بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، پڕۆژەی ئازادی ڕۆژنامەگەری (PFP) لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت: "لە میانەی لێدوانی ئەم دواییەیدا لە ئینستیتیوتی ئاشتی ئەمریكا (USIP)، بەڕێز ئەحمەد ئیدیعای كرد كە لەگەڵ واقیعی دۆخەكەدا ناگونجێت. بە تایبەتی کە بە نادروستی باسی لەوە كرد كە لە كوردستان ڕۆژنامەنووس لە زینداندا نییە و بوونی زیندانی سیاسی ڕەتكردەوە."
دەشڵێت: بەڵام ئێمە ئەم بانگەشانە بە توندی ڕەتدەكەینەوە، هەروەها كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و داكۆكیكارانی ئازادی ڕۆژنامەگەری بەهەمانشێوە رەتیدەكەنەوە. جگە لەوەش ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆش ڕەتكردنەوەی خۆیان لە قسەكانی بەڕێز ئەحمەد دەربڕیوە".
ئاماژەش دراوە کە "هەوڵی بەرێز رێبەر ئەحمەد بۆ ڕەتكردنەوەی پێگەی كەسانی وەك شێروان شێروانی، گوهدار زێباری و ئەوانی دیكە وەك ڕۆژنامەنووس، زۆر جێگەی نیگەرانییە. ئەم كەسانە سەرەڕای خۆبەخشییەكی تەواو بۆ پیشەكەیان، لە زیندانەكانی كوردستان سزای سێ ساڵ بەسەر دەبەن، تەنیا لە پێناو وتنی راستی".
ئاماژە بەوەش دەكات "بۆ بەرێز وەزیری ناوخۆ گونجاوتر دەبوو دان بە ڕاستییەكاندا بنێ و بە بیركردنەوەی ئاقڵمەندانە ڕوونی بكردایەتەوە كە بۆچی ئەو رۆژنامەنوسانە لە زیندانن.
راشیگەیاند "داوا لە بەڕێز ئەحمەد و حكومەتی هەرێم دەكەین پابەندی خۆیان بە ئازادی ڕۆژنامەگەرییەوە بپارێزن، ڕۆژنامەنووسانی ناڕەوا زیندانیكراو ئازاد بكەن، زەمینەیەكی لەبار بۆ ڕاگەیاندنەكان بۆ ئەوەی بە ئازادی و بەبێ ترس كاربكەن. ڕاستییەكان شایەنی ئەوەن كە گوێیان لێ بگیرێت و دەبێت ڕێگە بە ڕۆژنامەنووسان بدرێت ڕۆڵی خۆیان لە كۆمەڵگادا بەجێبهێنن بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی گۆشەگیری و زیندانی ببنەوە.
Your Comment