AP ١٣٩٨ خەرمانان ٢٦ ٠٨:١٢

ڕۆحانی:

قەیرانی سووریا تەنیا بە رێکاری ئاشتی‌خوازانە چارەسەر دەبێت

قەیرانی سووریا تەنیا بە رێکاری ئاشتی‌خوازانە چارەسەر دەبێت

سەرۆک کۆمار بە ئاماژە بەوەی کە قەیرانی سووریا تەنیا بە رێکاری ئاشتی‌خوازانە چارەسەر دەبێت، وتی: پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرەنگاری سەربزێوییەکانی ڕژیمی زایۆنی لە دەستدرێژیی بۆ سووریا بێت.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، حوجەتولئیسلام حەسەن ڕۆحانی رۆژی دووشەممە لە پێنجەمین خولی کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ئێران، ڕووسیا و تورکیا بۆ دەستەبەرکردنی ڕەوتی ئاستارا لە پێناو چارسەریی قەیرانی سووریا لە ئەنقەرەدا، ڕایگەیاند: ئێمە بەردەوام جەختمان لە پاراستنی یەکپارچەیی و تەواوەتی سەرزەوینیی سووریا، ڕێزنان لە سەروەریی نیشتمانی و سەربەخۆیی، دەستێوەرنەدانی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆیی ئەو وڵاتە کردووە.

ڕاشیگەیاند: گرینگترین رۆژەڤی ئێمە هەڵسەنگاندنی هەموو هەوڵەکانی سێ وڵاتی ڕووسیا، تورکیا و ئێران بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانی سووریا لە رێگەی ئاشتی‌خوازانە، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم، یارمەتیدانی پێکهاتنی کۆمیتەی دەستوور، گەڕانەوەی ئاوارەکان، ئاڵوگۆڕیی دەستگیرکراوان و ڕفێندراوان، باشتر کردنی دۆخی یارمەتی گەیاندنی مرۆڤدۆستانە، ئاوەدان کردنەوە و هەڵسەنگاندنی هەوڵی نێودەوڵەتی لەو بوارەیە.

سەرۆک کۆمار لە درێژەدا بە ئاماژە بە هەوڵی دوو ساڵە و نیوەی سێ وڵات و دەسکەوتەکان و سەرکەوتنەکان لەو ماوەیە، جەختی کرد: ئەوڕۆکە شایەدی گەشە و تۆکمە بوونی پێگە و کاریگەریی ئەو ڕەوتە لە یارمەتی گەیاندن بە سووریا و لە سەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ تێپەڕاندنی کێشە و گرفتەکانی ئەو وڵاتەین.

ناوبراو بە بیرهێنانەوەی هەڵوێستی ئێران بۆ چارەسەریی قەیرانی سووریا لە رێگەی رێگەچارەی سیاسییەوە، وتی: ئەو کارە تەنیا لە رێگەی پەیوەندیی سازێنەر و بەشداریی هەموو خەڵکی سووریاوە مومکینە. دەوڵەت و گەلی سووریا خۆیان دەتوانن ئەو رێگە چارەنووسسازە و پڕمەترسییە تێپەڕێنن و کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لە سەرەتاوە دژی ناکارامەیی رێگەچارەی سەربازی بۆ کۆتایی هێنان بەو قەیرانە بووە.

ڕۆحانی شەڕی دژی تیرۆریزم بە تایبەت داعش و ئەلقاعیدە و گرووپگەلی سەر بەوانە تا لە ناوبردنی هەمیشەییان لە سووریادا، گفتوگۆ و دانوستان، کەمکردنەوەی ناکۆکییەکان، ڕیفۆرمی دەستوور، گەڕانەوەی ئاوارەکان، ئاڵوگۆڕکردنی دەستگیرکراوان و ئاوەدان کردنەوەی سووریای بە پرێنسیپە هاوبەشەکانی هەموو لایەک زانی و وتیشی: گەڕانەوەی ئاوارەکانی سووری لە وڵاتانی دراوسێ و نادراوسێ و ئاوارە ناوخۆییەکان بۆ سەر ماڵ و زێدی خۆیان، دەتوانێ مایەی خێر و بەرکەت بۆ ئەو وڵاتە بێت.

سەرۆک کۆمار هەروەها ڕەخنەی لە ئامادەبوونی ناشەرعیی سەربازی ئەمریکا لە خاکی سووریا وەک مەترسییەک بۆ سەر ئەندامێکی سەربەخۆی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و جەختیشی کرد: پێویستە لە خێراترین کاتی مومکیندا هێزەکانی ئەمریکی لەو ناوچەیە بکشێنەوە، هەتا سەروەریی دەوڵەتی سووریا لە باکوور و رۆژهەڵاتی فوراتیشدا پەرە بستێنت.

ناوبراو ئاماژەی بە هێرشی دەستدرێژکارانەی ڕژیمی زایۆنی لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوو بۆ سەر سووریا کرد و ڕایگەیاند: ئەو دەستدرێژیانە نمانەی ئاشکرای نایاسایی و دەنەدەرییە کە دەتوانێ ببێتە مایەی تێوەگلانی بەربڵاوی ناوچە لە شەڕ و ناکۆکی و بە داخەوە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هەمبەر بەو دەستدرێژکاریانە یان بێدەنگن یان کاردانەوەی گونجاویان نەبووە.

ڕۆحانی لە کۆتاییدا جەختی لە ٥ خاڵ وەک کاکڵی باسەکانی کرد و کە بریتین لە:

١- دەبێ لە هەر هەلومەرجێکدا ڕێز لە سەربەخۆیی، سەروەری و تەواوەتی سەرزەمینی سووریا و دەستێوەرنەدانی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆیی ئەو وڵاتەدا بگیرێت.

۲- چارەسەری سیاسیی قەیرانی سووریا لە رێگەی ئەنجام دانی گفتوگۆگەلی سووری – سووری و پێکهێنانی کۆمیتەی دەستوور بە بەشداری نوێنەرانی هەموو چینەکانی خوڵکیی سووریا بە بێ دەستێوەردانی دەرەکی.

۳- ناوچەگەلی دەرەوەی سەروەریی نیشتمانی و لەوان ئەدلەب، رۆژهەڵاتی فورات و بەرزاییەکانی گوڵان دەبێ لە خێراترین کاتی مومکینەدا لە بندەستی گرووپە تیرۆریستییەکان و هێزە داگیرکارەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ئازاد بکرێت و بدرێتەوە بە گەل و دەوڵەتی سووریا.

۴- کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبێ یارمەتیی خەڵکی سووریا بدەن لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و زێدی خۆیان و ئاوەدان کردنەوەی ئەو وڵاتە.

۵- پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرەنگاری سەربزێوەی و دەستدرێژییەکانی ڕژیمی زایۆنی بۆ سەر سووریا و وڵاتانی دیکەی ناوچە ببنەوە و دڵنیا بن کە ئەو هەڵماتانە مەترسین بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەیی.

News ID 28374

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha