برینەکانی سەردەشت پاش ٣٣ ساڵ سارێژ نەبوونەتەوە

٣٣ ساڵ لە بۆردومانی کیمیایی سەردەشت (یەکەمین قوربانی چەکی کیمیایی جیهان) تێدەپەڕێت و هێشتا بلۆق و کۆخە ویشەکەکان بەشێکن لە ژیانی رۆژانەی خەڵکی ئەو شارە سنوورییە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی پارێزگاکان - سەکینە ئێسمی: ٧ی پووشپەڕی ساڵی ٦٦ی هەتاوی بەرامبەرە لە گەڵ هێرشی کیمیایی ڕژیمی بەعس بۆ سەر شاری سنووریی سەردەشت و قەومانی یەکێک لە گەورەترین کارەساتەکانی مرۆیی لە پاش شەڕی یەکەمی جیهانی و پەسند کرانی کۆنوانسیۆنەکانی قەدەغەی چەکی کیمیایی لە ئاستی جیهاندا.

لەو جەنایەتە مرۆییەدا ١٣٠ کەس لە ١٢ هەزار دانیشتووی ئەو شارە گیانیان لە دەست دا (١٠٩ کەس لە یەکەم رۆژی کارەساتدا) و نزیکەی ١٠ هەزار کەس کەوتنە بەر شاڵاوی کیمیایی. ئەگەرچی پاش ٣٣ ساڵ لەو ڕووداوە بە هۆی کاریگەرییەکانی گازی کیمیایی خەردەل هێشتا دانیشتووانی ئەو شارە گیرۆدەی پاشهاتە نەگریسەکانی کیمیابارانن.

بلۆقی هۆکردووە، قۆخەی ویشک و برینی کۆنی سارێژنەبوو کە نزیکەی چوار دەیەیە هەرچی رۆژ دەم دەکاتەوە هەتا بێ بەشی و چارەرەشیی ئەو خەڵکە سنوورنشینە هاوار بکات؛ برینگەلێک کە بە هۆی کەمتەرخەمیی پێڕاگەیشتنی بەرپرسان زیاتر تەشەنەی سەندووە و بۆتە ژانێکی دووقاتە و ئەوکی دانیشتووانی یەکەمین قوربانی چەکی کیمیایی جیهانی گرتووە.

لێرە کات و سات لە ٧ی پووشپەڕی ساڵی ٦٦ی هەتاویدا وەستاوە و پێکەنین و شادی خەڵکی ئەو زێدە لە زەمانی عایەق‌کراوی ئەو رۆژەدا چاڵ کراوە و جاری نایەوێ دەست لە یەقەیان بکات، ئەویش لە کاتێکدا کە بە گوێرەی کارناسان کاریگەریی نەگریسی خەردەل بڕیارە بۆ ١٠٠ تا ١٨٠ ساڵ بەردەوام بێ و سێ بەرە تێوەگلێنێت. هەر بۆیە سەیر نییە کاتێک دەبیستی وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاندووە کە نابێ لە دانیشتووانی ئەو شارە خوێنی یارمەتی بۆ بانکی خوێن وەربگیرێت.

٨٠٠٠ داواکاری بۆ گیانبازی کیمیایی

ڕێژە و ئاماری هەزار و ٦٠٠ کەسی گیانبازانی تۆمارکراوی کیمیایی بە بەراوەردە لە گەڵ ڕێژەی ٨ هەزار بەرکەوتووی داواکاری ئاوردانەوە لە پەنای نەبوونی ئیمکاناتی دەرمانی و کەمتەرخەمی مێژوویی بەرپرسان و تەنانەت ناوەندگەلی نێودەوڵەتی نیشاندەری قووڵایی ئەو کارەساتە مرۆڤییە لە ماوەی ئەو ٣٣ ساڵەیە.

هێشتاش پاش ٣٣ ساڵ ئامارێکی ڕاست و دروست لە ژمارەی بەرکەوتووانی کیمیایی بە دەستەوە نییە. هێشتاش ٨ هەزار کەس هاواری بەرکەوتوویی دەکەن و نەیانتوانیوە ئەم داواکارییەیان بسەلمێنن. ئەوە لە کاتێکدایە کە بە گوێرەی ئەو پزیشکانەی سەردانی سەردەشتیان کردووە و بەرکەوتووانیان سەح کردووە، ژمارەی بەرکەوتووان و بریندارانی کیمیایی سەردەشت زیاتر لە ٨ هەزار کەسە، ڕێژەیەک کە کاتی خۆی بەرپرسانی فەرمی ئێرانیش پشت‌راستیان کردۆتەوە. تەنانەت کۆلۆنێل عەلەو پانین لە کارناسانی چەک و چۆڵی کیمیایی کە کاتی خۆی بە نوێنەرایەتی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی سەردەشتی کردووە، بە ڕاشکاوی دان بە بەرکەوتوونی ڕاستەوخۆی ٨ هەزار و ٦٠٠ کەس لە شاڵاوی کیمیایی سەردەشت دەکات؛ بەڵام تەنانەت ئەو بەڵگەیەش نەیتوانیوە داواکاری خەڵکی ئەو شارە لای بەرپرسانی دەوڵەتی ئێران بسەلمێنێت.

