ئابووری هەرێمی کوردستان مەترسی گەورەی لەسەرە

کاروان گەزنەیی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە لیژنەی سامانە سروشتییەکان دەڵێت: چارەسەری حەکیمانە بۆ ڕێگری لە داڕمانی ئابووری هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنی حەکیمانە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عێراقە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی- حەلیمە مەلایی: بە سەرهەڵدانی ڤایرۆسی بێ بەزەیی کۆرۆنا، ئابووری وڵاتانی جیهان یەکێک لەو بەشە گرینگانە بوو کە زیانی گەورەی بەرکەوتووە. لە گەڵ ئەمەشدا بە دابەزینی نرخی نەوت بە شێوەیەکی سەیر و دوور لە چاوەڕوانی وای کردووە کە پێش بینی داڕمانی ئابووری بۆ ژمارەیەک لە دەوڵەتەکانی ناوچەکە دەکرێت.

بۆ گفتوگۆ لە سەر کاریگەرییەکانی سەرهەڵدانی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت لە سەر  ئابووری هەرێمی کوردستان و هەروەها بەرچاوڕۆشنی لە دۆخی دوای کۆرۆنا بۆ کوردستانی عێراق، هەواڵنێری بەشی کوردی ئاژانسی هەواڵی مێهر؛ پەیوەندی بە کاروان گەزنەیی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە لیژنەی سامانە سروشتییەکانەوە گرت . دەقی دیمانەکەی کاروان گەزنەیی لە گەڵ مێهر وەک خۆی بڵاو کراوەتەوە؛

بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان کاریگەریی لەسەر ئابووری هەرێم چۆن بووە؟

سەرەتا دەخوازم لە پەروەردگاری باڵا دەست میللەتەکەمان و ناوچەکە و تەواوی جیهان لەم ڤایرۆسە بپارێزێت. هەڵبەت ئەم پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنایە، نەک کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان، بەڵکوو لەسەر تەواوی ئابووری جیهان هەبووە. وەکوو ڕێکاری خۆپارێزی، و ڕێگەگرتن لە تەشەنەکردنی زیاتری ڤایرۆسەکە، حکومەتی هەرێم زووتر ڕێکارەکانی خۆپارێزی گرتەبەر، و ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی بەسەر تەواوی داهاتەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەبووە. بێشک ئەم بەربەستە جیهانییە و تەواوی جیهانی گرتووەتەوە، بە لەخۆگرتنی دابەزینی نرخی نەوت لە جیهان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی سەر سنوورەکان. ئەمەش وایکرد کە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان بوەستن و کاریگەری ڕاستەوخۆشی بەسەر تەواوی هەرێمی کوردستانەوە هەبووە.

زیانەکانی کۆرۆنا لەداهاتی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان و هەروەها کەرتی هەناردە و هاوردە تا چ ڕادەیەکە و چەن مەزەندە دەکرێت؟

وەکوو پێشتریش ئاماژەمان پێدا، قەیرانی کۆرۆنا بووەتە تەحدییەکی جیهانی  و دەرئەنجام و لێکەوتەی ئابووری تەواو نەرێنی دەبێت. بەهۆی بەیەکەوەبەستنەوەی دەوڵەتان و هەوژمی بەهێزی جیهانگەرایی، هەرێمی کوردستان ناتوانێت بەشێک نەبێت لەم تەحەدییە جیهانییە. مسۆگەر، دوای کۆرۆنا دەبێت هەرێم، عێڕاق، ناوچەکەو تەواوی جیهانیش خۆیان بۆ قەیرانێکی سەختی دەروونی و ئابووری ئامادە بکەن چونکە لەئێستادا تەواوی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانیان لە کار بێ هێزبوون لە هەندێک حاڵەتیش تا وێستگەی مەترسیدار ڕۆشتوون.

