ئاژانسی هەواڵی مێهر، لە شەوی نۆزدەی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان بوو کە سەری پیرۆزی ئیمام عەلی (د.خ) یار و دۆستی هەمیشەیی پێغەمبەری گەورە بە سمشێری ژەهراویی یەکێک لە پیسترین مرۆڤەکان، بریندار بوو و بەم شێوەیە لە دوایین ڕۆژەکانی ژیانی نزیک بووەوە.
ئیمام عەلی چەندین جار لە پێغەمبەری ئیسلام(د.خ) سەبارەت بە چۆنایەتی شەهید بوونی قسەی بیستبوو و پێغەمبەر بە قسەکانی هەواڵی لە داهاتوو و ڕووداوە تاڵ و خەمبارەکانی بۆ عەلی و ئۆمەتی ئیسلامی دابوو.
ئیمام عەلی لە کاتی شەهید بوونیدا شەست و سێ ساڵی تێپەڕاندبوو. لە شەوی شەهادەتیدا، ئیمام عەلی وەکوو ساڵانی ڕابردوو لە ماڵی یەکێک لە منداڵەکانی واتا کچەکەی ئوم کولسووم میوان بوو.
کچەکەی دەیگێڕێتەوە کە لە کاتی بەربانگدا بە نانێک و تۆزێک خوێ ڕووژووەکەی شکاند و دوای ئەوە خەریکی نوێژ و دۆعا و نزا بوو و هەندێک جار لە ژوورەکەی دەهاتە دەرەوە و بە ڕوانین بە ئاسمان دەیگوت: بەو خودایە قەسەم ئەمە هەمان شەوە کە خۆشەویست و مامۆستاکەم بەڵێنی پێ دابووم. بەو خودایە، هەرگیز درۆم نەوتووە و درۆیشم لە پێغەمبەری خودا نەبسیتووە، ئەمە هەمان شەوە کە بەڵێنی شەهید بوونم دراوە.
شەوی نۆزدەی ڕەمەزان ڕوو لە کۆتایی بوو، ئیمام عەلی، وردە وردە خۆی ئامادە دەکات بۆ ڕۆییشتن بۆ مزگەوت و خوێندنی نوێژی بەیانی دەکات.
ئیمام عەلی کاتێک دەگاتە مزگەوت بانگی بەیانی دەڵێت و دەست دەکات بە خوێندنی نوێژ.
ئیبن مولجەم مورادی لە پیلانی خەیانتکارانەیدا بڕیاری دابوو تا ئەو ئیمامە لە کاتی هەستانەوەی لە ڕکووعدا یان بەرز کردنەوەی سەری لە کاتی سوجدەدا بکاتە ئامانج. هەر بۆ ئەوەش دەچێتە مزگەوت و لە پاڵ کۆڵەکەیەکدا خۆی حەشار دەدات تا پیلانەکەی جێبەجێ بکات.
کاتێک کە ئیمام عەلی سەری لە سوجدە بەرز دەکاتەوە، بە شمشێری ژەهراوی سەری ئەو ئیمامە دەپێکێت.
بە پێی گێڕانەوەکان ئیبن مولجەم ڕێک هەمان جێگا دەپێکێت کە لە شەڕی خەندەقدا "عمرو" بە شمشێر پێکابووی.
هەواڵی ئەو جەنایەتە وەکوو گێژەڵووکەیەک کووفە و دەوروبەری دەهەژێنێت. خەڵک لە ماڵەکانی خۆیان هاتنە دەرەوە و بە شیوەن و هاوار ڕێگای مزگەوت و ماڵی خانووی حەزرەتی عەلی دەگرنە بەر.
ئیبن موجەلم مورادیش کە دەیهەویست هەڵبێت، بە دەستی خەڵک ئەسیر دەبێت و دەبردرێتە مزگەوت.
ئیمام عەلی دوای هەندێک قسە لەگەڵ ئیبن مولجەم ڕووی لە منداڵەکانی خۆی کرد و وتی: لەگەڵ ئەو بسازن و لەگەڵی میهرەبان بن. ئەگەریش من گیانم لەدەست دا، ئەو کات ئێوەش ئیعدامی بکەن و بە یەک جارەکی بیکوژن و نەیسووتێنن و لەت لەتی مەکەن.
هەر لە ئەو کاتەوە ڕەوتی چارەسەر کردنی برینی ئیمام عەلی دەست پێدەکات و شارەزاترین پزیشکەکانی ناوچەکە دێنە سەرینی بەڵام برینەکەی چارەسەر نابێت و لە شەوی بیستەمی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان کاریگەری ژەهرەکە دەگاتە پێی ئەو ئیمامە و دوای خوێندنی نوێژەکەی هەواڵ لە شەهید بوونی خۆی دەدات.
بەیانیی ڕۆژی بیست و یەکەمی ڕەمەزان ئیمام عەلی دوای ئامۆژگاری خەڵک و بەتایبەتی منداڵەکانی، ڕووی لە ڕووگە کرد و چاوەکانی نووقاند و دەست و پێی ڕوو لە ڕووگە کرد و شایەتەوئیمانی وتەوە و هەر ئەو کاتە، هەنگاویان بەرەو بەهەشت هەڵێنا.
Your Comment