ڕەحیم واحدی ئەندامی لیژنەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی بەرکەوتووانی کیمیایی سەردەشت لەوبارەیەوە بە ئاماژە بە بەکارهێنرانی گازی خەردەل و دەمار لە بۆردومانی سەردەشت بە بەراوەردە لە گەڵ گازی سیانۆری بە کار هێنراوە لە بۆردومانی کیمیایی حەڵەبچە و بیرهێنانەوە درێژخایەن‌تر بوونی کاریگەرییەکانی خەردەل لە سەر سروشت و لەشی بەرکەوتووان، دەڵێ: تا ئێستا نەمانبووە کەسێکی بەرکەوتەی گازی خەردەل چابووبێتەوە و پاشهاتەکانی لە سەر سیە، پێست و چاو دەمێنێتەوە و لەو ڕووەوە ئەزموونی کارەساتی سەردەشت تەنیا بە رۆژی بۆردومانەکەی نابەسترێتەوە و لە تەواو ئەو ساڵانە درێژەی بووە.

سکاڵا و کێشەگەلێک کە هەرچی ساڵە دووپات دەبنەوە

لە پەنای تۆمارنەکرانی ناو ڕێژەی دروستی بەرکەوتووان، نەبوونی دەرمان و ناوەندی تایبەتی پزیشکی و کۆمیسیۆنی پزیشکی بۆ ئامادەکردنی دۆسیەی دەرمانی و ژێرخانی گەشەی پێویست و هاوسەنگ لە گەڵ دۆخی جەماوەری ئەو شارە، هەرچی ساڵە وەک خۆی بێ وەڵام و بێ چارەسەریی حەواڵەی ساڵی داهاتوو دەکرێت و لەمناوە زۆربەی بەڵێنەکانی دەوڵەت بۆ چارەسەریی کێشەکان، خەونێکن کە دەڵێی بڕیار نییە جارێ بەمزووانە وەدی بێن.

هێشتاش بە هۆی نەبوونی ئیمکانات و جیهازاتی پزیشکی پێویست گیانبازان و بەرکەوتووانی کیمیایی سەردەشت دەبرێنە شارە گەورەکانی دیکەی وڵات. هێشتاش نەخۆشخانەیەکی پسپۆڕی و ناوەندی توێژینەوەی تایبەتی کیمیایی، پزیشکی پسپۆڕ و دەرمانی تایبەتی بۆ بەرکەوتووانی کیمیایی، پێڕاگەیشتن بە ژێرخانی کێشەدار و شەقامی خۆڵین، چارەسەریی کێشەی خۆڵبارین و کردنەوەی سەیرانگە و شوێنی تایبەتی حەوانەوە پاش ٣٣ ساڵ کەمترین داواکاری خەڵکێکە کە گیانیان کردە قەڵغان بۆ پاراستنی سنوورەکانیان و سەدان شەهیدانیان لە پێناو سەرخستنی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شەڕێکی نابەرابەر لە گەڵ دژمنی بەعسی ئاراستە کردووە.

دەرمانی گیانبازانی کیمیایی نایابە

سەرۆکی ئەنجومەنی بەرگری لە مافی بەرکەوتووانی کیمیایی سەردەشت سەبارەت بە دوا دۆخی بەرکەوتووان و گیانبازانی کیمیایی سەردەشت بە هەواڵنێری ئاژانسی مێهری ڕاگەیاند: ئەمساڵیش وەک ساڵانی ڕابردوو کێشەکان هەمان کەمایەسی ئیمکاناتی دەرمانی، پزیشکی و نەبوونی پزیشکی پسپۆڕ، نەبوو دەرمانی تایبەتی بە بەرکەوتووانی کیمیاییە.

ساڵح عەزیز پوور ئاماژەی بە مەترسییەکی گەورەتر بە ناوی تەشەنەی کۆرۆنا و بەستێنی لەباری تەشەنەسەندنی ئەو ڤایرۆسە لە شاری سەردەشت بە هۆی نەخۆشیگەلی بەستێنی خەڵکی ئەو شارە کرد و ڕاشیگەیاند: نەبوونی کەمترین ئیمکاناتی خۆپاراستنی وەک دەمامک و دەستکێش و جیهازاتی تایبەتی تەندروستی و خاوێن کردنەوە بۆتە ژان و ئێشێکی دووقاتە.

