کورد ئەرشیڤی لاوازە/ دەستنووس و پەراوێزی کتێبە ئایینییەکان نابێت لەناوبچن

توێژەر، نووسەر و مامۆستای زانکۆی سۆران لە هەرێمی کوردستان پێشنیاری ئەوە دەدات کە زانکۆ کوردستان بە هاوکاری مامۆستایانی ئایینی دەست بکات بە لێکدانەوە و ساغ کردنەوەی پەراوێزی کتێبی حوجرەکان.

ئاژانسی هەواڵی مێهر- بەشی نێودەوڵەتی_ حەلیمە موڵایی: حوجرە و شوێنی پەروەردەی ئایینی زۆر لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران و عێراق هەیە و ئێستاش خەڵک لەسەر نەریتی ڕابردوو بۆ خوێندنی بابەتە فقهی و ئایینییەکان دەچنە حوجرەی ناو مزگەوتەکانی گوند و شار و لە خزمەتی مامۆستایانی ئایینیدا وانەی ئایین و ڕەوشت و ئەخلاق دەخوێنن.

لە دیمانەیەکی تایبەتیدا لەگەڵ دکتۆر سەباح بەرزەنجی، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای فەرهەنگی هەرێمی کوردستان و نووسەر و مامۆستای زانکۆی سۆران، باسی چەندین بابەتی هاوپەیوەند بە حوجرەکانی کوردستان و دەستکەوت و بەرهەمەکانی حوجرە بۆ کۆمەڵگای کوردەواریمان کرد کە دەقەکەی لە خوارەوە بڵاو بووەتەوە؛

بۆچی هەمیشە زانایانی ئایینی لە ناو چینێکی تایبەتدا ناسراون و لای خەڵک بە گشتی بە شێوەیەکی بەرچاو دیار نین؟

 زانایانی ئایینی ئێمە ناوداری ناو زانایانن، ناوداری ناو خەڵکی گشتی کۆمەڵگا نین. زۆرتر میدیا و ڕۆژنامە و ڕاگەیێنەریش بۆ خەڵكە و دەبێ تەرکیز بکەنە سەر ئەوەی کە خەڵک دەیەوێت، هەر بۆیە ئاوڕی زیاتر لە زانایانی ئایینی نادرێتەوە.

ئەمە نەک تەنیا لەناو کورد دا بەڵکوو بۆ هەموو میللەتەکانی جیهان وایە. هەندێ کەس هەیە جەوهەری شەخسیەتیان وایە تەنیا خەڵکی تایبەت و  دەستەبژێر دەرکیان بکەن. تەنانەت مامۆستایەکی زانکۆیش لە چوارچێوەی زانکۆیەکدا و لە نێومامۆستایان و خوێندکارانی خۆیدا باش ناسراوە. دەرکی فیکر و ئەندێشە و وتەکانی لای کەسانی تایبەت و ئاشنا بەو زانستەیە، وەک دەوترێت قەدری زێڕ لای زێڕنگەرە.

لە هونەریشدا وایە، هەرچی هونەر پسپۆڕی تر و ئاڵۆزتر بێت جەماوەری کەمتر و هەرچی ئاسایی و گشتی بێت خەڵک زیاتر لایەنگریەتی.

بۆ وێنە، ئەوانەیان بۆ دەستەبژێر بەرهەمی هونەری پێشکەش دەکەن حاڵەتی جەماورییان کەمترە.زۆربەی خەڵک ئیشی بە بیرۆکەکانی ئەبووعەلی سینا نییە. کەسایەتی فەلسەفی ئەبوو عەلی سینا بووە بە ژێر سێبەری کەسایەتە پزیشکیەکەیەوە.چونکوو خەڵک بە گشتی ئیشیان بە پزشکیەکەیەتی، فەلسەفە خوێن کەمە.

لە ناوەندە فەرهەنگی و ئاکادمییەکانی هەرێمی کوردستان ، کاری پڕۆفشناڵ و تایبەت کراوە بۆ لێکدانەوە و ساغ کردنەوەی حاشیە و پەراوێزی کتێب و دەستنووسەکان؟ بە تایبەت ئەو بەرهەمانەی بە دەستی مامۆستایانی ئایینی نووسراوە و لە حوجرەکاندایە؟

سەبارەت بە مەختووتات و دەستنووسە کۆنەکانی زانایانی کورد  لە هەندێ شوێن کاری باش کراوە بۆ نموونە لە زانکۆی سۆران لە کوردستانی عێراق، ناوەندێک کراوەتەوە بۆ توێژینەوە و لێکدانەوەی دەستنووسەکان.

