دلۆڤانی و یارمەتی خۆبەخشانە نەریتێکی ئێرانی

لە نێو هەموو هەواڵە ناخۆشەکان سەبارەت بە دژواری بژێوی ژیان و نالەباری دۆخی ئابووری و پەرە سەندنی نەخۆشی کۆرۆنا؛ ڕووداوگەلێکی خۆش و دڵخۆشکەریش ڕوو دەدات.

ئاژانسی هەواڵی مێهر-گرووپی فەرهەنگ: ئەمە بۆ چەند ساڵێکە کە فەرهەنگێکی باش بووەتە باو لە نێو خەڵکی ئێراندا، بە شێوەیەک کە لە هەر ڕووداێکدا بە شێوەی خۆبەخشانە لە خەڵکی ئاساییەوە بگرە تا بەرپرسان و کەسایەتییە سەربازییەکان و دکتۆر و مامۆستا و هەموو چینەکانی تر کۆ دەبنەوە ئەوەی کە لە دەستیان دێت ئەنجامی دەدەن و یارمەتی لە شارەکانی ترەوە کۆ دەکەنەوە و دەیگەیێننە دەستی ئەو خەڵکەی کە تووشی ڕووداو هاتوون.

خەڵکی ئێران لە هەموو ڕووداوەکاندا سەلماندوویانە کە پشتی یەک بەرنادەن و لە کاتی تەنگانەدا دەچنە هانای یەکەوە. بۆ نموونە لە کاتێک کە کرماشان بوومەلەرزە لێی دا، لە تەواوی شارەکانی ئێران و بەتایبەتی لە شارە کوردنشینەکانەوە هەموو پێداویستییەکانی ئەو خەڵکە لێقەوماوە هەر لە خۆراک و نانەوە بگرە تا خێوەت و بەتانی و کانێکس و ...یان  دابین کرد . ئەو ڕووداوە بووە خاڵکی وەرچەرخان لە ئەو بوارە و بۆ ڕووداوەکانی دواتریش هەر درێژەی هەبوو.

یەک ساڵ و نیوی ڕابردوو لە سەرەتای ساڵی نوێدا ناوچەی لوڕستان و خوڕماوا لە باشووری ڕۆژاوای ئێران و گوڵستان لە باکووری ئێران، لافاو هات و ئەوەی خەڵک هەیبوو و نەیبوو لەگەڵ خۆیی برد، بەڵام خەڵک لە شار و ناوچەکانی تری ئێرانەوە جۆرێک پاڵپشتی ئەو خەڵکەیان دا کە زۆر کەم هەستیان بە ئەوە کردبێت کە لە دنیادا هیچیان بۆ نەماوە.

کاتێک کە ساڵی ڕابردوو لە سیستان و بەلووچستان لە باشووری ئێران لافاو هات دیسان ئەوە خەڵکی ناوچەکانی تری ئێران بوون کە لە پاڵ دامودەزگا دەوڵەتییەکان و بگرە پێشتر لە ئەوانیش لە چوارچێوەی گرووپە خۆبەخشەکان دەستیان کرد بە کۆ کردنەوەی پارە و خۆراک و هەر جۆرە پێداویستیەک و لە زووترین کاتدا پێشکەشی خەڵکە لافاولێدراوەکانیان کرد.

ئێستاش کە دەبینین بۆ چەند مانگێکە کە ڤایرۆسێکی نەناسراو و نوێ تەواوی گۆی زەویی داگرتووە و دۆخی سەرجەم وڵاتەکانی خستووەتە ژێر کاریگەرییەوە و سروشتییە کە وڵاتی ئێرانیش دوور لە ئەو بابەتە نییە و لە مانگی ڕەشەممەوە شێوەی ژیانی خەڵکی گۆڕیوە. بەڵام ئەوەی کە ئێرانی لە پرسی کۆرۆنا جیاواز کردووەتەوە ئەوەیە کە لە ژن و لە پیاو و لە هەموو چین و توێژەکانی خەڵک هاتوونەتە مەیدانەوە و یارمەتی دەدەن کە چینی هەژار و لاواز و ئەوانەی کە نەخۆشی قووڵیان هەیە کەمتر بکەونە بەر پەلاماری ئەو ڤایرۆسەوە.

هەر لە دەسپێکی نەخۆشییەکەوە کە بۆ ماوەی دوو مانگی تەواو خەڵک ئیش و کاری خۆیی داخست و چوونە ماڵەوە بۆ ڕێگری لە هەرچی زیاتر بڵاو بوونەوەی ئەو نەخۆشییەوە بەڵام لەم نێوانەدا ئەو چینەی کە دەس­ڕۆیشتوو بوون دەستی یارمەتیدانیان بۆ لای خەڵکی هەژار و لاوازی کۆمەڵگا داکێشا و پێداویستییە ڕۆژانەکانیان دابین کرد و نەیانهێڵی کە ئەو چینە لێیان بقەومێت.

ئەمە لایەنێک لە هەوڵی خۆبەخشان بوو، بەشێکی تر لە خۆبەخشەکان، گیانی خۆیانیان لە ناو دەستیان دانا و ڕوویان کردە نەخۆشخانەکان بۆ یارمەتیدانی پزیشک و پەرەستار و کادیری دەرمانی.

کەسانێک بوون کە تێدەکۆشین بە دروست کردنی ئاومیوە و خۆراکی بەهێز بچنە هانای هەم نەخۆشەکانەوە و هەم کادیری دەرمانییەوە تا نەخۆشەکان بتوانن لە بەرانبەر ڤایرۆسەکە خۆڕاگری بکەن و کادیری دەرمانیش هێزی ئەوەیان هەبێت خزمەتی زیاتر بە کۆمەڵگا بکەن.

چینێکی دیکە بەتایبەتی ژنانیش بە دوورینی دەمامک و بڵاو کردنەوەی لە نێو خەڵکدا تێکۆشین بەشێکیان هەبێت لە ئەو کارە خێرخوازانەدا.

لە ئەم چەند ڕۆژەی دواییش کە هاوکات بوو لەگەڵ ڕۆژانی موحەڕەم و ڕێوڕەسمی عاشوورا و تاسووعا، بە بۆنەی تەشەنە سەندنی ڤایرۆسی کۆرۆناوە خەڵک نەیتوانی وەکوو ساڵانی پێشوو نەزرییەکانی خۆیان لە ڕێگای دروست کردنی چێشتەوە، پێشکەش بکەن، هەر بەو بۆنەوە دیسان خۆبەخشەکان هاتنە مەیدانەوە و بە ناسینەوەی خەڵکی هەژار و دەست نەڕۆیشتوو، تێکۆشین هەم نەزرییەکانی خۆیان و هەم کەسانی تر کۆ بکەنەوە و لە چوارچێوەی پاکێجی خۆراکیدا بڵاوی بکەنەوە و بەسەر هەژاراندا دابەشی بکەن.

News Code 33882

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 3 + 2 =