پێش بینی دەکەن دوای تەواوبوونی کۆرۆنا تا چ ڕادەیەک ڕێژەی بێکاری هەرێمی کوردستان زیاد بکات؟

ڕێژەی بێکاری لەئەنجامی پەککەوتن و کەم ئەندام بوونی کەرتی ئابووری دێتەکایەوە. بێ گومان ئەگەر نەتوانین زوو بە زوو پێش بەخراپتربوونی دۆخی ئابووری بگرین، هەڵبەت ڕێژەی بێکاری بەرز دەبێتەوە و قەیرانی بێکاریشمان پێ زیاد دەبێت. ئەمەش تەنیا لەهەرێمی کوردستان نابێت، بەڵکوو لەتەواوی عێڕاق و ناوچەکەش دەبێت. ئەمانەش دووبارە لێکەوتەی زیانەکانی ئابوورین بە هۆی دۆخی کۆرۆناوە.

دوای ئۆپێک  پلاس دەبێ هەرێمی کوردستان 23 لەسەد ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی واتا، 103 هەزار بەرمیل لە ڕۆژ کەم کاتەوە. ئەم کەمیی بەرهەمهێنانی نەوتە چە ئەندازە کەمی داهات بۆ کوردستان دێنێت؟

لە ئێستادا شاندێکی حکومەتی هەرێم لەبەغدان و تاوتوێی دوایین پێشهاتەکان دەکەن، و بێشک کەم کردنەوەی بەشە نەوتی هەرێم لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی وڵاتانی بەشدار لە ئۆپیک بەشێک دەبێت لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکان. باشترین بژاردەش بۆ هەرێم دانوستان کردنێکی لۆژیکییە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی بۆ کەمکردنەوەی بڕی هەناردەی نەوتی هەرێم، کە دەکاتە ١٠٣ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، لەو ٢٥٠ هەزار بەرمیلەی کە لەچوارچێوەی ڕێککەوتنی پێشوو لەگەڵ حکومەتی ناوەندی کرابوو. هەڵبەت دەرەنجامیش هەر گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی وزەی عێڕاق، کارانگازی ڕاستەوخۆی بەسەر تەواوی عێراقەوە دەبێت و بە بارگاوی بوونی هەرێمی کوردستانیشەوە. بەڵام لە ئێستادا، چارەسەری حەکیمانە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی، پابەند بوونە بە دەستوور و چارەسەرکردنی کێشەکانە لەسەر مێزی گفتوگۆ بۆ زەمینە سازی بۆ ڕێککەوتنێکی لۆژیکی نوسراو لە بەینی هەردوولا. 

کارناسانی ئابووری دەڵێن بە دابەزینی نرخی نەوت و کەم کردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت و هەروەها تەشەنەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و نەبوونی پاشەکەوتی نەتەوەیی دراوی یەکەم ئابووری ڕۆژهەڵاتی ناڤین هەرێمی کوردستانە کە دەڕووخێت ,ڕای ئێوە لەمبارەوە چییە؟

دەرهاویشتە ئابوورییەکان سەخت دەبن، و کارانگازییەکانیشی تەواوی خۆرهەڵاتی ناوین بارگاوی دەکەن؛ مسۆگەر، هەرێمی کوردستانیش بەرکەوتەی ئەم لێکترازانە ئابوورییە دەبێت. لێڕووخان ڕەهایەتییە، و من پێموایە کاریگەرییەکان ڕێژەی دەبن، و ئەم دەرهاویشتە نەرێنیانەش تەواوی جیهان دەگرنەوە نەک هەرێمی کوردستان. هیچ سیستمێک لە بەرخوردی ئەم قەیرانە ناگاتە ئاستی داڕووخان، بەڵام ڕەنگە هەندێک وڵات و ناوچەبەرەوهەڵدێری سەخت بڕۆن و بگەنە ئاستی لەتبوون. گومانناکەین لەوەی کە هەرێمی کوردستانیش بەشێک دەبێت لەم قەیرانە سەختە ئابوورییە، بەڵام بەدڵنیاییەوە قەوارەی هەرێمی کوردستان و شوناسی گەلەکەی بە پارێزراوی دەمێننەوە. قەیران هەمیشە چەند دەرگایەک بۆ چارەسەر دەکاتەوە، و ئەم قەیرانەش دەبێت دەرفەتێک بێت تا حکومەتی هەرێم پێداچوونەوەیەکی جیددی بە شێوازی ئیدارەدان بکات.

News Code 32068

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 7 + 7 =