پیلانە بێ کۆتاییەکانی ئەمریکا لە دژی حەشدی شەعبی

بڵاوبوونەوەی هەواڵگەلێک لەبارەی هاوکاریی فەرماندەیەکی عێراقی لە گەڵ دەزگای سیخۆریی ئەمریکا بۆ زیان گەیاندن بە حەشدی شەعبی ئاماژەیەکە بۆ پیلانە نوێیەکانی واشنتۆن لە دژی گرووپەکانی بەرخۆدانی عێراق.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی – فاتمە ساڵحی: لەم دواییەدا عادڵ عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزی چەکداری ئەو وڵاتە، لە فەرمانێکی ١٠ بڕگەییدا جەختی لە زەروورەتی پەیوەندیی فەرمی حەشدی شەعبی لە گەڵ فەرماندەیی گشتیی هێزی چەکداری عێراق، سڕینەوەی ناوە بە کارهێنراوەکان بۆ لقەکانی ئەو هێزە لە سەردەمی شەڕ لە دژی داعش و ئاڵوگۆڕکردنی لە گەڵ پۆستە فەرمییە سەربازییەکانی وەک فرقە، لیوا، فەوج و ...کرد. ئەو فەرمانەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پێناو داڕشتنەوەی پێکهاتەی هێزەکانی حەشدی شەعبیدا دەگونجێ.

بە گوێرەی فەرمانی عەبدولمەهدی، حەشدی شەعبی "بەشێکی دانەبڕاوەی هێزی چەکداریی عێراق"ـه و ئەو بەشە لە گرووپەکان کە حەز بە پەیوەست بوون بە "هێزی چەکداریی عێراق" ناکەن، دەتوانن جودا ببنەوە و ڕوو لە کاری سیاسی بکەن.

لێکدانەوەی داپەڕەکانی هێزی حەشدی شەعبی یان هەمان هێزی خۆبەخشی جەماوەری کە لە بنەڕەتەوە بە فەتوای مەرجەعی باڵای عێراق ئایەتوڵڵا سەید عەلی سیستانی لەو وڵاتە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش پێکهاتووە، نیشان دەدا کە نەبوونی ئەو هێزانە لە ڕاستیدا وەک بۆشاییەکی ئەمنی لە ڕەوتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعشی لە عێراقدا هەست پێدەکرا. هەر بۆیە بە پێکهاتنی ئەو دەزگا و ڕێکخراوەی هێزی ئەمنییە، عێراق توانی بە شێوەیەکی یەکپارچەتر و یەکڕیزتر لە بواری تێکشکاندنی گرووپی تیرۆریستیی داعشدا هەنگاو بنێت.

هیچ کەس ناتوانێ نکۆڵی لە ڕۆڵی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە قۆناغی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعشی لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئەو وڵاتە بکات، چونکە ئەو بەرەنگاربوونەوانەی حەشدی شەعبی لە دژی پاشماوەی تیرۆریستانی داعشی هێشتاش درێژەی هەیە و رۆژ نییە کە هەواڵێک لەبارەی پووچەڵ کرانەوەی هێرشی داعشییەکان لە دژی ناوچە جۆراوجۆرەکانی عێراق لە لایەن هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە بڵاو نەبێتەوە. ئەو هێزانە ناوچەگەلی سنووری هاوبەشی نێوان سووریا بەرەو خاکی عێراقیان لە ژێر چاوەدێرییە و پێشگری دەکەن لە دزە کردنی تیرۆریستان لە خاکی سووریاوە بۆ ناو خاکی عێراق.