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەوەش دا کە بە هۆی دۆخی تایبەتی کۆرۆنا و زەروورەتی پاراستنی گیانی خەڵکی و سنووردانانی کۆمەڵایەتی، لەوساڵدا ئەنجومەنی بەرگری لە مافی بەرکەوتووانی کیمیایی سەردەشت هیچ پرۆگرامێکی تایبەتی نابێ و جەختی کرد: لەوساڵدا هاوکاتی ٣٣ئەمین ساڵوەگەری کیمیابارانی شاری سەردەشت، کێشە و کەمایەسییەکان هەر وەک خۆیانن و هیچ هەوڵ و هەنگاوێک لە بەرپرسان بۆ چارەسەریی کێشەکان و سیەی ئاخێنراوەی خەڵکی ئەم شارە نین و تاقە کلینیکی دەرمانی تایبەتی گیانبازانی سەردەشت بە نیوەچڵی و بە بێ پزیشک و بێ ئیمکاناتی تایبەتی دەکرێتەوە و خود دەرمانی تایبەتی گیانبازانی کیمیایی نایابە و خەڵکی هەرچی رۆژە بۆ دانین کردنیان مەرگێکی نوێ ئەزموون دەکەن.

عەزیز پوور بە بیرهێنانەوەی تووشبوونی زیاتر لە ١٠ کەس لە بەرکەوتووانی کیمیایی بە نەخۆشیی کۆرۆنا، وتی: ئەگەرچی دۆخی گشتییی ئەو نەخۆشانە جێگر و گونجاو ڕاگەیێندراوە، بەڵام بە هۆی دۆخی تایبەتی و گرفتی سیەی بەرکەوتووان و گیانبازان، دانیشتووانی ئەم شارە پێویستیان بە پێڕاگەیشتنی تایبەتی‌تری تەندروستی و دەرمانییە و نابێ تەنیا چاومان لە دانانی دابڕگەی ناو بێت، بە تایبەت بۆ خەڵێک کە بۆ بژێو و مەعاشی رۆژانەیان کێشەی جیدیان هەیە.

سەرۆکی ئەنجومەنی بەرگری لە مافی بەرکەوتووانی کیمیایی سەردەشت هەروەها ئاماژەی بە گرفتی دەرمانگە و دەواخانەکان لە گەڵ ناوەندەکانی بیمە و نەدرانی داواکاریان ماڵیان بۆ دابین کردنی دەرمانی تایبەتی کرد و جەختیشی کرد: سەردەشت پێویستی بە پزیشکی پسپۆڕی سیە، چاو، گوێ، گەروو و ...ـه، لە کاتێکدا تەنیا پزیشکی تەرخان دراوە بە کلینیکی ئەم شارە، پزیشکێکی گشتییە و پزیشکی پسپۆڕ تایبەتی تەنیا بە شێوەی کاتی و وەرزی سەردانی کلینیک دەکا.

ناوبراو بیریشی هێنایەوە کە تەنیا نەخۆشخانەی سەردەشت بە سێ شارۆچکە و چەندین گوندی دەرووبەری، لە دەرەوەی ئەو شارە هەڵکەوتووە و دووریی نەخۆشخانەکە و ڕێژەی زۆری نەخۆشان بۆتە گرفتێکی دیکە بۆ خەڵکی ئەو شارە و ئاڵۆزی لە وەڵامدانەوە و پێڕاگەیشتنیان.

عەزیز پوور هەروەها ئاماژەی بە گرفتی دیاری کردنی ئاستی بەرکەوتوویی خەڵکی سەردەشت و تۆمارکرانیان لە ڕیزی گیانبازانی شەڕ کرد و زیادی کرد: پاش تێپەڕینی ٣٣ ساڵ لە بۆردومانی کیمیایی سەردەشت، تەنیا یەک هەزار و ٦٠٠ کەس دۆسیەی فەرمی گیانبازای بۆ کراوەتەوە، لە کاتێکدا کە گومانێک لە بەرکەوتوویی و برینداربوونی ٨ هەزار کەسی خەڵکی ئەو شارە نییە و بەڵگەکان ئەوە دەسلمێنن. ڕەنگە کەسێک بە ڕەواڵەت لەش‌ساغ بێت، بەڵام سینگ و سییەی بە گازی خەردەل زامارە و کۆخەی بێ بڕوانەوەی خەڵکی سەردەشت باشترین شایەدە بۆ بەرپرسانێک کە گوێی خۆیان بەڕووی ڕاستییەکان ئاخنیوە.

سەرۆکی ئەنجومەنی بەرگری لە مافی بەرکەوتووانی کیمیایی سەردەشت وتیشی: داوا لە بەرپرسان دەکەین ئاوری جیدی لە خەڵکی سەردەشت بدەنەوە و تەنیا دڵخۆش بە بیرهێنانەوەی ئەو شارە لە ٧ی پووشپەڕدا نەبن. ئەم خەڵکە دەین و ئەرکی خۆیان بە شۆڕش و نیزام بە باشترین شێوە بەجێ هێناوە.

News Code 32998

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 3 + 0 =