"هەنگاوی چوارەم" لە سبەینێیەوە هەڵدەگرین/ ئێران بەڵێنە ناڤۆکییەکەی کەم دەکاتەوە

سەرۆک کۆمار بە ئاماژە بەوەی کە بەیانی هەنگاوی چوارەمی کەمکردنەوەی پابەندییەکانی بەرجام هەڵدەگرین، وتی: لە بەیانییەوە گازکردنە ناو فۆردۆ دەست پێ دەکەین.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆمار ئەوڕۆ (سێ شەممە) لە ئاهەنگی کرانەوەی کارگەی داهێنانی ئازادی لە تاران، ڕایگەیاند: هەنگاوەکانی کەمکردنەوەی پابەندییەکانی بەرجاممان لە گوڵانی ئەوساڵەوە دەست پێ کرد و ڕامانگەیاند کە بەرجام ڕێککەوتنێکی چەند لایەنەیە و ئەگەر بڕیارە پابەندی بین، دەبێ ئێوەش پابەندی بن و بۆ ئەو مەبەستە دەرفەتی یەکساڵەمان پێ دان و ئێستە هەنگاو بە هەنگاو تا ڕاپەڕاندنی بەڵینەکان لە لایەن ئەوانەوە لە پابەندییەکانمان کەم کردۆتەوە.

ڕۆحانی بە ئاماژە بە سێ هەنگاوی پێشتری کەمکردنەوەی پابەندییەکان کە بریتیین لە بەرزکردنەوەی ڕێژەی پیتاندنی ئۆرانیۆم لە سەدا ۳.۶۷، زیادکردنی پاشەکەوتی ئۆرانیۆمی پیتێنراو و ڕاگرتنی هەموو پابەندییەکان لە بواری توێژینەوە و گەشە لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیدا، جەختی کرد: هەنگاوی چوارەم وەک سێ هەنگاوی پێشتر ئەگەری گەڕانەوەی بۆ هەیە و هەرکات لایەنی بەرامبەر بە هەموو بەڵێنەکانی پابەند بوون، ئێمەش دەگەڕێینەوە سەر بەڵینەکانمان.

سەرۆک کۆمار بە ئاماژە بە هەڵگیرانی هەنگاوی چوارەمی کەمکردنەوەی پابەندییەکانی بەرجام لە فۆردۆوە، وتی: لە کاتێکدایە کە بە پێی رێککەوتنی ناڤۆکی بڕیار بوو هەزار و ۴۴ سانتریفیوژ لە فۆردۆ هەڵسوڕێن بەڵام گازی تێنەکرێ، لە بەیانییەوە گازکردنە ناو فۆردۆ دەست پێ دەکەین. ئێمە ئاگاداری هەستیارییەکان هەمبەر بە فۆردۆ و سانتریفیوژەکان هەین. بەڵام هەر کات بەڵێن و پابەندییەکانی خۆیان ڕاپەڕاند، هەمدیسان گازەکە دەبەستین و چیتر گاز ناکرێتە ناو سانتریفیوژەکان و ئەو هەنگاوەش دەوەستێت.

 ناوبراو بە ڕاگەیاندنی سەر ئەوەی کە هەموو لایەنەکانی بەرجام دەبێ بزانن ئێران ناتوانێ یەک لایەنە پابەندی ڕێککەوتنی ناڤۆکی بمێنێ، جەختی کرد: هەموو لایەنەکانی رێککەوتنی ناڤۆکی دوو مانگ دەرفەتیان هەیە تێکرای گەمارۆکان و لەوان گەمارۆکانی کەرتی کانزا، نەوت و بانکی هەڵگرن .

روحانی ڕاشیگەیاند: چالاکیی نوێی ئێران بە چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دەبێ و گەڕانەوە لە هەنگاوی چوارەم وەک هەنگاوەکانی دیکە مومکینە و ئەو ئەگەرەش دەرەوەستی بە لایەنی بەرامبەر و گەڕانەوە سەر ڕێککەوتنەکانی یەکەمی ژانڤیەی ۲۰۱۷ـیە.

News Code 29214

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 9 + 9 =