کوردستان کانگای وێنەگرانی لێهاتوو و هەڵکەوتەیە

شاخەوان عوسمانی لای وایە کوردستان کانگای وێنەگرانی لێهاتووی کوردستانییە و هەر بۆیە ناوبانگی وێنەگرانی کورد تا دەرەوەی سنوورگەلی جوگرافی چووە.

شاخەوان عوسمانی وێنەگری ناسراوە کوردستانی لە لێدوانێک بۆ هەواڵنێری ئاژانسی مێهر بە ئاماژە بە دەوڵەمەندیی کوردستان لە کەرتە جۆراوجۆرەکانی هونەری ڕایگەیاند: لە ئێستادا زۆربەی وێنەگرانی ناسراوەی وڵات کوردن و کوردستان بۆتە یەکێک لە کانگا سەرەکییەکانی وێنەگری ئێران و وێنەگرانی کوردستانی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا ناسراوەن.

عوسمانی سەبارەت بە تایبەتمەندییەکانی وێنەگرێکی باش، وتی: وێنەگری باش سەرەڕای بوونی ورەی داهێنەرانە، دەبێ ئاشنا بە جوانیناسی، فۆڕمبەندی، چوارچێوە و کارکردەکانی تیشک بێت. هەروەها دەبێ خۆببوێرێت لە کاری کلێشە و دووپاتەیی و جەخت لە نوێگەری بکات و لە پەنای ئەوانە لە زانیاریی رۆژی وێنەگری بەهرە ببات.

ناوبراو ئەگەرچی بە وتەی خۆی لە سەدا ٨٠ی شێوازەکانی وێنەگری و لەوان سروشت، پۆرترە، ئابسترە، ڕەش و سپی، فانتزی و ... تاقی کردۆتەوە و خەڵاتی پێ بردۆتەوە، وتیشی: بەوەشەوە هەر لە سەرەتاوە خۆم بە شێوازێکی تایبەتییەوە نەبەستۆتەوە و هەموو شێوازەکان چێژم پێ دەبەخشن و جەغزی کاریم بەربڵاو دەکەنەوە. هەروەها لەوڕۆدا کە شێوازگەلێکی مۆدێرن‌تر سەریان هەڵداوە دەبینین کە لە ئاستی جیهانیدا پێشوازییەکی زۆر لە مۆنتاژ لە وێنەگریدا دەکرێت کە زۆر لێرە باو نییە یان وەک بەرهەمی هونەری لێی ناڕوانن.

شاخەوان عوسمانی کە لە ساڵی ٢٠١٩ توانی خەڵاتی تایبەتی لیژنەی داوەران و میدالیای زێڕی هەشتاهەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی ئاساهی شین پێنی ژاپۆن مسۆگەر بکات، سەبارەت بە پێشینەی سەرکەوتنەکانی زیادی کرد: ساڵی ٩٥ی هەتاوی خەڵاتی یەکەمی مێهرەجانەکانی میراتی فەرهەنگی لە بەشی وێنەدا و "ڕەنگ و توڕەنگ"م بە وێنەیەک لە ژێر ناوی "شوان" بردەوە و ئەوە بووە هەوێنێک بۆ بەشداریم لە مێهرەجانگەلی جیهانی و نێونەتەوەیی و لە ساڵی ٩٦ دوو وێنەم لە فێستیڤاڵی سێربیا دیپلۆمای فەخر و میدالیای زێڕی فێستیڤاڵیان مسۆگەر کرد کە وێنەی دووهەمیان دەیڕوانییە نەورۆز لە کوردستاندا.

ئەم وێنەگرە کوردستانییە ئاماژەی بەوەش دا: بەشداری لە فێستیڤاڵی زانکۆیی یۆرکی بەریتانیا بە وێنەی زەماوەند کوردەکان و بڵاوبوونەوەی لە کتێبی ساڵانەی ئەو فێستیڤاڵە و بردنەوەی دیپلۆمای فەخری فێستیڤاڵی وێنەی فەڕەنسا و شریتی سپیی وێنەی جی پی یوو وەک یەکێک لە هێما بەرزەکانی هونەری وێنەگری بە وێنەی درەختێکی نیوەسەوز نیوەوشک، بەشێکی دیکە لە نازناو و خەڵاتانەن کە جگە لە خەڵاتەکەی ئاساهی شین پێنی ژاپۆن لە ئاستی جیهانیدا مسۆگەرم کردوون.

هونەرمەندی کوردستانی بە ئاماژە بە هەبوونی ٧٠٠ هەزار وێنە لە ئەرشیڤ و بەشداربوونی ٢ هەزار وێنەی تا ئێستا لە پیشانگا و مێهرەجانەکان، سەبارەت بە ئاستەنگەکانی بەردەم کردنەوەی پیشانگای تاکەکەسی، وتی: تێچووی چاپ و بەڕێوەبردنی پیشانگا زۆر لە سەرێیە و کردنەوەی پیشانگای تاکەکەسی لە توانای هەر کەسێکدا نییە پێویستە لە لایەن بەرپرسانی فەرهەنگ و هونەری پاڵپشتییەک لە وێنەگری و لقە هونەرییەکانی دیکە بۆ سەرکەوتنی زیاتریان بکرێت.

News Code 30652

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 6 + 1 =