لەم دواییانەدا کۆنگرەیەکیان لەسەر دەستنووسەکانی مەلا عەبدولڕەحمانی پێنجوێنی ئەنجام دا. مەلا عەبدوڵڕەحمانی پێنجوێن مامۆستایەکی ئایینی پلەبەرز بووە کە سی حاشیە و پەراوێزی بەسەر کتێبە جیاوازەکانەوە نووسیوە.

بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆنگرەیەکی زانستی و پسپۆڕیش لەسەر ئیبنوئادەمی باڵەکی بکرێت هەر لەو ناوەندەدا. لە کۆلیژی ئیمامی ئەعزەم لە بەغدا لەگەڵ ئاکادمیای مالزی کە لقێکی لە بەغدا هەبوو، کاریان کردووە لە سەر کتێبی ئەلوزووحی مەلا ئەبووبەکری موسەنێفی چۆڕی. کە لە نۆ بەرگدا ئامادە کراوە و بڕیارە چاپ بکرێت.

لە کوردستانی ئێران پەراوێز نووسی لە سەر کتێبە فقهیەکان کە مامۆستایانی ئایینی گەورە نووسیویانە، لە سەردەمانێکدا زۆر باو بووە، هێشتا لە حوجرەکان و بە تایبەت لە کتێبخانەی مامۆستایانی بەساڵاچوودا ئەو پەراوێز و شەرحە بەنرخانە دەست دەکەوێت، پێشنیارتان چییە بۆ نەفەوتانی؟

ئەو دەستنووس و پەراوێزانە هەموو ئاسەواری کۆن و بەشێک لە فەرهەنگ و مێژوو و کەلتووری کوردە، نابێت ڕیگە بدرێت لە ناو بچن. ئەوانە بەشێکن لە زانستی بێ وێنەی هەندێ مامۆستای گەورەی کورد کە بەلای نەتەوەکانی دیکەوە جێگای سەرسووڕمان بوونە، لە کوردستانی ئێرانیش تەنیا ڕێگای ئەوەیە زانکۆ کاری وا بکات. بە تایبەتی بۆ ئەوانەی کە دەیانەوێت بەکارلیۆس و دوکتۆرا وەرگرن بەشێک لە پڕۆژە و تێزەکانیان ئەکرێت توێژینەوە و لێکدانەوەی ئەو بەڵگە و دەستنووسە کۆنانە بێت کە لە حوجرە و ماڵەکاندا ماوەتەوە و خەریکە لەناو دەچێت. دەبێ بە مەنهەج و شێوەیەکی زانستی ساغ بکرێنەوە.

ئەمە ئەرکی زانکۆکانە و دەبێت دەوڵەت پشتگیری بکات ئەگەرچی خواست و حەزی خوێندکار و لێکۆڵەر، بوونی مامۆستای پسپۆڕ، بەرێوەبەرایەتی و پشتیوانی هەمەلایەنەی دەوڵەتیش مەرجە.

زانکۆی کوردستان بە هاوکاری بەشی فیقهی و مێژوو و بەشی کۆنینە ناسی و بە هاوکاری حوجرە و مامۆستایانی باڵادەستی ئایینی دەبێ ڕێگری بکەن لە فەوتانی ئەو گەنجینە بەنرخانە کە بەشێکیان دەتوانێ ئاسەوار و ناسنامەیەکی گەورە و پڕبایەخ بێت بۆ جیهانی ئیسلام.

پێتان وا نییە ئەرشیڤ کردن کارێکی پێویستە کە بە داخەوە پێشتر ئاوڕی لێنەدراوەتە و شتی زۆر لە کورد فەوتاوە ؟

بەڵێ هۆکارێکی دیکەش ئەوەیە کورد ئەرشیڤ کردن و پاراستنی ئەرشیڤی لاواز بووە. بەڵام ئێستا خەڵک ئەرشیڤی نووسینەکانی خۆی دەکات و ئۆمێدمان وایە کە باشتریش ببێت.هەرچند ئەوەش کۆسپی زۆری لە بەردەمدایە.  من پێم وایە نائۆمید نەبین، ڕەش بین نەبین.

ئەڵبەت نەک تەنیا لە کوردستان لە هەموو جیهانی ئیسلام هێشتا کاری ئەوتۆ نەکراوە بۆ ساغ کردنەوە و لێکدانەوەی دەستنووسە ئایینی و مێژووییەکان. زۆر کتێب هەیە کە ئێستاش شوێنی نازانرێت. یان ونە، یان لە مۆزەخانەکانی بەرلین و پاریس و ئۆسترالیایە.

