بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ڤلادیمیر ڤۆرۆنکۆڤ، جێگری سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بە ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی راگەیاند: بارودۆخی منداڵان لە کامپی هۆل زۆر خراپە .
ئاماژەی بەوەشکرد: نزیکەی 27 هەزار منداڵ لەو کامپە "گیریان خواردووە" و مەترسی ئەوە هەیە رێکخراوی داعش کاریان لەسەربکات و بکرێنە کەسانی پەڕگیر.
کامپی هۆل بە گەورەترین کامپی ئاوارە و کۆچبەران لە ناوچە کوردنشینەکانی سووریا و سووریا دادەندرێت و نزیکەی 62 هەزار کەسی تێدایە.
نزیکەی 80٪ی ئەوان ژن و منداڵن و زۆربەی ئەوانیش دوای کۆنتڕۆڵکردنی باغۆز لە ئاداری 2019دا لە لایەن هەسەدەوە گوێزرانەوە کامپەکە.
بەرپرسەکەی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند: منداڵانی خەڵکی 60 وڵاتی جیهان لە کامپەکەدان و بەرپرسیارێتی ئەوانیش لە ئەستۆی ئەو وڵاتانەدایە، نەوەک سووریا و هەسەدە. ڤۆرۆنکۆڤ وتی: دەبێت حکومەتی ئەو وڵاتانە بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێبکەن و ئەو منداڵانە بگەڕێننەوە وڵاتەکانیان.
ئەو بەرپرسەی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان وتی: تاوەکوو ئێستا حکومەتی هەندێک وڵات نزیکەی هەزار منداڵیان لە هۆلەوە گەڕاندوەتەوە وڵاتەکانیان.
ڤۆرۆنکۆڤ رایگەیاند: ئەو کەسانەی تەمەنیان لە خوار 14 ساڵە نابێت دەستبەسەربکرێن و ناشکرێت دادگایی بکرێن و گوتیشی، ئەگەر منداڵان لە لایەن کۆمەڵگەکانەوە پاڵپشتی بکرێن، ئەوا دەتوانن بەسەر ئەزموونە خراپەکانی ژیانیاندا زاڵ بن.
هاوکات ڤێرجینیا گامبا، نوێنەری تایبەتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری منداڵان و پێکدادانە چەکدارییەکان وتی: نابێت منداڵان وەک هەڕەشەی بواری ئەمنی سەیربکرێن و پێویستە دەستبەرسەکردنیش وەک دوایین رێکار پەنای بۆ ببردرێت.
Your Comment