بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، مەحموود محەممەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، راگەیێندراوێکی وەک وەڵامدانەوەی پەکەکە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: "لە دوایین لێدوانەكانیاندا (پەکەکە) نەفەسی هەڕەشە و خواستی نانەوەی گرژی و ناسەقامگیری و ئاوەژووكردنی راستییەكان بە ئاشكرا دیارە."
دەشڵێت: ئەم جۆرە رەفتارانەی پەكەكە شتێكی تازە نییە و لە راستیدا ئەوان بە كارە نابەجێ و گوماناوییەكانیان بوونەتە هەڕەشە لەسەر ژیانی خەڵكی هەرێمی كوردستان
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەی وتەبێژی پارتیدا هاتووە: "پەكەكە بە ئاشكرا كەوتووەتە ململانێ لەگەڵ هەرێم و مەترسی بۆ سەر ژیان و بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان دروست دەكات. ئەوان لە هەر شوێنێك كوردێكی لێ بێت خێرا خۆیان بە خاوەن ماڵ دەزانن و كوردیش بە میوان".
ئەوەشی وتووە کە جێگەی داخێكی زۆرە كە لە زۆر بارودۆخی هەستیاردا پەكەكە بە لێدوانی بەرپرسانی و كردەوەكانی بووەتە مایەی سەرئێشە بۆ خەڵكی كوردستان و دامودەزگەی هەرێمی كوردستان كە بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی دەیان ساڵەی گەلی كوردستانە.
ئاماژەشی داوە کە " ساڵانێكی زۆرە بە سەرانەوەرگرتن و داگیركردنی ماڵ و موڵكی خەڵك، ڕێگەیان لە ئاوەدانكردنەوەی سەدان گوند و گەڕانەوەی خەڵكی سڤیل بۆ ناوچەكانیان گرتووە. گۆڕەپانی شەڕ و ململانێكانیان گواستووەتەوە ناو هەرێمی كوردستان و ڕۆژانە هاووڵاتیانی هەرێم باجی مرۆیی و ماددی ئەو ڕەفتاری پەكەكە دەدەن. كارمەندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان شەهید دەكەن و هێشتایش پێیانوایە ئەوان هەڕەشە نین و هەرێمی كوردستان دەپارێزێن!"
مەحمود محەمەد دەڵێت: "لە وەڵامی وتەكانیاندا دەڵێین ئێمە بڕوای تەواومان بە چارەسەركردنی ئاشتیانەی دۆزی ڕەوای گەلی كورد و تەبایی نێوان لایەنەكان هەیە. لێدوان و كردەوەكانتان زیانی زۆری بۆ هەرێمی كوردستان هەبووە و بۆ ڕێگەگرتن لە تێكچوونی زیاتری بارودۆخ داوا دەكەین چیتر كێشەی خۆتان و خەڵكی تر مەهێننە ناو هەرێمی كوردستان."
شیاوی ئاماژەیە دوێنێ موراد قەرەیلان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، هۆشداری دابوو كە پارتی دیموكراتی كوردستان رێگە لە هاتووچۆی هێزەکانیان دەگرێت و "لەوانەیە شەڕ رووبدات".
Your Comment