پێشنیارتان چییە بۆ ئەوەی پەیوەندی و هاوکاری لە نێوان زانکۆی کوردستان و زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و حوجرە و مامۆستایانی هەردوولا ببێت سەبارەت بە لێکدانەوە و ئەرشیڤ کردنی دەستنووسەکان؟

ئێمە بانکی زانیاریمان نییە و پەیوەندیەکی تۆڕی ئینترنەتی وامان نییە کە ئاگادری کاری یەکتر بین. دەبێ ئەو تۆرە هاوکارییە و ئەو بانکە ئەلەکترۆنیکیە دامەزرێت کە کاری دووبارە نەکەین و ئاگاداری کارە لە پێشتر کراوەکان بین و سوودیش لە ئەزموون و زانیاری یەکتر وەربگرین.

ئێمە ئێستا لە سەنتەری زەهاوی بۆ لێکۆڵینەوەی فیکری لە شاری سلێمانی کار لە سێ بواردا دەکەین. یەکەم لەسەر فیکر و ئەندێشە، دووەم مەعریفەت ناسی و سێهەم کاری میتۆدناسی (مەنهەجیەت) تا ئیستا نزیکەی هەشتا کتێبمان چاپ کردووە. لەگەڵ نزیکەی 15 کتێب بە فارسی  کە تا ئێستا چاپمان کردووە. ئامادەین بۆ هاوکاری و گۆڕینەوەی ئەزموون و وەرگرتنی ڕای هەموو زانایان و پسپۆڕانی بوارەکە.

بۆچی ئەم هەموو باڵ باڵێنە و هەزار بەرەکیە لە ناو پەیڕەوانی ئایینی ئیسلامیدا هەیە؟ کاتێک کە هەموان لەسەر یەک مەنهەج و ڕێبازن.

ئەنجامی توێژینەوەیەکی زانستی دەریدەخات کە بەشێک لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی دنیا لە مێژووی سێ هەزار ساڵ لەمەوپێشەوە لە سەر دین بووە.لە هەموو جیهاندا.

دوژمنانی ئیسلامیش دوای هاتنی ئیسلام تا ئێستاشی لەگەڵ بێت ئەو پلانەیان داڕشتووە کە بەشێوەیەک لە ناوخۆی ئیسلامەوە زەبر و گورزی کوشندە بدەن لە ئیسلام، بە ڕەواج پێدانی هەندێ ڕەوتی توندڕەو وهەروەها بە دووبەرەکی نانەوە و سەرقاڵ کردنی موسڵمانان بە پرسە بچووک و پەراوێزییەکانەوە و ئەمە ئامێرێکە لە لایەن دوژمنانەوە بۆ دواخستنی کۆمەڵگا، بۆ گورزدان لە جیهانی ئیسلام و دواخستنی موسڵمانان.   

چارە چییە؟

 تۆ بڕوانە، دوو منداڵ لە سەر بووکە شووشەیەک ئەبێتە شەڕیان بە دە کەس وازناهێنن. بەڵام کە تۆزێ گەورە بوون، شەڕ نامێنێت. ئێمە دەبێت گەورە ببین لە ڕووی مەعریفی و فیکریەوە بۆ ئەوەی تەعسوبات و خۆفەرزکردنمان نەمێنێت. بیرمان نەچێت ئەوەی کەف و کوڵە زوو دەڕوات.ناوی نالی، سەعدی، حافز، مەحوی و مەولەوی هەمیشە ئەمێنیت بەڵام توندڕەوەکان و لادەران لە ڕێبازی ڕاستەقینەی دین زوو لەناودەچن.

ئێستا دنیا ئاڵۆگۆڕی زۆری بەسەردا هاتووە، بە تایبەت لەباری تەکنۆلۆژیاوە، چی پێویستە تاکوو حوجرەکان سەرکەتوو بن و کاریگەرییان ببێت لەسەر کۆمەڵگاش؟

ئەگەر حوجرەی بە هێز و پێزی وەک رابردوو  هەبێت، زانا و ئەدیبی باشی تێدا دروست ئەبێت کە دەتوانێ کارتێکەری لەسەر کۆمەڵگا ببێت. بۆ سەرکەوتنی حوجرە چەند شت زۆر پێویستە یەکەم فەقێ زیرەک و هەڵکەوتە.نابێت فەقێ بە زۆر هاتبێتە بەر خوێندن یان لە قوتابخانە و سەربازی هەڵاتبێت، یان دیک و باوک بە زۆر ناردبێتیان. بوونی مامۆستای پسپۆڕ و زانا و خوێنەوار. پرۆگرامی خوێندنی باش و ئەکتیڤ و بەڕۆژ. کتێبی باش و بەرهەمی فیکر و ئەندێشەی گەورە زانایانی ناسراو. بەڕێوەبەرایەتی باش و پڕۆفشناڵ. تاقی کردنەوەی پسپۆڕانە.

News Code 27291

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 3 + 10 =