بە پێی هەواڵی میهر، سێهەمین دیبەیتی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی سێزدەهەمین سەرۆک کۆماری ئێران بە بەشداری هەموو کاندیدەکان و لە دەنگ و ڕەنگی فەرمی ئێرانەوە دەستی پێ کرد.
دیبەیتی یەکەم ۱۵ی جۆزەردان و لە سەر تەوەری ئابووری، دیبەیتی دووهەم ١٩ی جۆزەردان لە سەر تەوەری کۆمەڵایەتی بەڕێوە چوو.
ئەم دیبەیتە بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە کەناڵی یەک، کەناڵی هەواڵی ئێران، ڕادیۆ ئێران و ڕادیۆ هەڵبژاردن بڵاو دەبێتەوە.
سەید ئەمیرحسێن قازی زادە هاشمی:
قازی زادە هاشمی کاندیدای سێزدەهەمین سەرۆک کۆماری ئێران وتی: وڵاتی ئێمە لە بواری بەرهەمهێنانی خانوبەرەوە گەشەی زۆری کردووە بەڵام ئەم گەشە تەنها لە چەند پارێزگا بووە و بۆتە هۆی زۆر بوونەوەی کۆچی جەماوەر لە دیکەی شارەکان.
ئەو وتیشی: سەرچاوەکان لە وڵاتی ئێمە بە باشی دابەش نەکراون و ئەمەش لە بەڕێوەبەرایەتی ناکارەمەدا دیارە و کارنامەی دەوڵەت لەم بوارە روون و ئاشکرایە.
عەبدولناسر هیمەتی:
هیمەتی لە کاندیدەکانی سەرۆک کۆماری ئێران وتی: سەرۆک کۆمار دەبێ هەڵبژاردەی هەموو خەڵکی ئێران بێت. دەبێ روانینێکی جیاوازمان بۆ ئەم بابەتە ببێت بە تایبەت بە هۆی ئەوەی کە لەم قۆناغەدا پێوەندی خەڵک و دەوڵەت کەم بۆتەوە و هیوادارم لەم هەڵبژاردنەدا مەودای نێوانیان کەم بێتەوە.
ئەو وتیشی: ئێمە دەتوانین پێوەندی باشمان لە گەڵ دیکەی ئایینەکان, ژنان و لاوانی وڵاتمان ببێت. من هەموو کات لە گەڵ خەڵک پێوەندیم دەبێت و کێشەکانیان چارەسەر دەکەم.
سەید ئیبراهیم رەییسی:
رەئیسی لە کاندیدەکانی سێزدەهەمین سەرۆک کۆماری ئێران وتی: پێوەندی لە گەڵ خەڵک بەشێکی گرینگی بەرپرسیاریەتی منە و هەموو کات داڵغەم بیستن و چارەسەر کردنی کێشەکانی خەڵکە.
ئەو وتیشی: من بەڕێوەبەرانێک هەڵدەبژێرم کە خاوەن سێ مەرجی خەڵکی بوون, دژی گەندەڵی بوون و خاوەن بیری شۆڕشی بوون بن و بە شێوەی جیدی ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن.
حەسەن مێهرعەلیزادە:
مێهرعەلیزادە کاندیدای سێزدەهەمین سەرۆک کۆماری ئێران وتی: کاتێ کە دەوڵەت لە کەسانی پسپۆڕ لە هەموو بوارەکان کەڵک وەربگرێت داڵغەی خەڵک باشتر دەناسرێت و بەرپرسان باشتر دەتوانن کێشەکان چارەسەر بکەن.
ئەو وتیشی: گەر سیستەم لەو کەسانە پێک بێت کە خەڵک هەڵیانبژاردووە و کاندیدی پشتیوانی کراوی حیزبە سیاسیەکان نەبێتە خاوەن دەسەڵات, بێگومان بڕیارەکان روونتر و خێراتر جێبەجێ دەکرێت وکێشەکان بە نزمترین ئاستی خۆیان دەگەن.
موحسین ڕەزایی:
موحسین رەزایی کاندیدای سێزدەهەمین سەرۆک کۆماری ئێران وتی: ژنان ۵۰ لەسەدی جەماوەری وڵاتی ئێمە پێک دێنن بەڵام لە ئابووری نەتەوەییدا تەنیا ۱۰ لەسەد بەشیان هەیە ئێمە بەرنامەمان بۆ چالاک بوونەوەی ژنان داڕشتووە.
ئەو وتیشی: ئێمە لە سێ ئاستی نەتەوەیی, ناوچەیی و خانوبەرە بەرنامەی جیدیمان هەیە کە بەرچاوترینیان خانوبەرەی هەرزان بۆ هەمووانە.
عەلیڕەزا زاکانی:
زاکانی کاندیدای سێزدەهەمین سەرۆک کۆماری ئێران وتی: سەردەمێک ئێمە لە بەرانبەر داگیرکەرە بیانییەکان وەستاین و لە خاک و نیشتمانی خۆمان بەرگریمان کرد و ئەمڕۆش دەبێ لە بەرانبەر ئەو تاڵانکەرانەی کە ئابڕوو و گیانی خەڵکیان کردۆتە ئامانج راوەستین.
ئەو وتیشی: ئەمڕۆ ئێمە دەبینە دەنگی تاڵانکراوان و دژی ئەوانەی بەدوای فریودانی خەڵکن دەوەستینەوە و ناهێڵین دیسانەوە بە درۆکانیان کۆمەڵگا تووشی کێشە بێتەوە.
سەعید جەلیلی:
جەلیلی کاندیدای سێزدەهەمین سەرۆککۆماری ئێران وتی: سەروک کۆمار دەبێ داڵغەی هەموو خەڵک بزانێت و لەوەش تێبگات سەروکی هەموو وڵاتە و دەبێ بە باشترین شێوە بەڕێوەبەرایەتی بکات.
ئەو وتیشی: ئێمە لە ۸ سای پێشوودا بە باشی کێشەکانی خەڵکمان ناسیوە بەڵام دەشزانین خواستی جیدی و دەسەڵاتێک سەرووی گرووپە سیاسییەکان بۆ چارەسەر کردنیان پێویستە.
Your Comment