بنەمای دامەزرانی حەشدی شەعبی کە بە پێی فەتوای مەرجەعییەت بووە لە لایەکەوە و باوەڕی ئایینی و مەزهەبیی ئەو هێزانە لە پەنای دژە ئەمریکی بوونیان بۆتە هۆی ئەوەی واشنتۆن لە پەنای وڵاتانی پاشکەوتووی عەرەب و لەوان عەرەبستان دەست بداتە پاشاگەردانی و هەڕوهەنگامە نانەوە لە دژی ئەو هێزانە، بە چەشنێک کە نە تەنیا ئەو وڵاتانە بە کەڵک وەرگرتن لە پڕۆپاگەندای میدیایی ژاراوییان هەوڵ دەدەن، بەوجۆرە نیشان بدەن کە هێزەکانی حەشدی شەعبی خەریکی تاڵان و تێکدانی داراییەکانی جەماوەری لە شارە جۆراوجۆرەکانن، بەڵکوو لەباری هەواڵگری و پیلان داڕشتن لە دژی ئەو هێزانە بۆ ساتێک بێکار دانەنیشتوون.

هەر لەو پەیوەندییەدا میدیاکان نوێترین پیلانی ئەمریکا لە دژی حەشدی شەعبیان ئاشکرا کردووە. بە گوێرەی ئەو هەواڵانە ئەفسەرێکی سوپای عێراق لە پەیوەندیی باشی لە گەڵ ئەمریکییەکان هەیە، چەندین جار پەیوەندیی لە گەڵ ئەندامێکی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا گرتووە و بەردەوام زانیاریگەلی هاوپەیوەند بە شوێنی بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی ڕادەستی ئەو سیخۆرە کردووە.

کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق کە لە ئێستادا یەکێک لە گرینگترین گرووپگەلی بەرخۆدانی حەشدی شەعبین، گرتە دەنگەکانیان بڵاو کردووە و ئەو گرتانە نیشاندەری پیلانی هەندێک هێزی سەربازیی ئێستای سوپای عێراق لە دژی گرووپە بەرخۆدانەکانە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "الاخبار"ی لوبنان، حزبوڵڵای عێراق هەروەها گرتەگەلێکی دەنگی بڵاو کردۆتەوە کە تێیدا مەحموود فەلاحی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی ئەنبار لە ڕیگەی پەیوەندی تەلەفونی و واتساپەوە لە گەڵ سیخۆرێکی عێراقیی سەر بە ڕێکخراوی هەواڵگریی سیا، خەریکی گفتوگۆ کردنن.

ئەو زانیاریانە نیشاندەری هاوکاریی فەرماندەی عێراقی لە گەڵ دەزگای سیا و دەزگای سیخۆریی ڕژیمی زایۆنیی ناسراو بە مووسادە. لەو گرتانەدا دەردەکەوێ کە سیخۆری سەر بە سیا داوا لە فەلاحی دەکات کە شوێنی جوگرافیایی بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئێستای ناوچە لە سنووری عێراق و سووریای بۆ "ئەنجامدانی هێرشگەلێک لە لایەن هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئەو بنکە و بارەگایانە"ی بداتێ.

نزیکیی هێزەکانی حەشدی شەعبی بە وڵاتانی بەرخۆدان تەوەر و لەوان ئێران و ڕاوەستانی ئەو هێزانە لە بەرامبەر ئەمریکا و ڕژیمی زایۆنی و وڵاتانی پاشکەوتووی عەرەب کە لە زمانی فەرماندەکانی ئەو هێزانەوە دەردەکەوێت، سەلمێنەری ئەوەن کە ئەمریکا بەرەوڕووی ڕێکخراوێکی دژە ئەمریکیی نوێ لە عێراقە.

ئەمریکا بە تیرۆریستی خوێندنەوەی گرووپگەلی بەرخۆدانی عێراق و پیلان داڕشتن لە دژیان هەوڵ دەدا مەیدانی شەڕی ئەو وڵاتەدا لە هێزەکانی بەرخۆدان داتەکێنێت. سەربازانی ئەمریکیی جێگرکراوە لە عێراق زیاتر لە هەر شتێک لە هێزەکانی حەشدی شەعبی دەترسن و گەلێ جار باسیان لە ترس و قوشقی بوونیان لە هێرشی شیمانەیی ئەو هێزانە لە دژی بنکەکانی خۆیان کردووە؛ ئەگەرچی هێزەکانی حەشدی شەعبی هێرشێکی لەو جۆرەیان ئەنجام نەداوە، بەڵام خود دان پێداهێنانی سەربازانی ئەمریکی لە ترس و خۆفیان، سەلمێنەری هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ خستنە پەراوێزی حەشدی شەعبی لە عێراقە.

