە، دەستیان لە کارکردن هەڵگرت و مانگرتنیان ڕاگەیاند و ئەو هاوڵاتییانەشی بۆ ڕایی کردنی مامەڵەکانیان چووبوونە ئەو فەرمانگەیە، کاریان بۆ نەکراوە.
بە وتەی فەرمانبەران بەهۆی وەرنەگرتنی مووچەکانیان گوزەرانیان قورس بووە و بەبێ مووچە ناتوانن دەوام بکەن و جەختیان کردەوە، تا ئەو کاتەی مووچەکانیان پێدەدرێت ناچینەوە دەوام و مامەڵەی هاوڵاتییان ڕایی ناکەن.
سبەینێ مانگى ٨ و هێشتا حکومەتى هەرێم موچەى مانگى ٦ى فەرمانبەرانى دابەشنەکردووە و بەوتەى بەرپرسانى هەرێم تا پارە لە بەغداوە نەیەت ناتوانن موچە دابەش بکەن.
Your Comment