حەشدی شەعبی یەکێکە لەو گرووپانەی کە پێداگرانە خوازیاری دەرکرانی سەربازانی ئەمریکی لە عێراق بووە و لەو ویستەی خۆی پاشەکشێ ناکات. ئامادەیی باڵای سەربازیی هێزەکانی حەشدی شەعبی دەبێتە هۆی ئەوەی ئەمریکا بەردەوام هەست بە مەترسییەکی گەورە لە پەنا گوێی خۆیدا لە عێراق بکات.

دەسکەوتەکانی هێزی حەشدی شەعبی لە ڕاوەدوونانی تیرۆریستانی داعشی لە عێراق ئاماژەیەکە بە ئامادەیی سەربازیی. زۆرترین نیگەرانی ئەمریکا ئامادەبوونی تۆکمەی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە سنوورە هاوبەشەکان لە گەڵ سووریایە، ئاوەها کە ئەو هێزانە بە شێوەی رۆژانە ئۆپەراسیۆنی دزە کردنی تیرۆریستان بۆ ناو خاکی عێراق پووچەڵ و بێ ئاکام دەکەن.

بەشێک لە هاوکاریی ئەو فەرماندە عێراقییە لە گەڵ سیاش لە پێناو دیاری کردنی شوێنی جێگربوونی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە سنوورە هاوبەشەکان لە گەڵ سووریادا دەگونجێ کە ئەوە نیشاندەری ئاستی گرینگیی ئەو ناوچانە بۆ سەربازانی ئەمریکییە، چونکە ئەمریکا هەوڵ دەدا بە گواستنەوەی تیرۆریستانی داعشی لە سووریاوە بۆ عێراق، ورەیەکی نوێ ببەخشێت بەو تیرۆریستە شکست خواردووانە و لە خاکی عێراقدا بیانبووژێنێتەوە.

هەر لەو پەیوەییەدا دەکرێ ئاماژە بەو نمونەیە بکەین کە تێیدا فرۆکەیەکی بێ فرۆکەوان لە ئاکتەوبری ٢٠١٦ دانیشتنی فەرماندەکانی حەشدی شەعبیی لە شاری تەلعەفەر کردە ئامانج و لەو هێرشەدا شبل زەیدی ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی ئیمام عەلی (س‌خ) بریندار بوو. خاڵی بەرچاو لەو نمونە ئەوەیە کە ناوبراو پێشتر ناوی لە لیستی تیرۆریستیی ئەمریکادا تۆمار کرابوو.

هەڵبەت لە لێکدانەوەی ئەو گۆڕانکاریانە لە عێراق نابێ چاوپۆشی لەوە بکەین کە سوپای عێراق لە پەنای هێزەکانی دیکەی ئەمنی و ئاسایشی ئەو وڵاتە لە خۆبۆردوویی زۆریان بۆ تێکشکاندنی گرووپی تیرۆریستیی داعش لە خۆ نیشان داوە و لە گەڵ هێزەکانی حەشدی شەعبی لە پەیوەندیدا بوون و بڵاوبوونەوەی ئەو جۆرە هەواڵانە نابێ ببێتە کەرەسەیەک و دەستمایەی دوژمنان بۆ جودایی و ئاژاوە و دووبەرەکی نانەوە لە نێوان ناوەند و هێزە جۆراوجۆرەکانی عێراق، بەڵکوو دەبێ هەمووان لە بەرامبەر پیلان داڕشتنەکانی ئەمریکا کە لە ئەنجامدا بە ئامانجی لاواز کردنی عێراق لە ناوەوە ئەنجام دەدرێت، یەکڕیز بوەستن.

News Code 27298

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 5 + 1 =