بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر لە ماڵپەڕی سبەی، تیمێکی شوێنهوارناسی کوردی- ئەڵمانی باسیان لهوه كردوه كه ئەم شوێنەوارە لەنزیک بەنداوی موسڵ دۆزراوەتەوە كه یارمهتیدهر دهبێت بۆ تێگهیشتنی زیاتر له مێژوی ئیمپراتۆریەتی میتانی کە یەکێکە لەو ئیمپراتۆریەتانەی کەمترین لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە.
حەسەن ئەحمەد قاسم کە شوێنەوارناسێکی کوردە، رایگەیاندوە: ئەم دۆزینەوەیە یەکێکە لە گرنگترین دۆزینەوەکانی ئەم هەرێمە لەم سەدەیەدا دۆزرابێتەوە.
پێگهی شوێنهوارهكه (۶۵)پێ لە ئاستی روباری دیجلەوە بهرزه و دیواری خشتی بۆ دروستکراوە بۆ ئەوەی بیناکە بە پارێزراوی بمێنێتەوە.
ئیڤان پولجیس شوێنەوارناس لەزانکۆی (تۆبیگن) له ئهڵمانیا، له باسی ئەم شوێنەوارەدا دەڵێت: ئەم بینایە بە شێوەیەکی زۆر زیرهكانه نهخشهی بۆ داڕێراوه و دیوارەکانی لە خشت پێکهاتوون کە هەندێکیان بەرزییەکەیان دەگاتە (۶.۶) پێ، هەروەها ژمارەیەکی زۆر ژور ئەم دیوارانەیان بەیەکەوە بەستۆتەوە.
ئەم تیمە ژمارەیەکی زۆر نوسین و وێنەیان لەسەر دیوارەکانی باڵهخانهكه دۆزیوەتەوە كه بە رەنگی شین و سور نوسراون و وای بۆ دەچن كه ئەو دیاردەیە لەو سەردەمەدا زۆر باو بووبێت، بەڵام ئەوەی جێی سەرسوڕمانی ئەم تیمە بوە مانەوەی ئەو وێنانە بووە وەک خۆی تاوهكوو ئێستا.
شوێنهوارهكه ناوه (کیموین)ه و تاکە ناوچەیە کە وێنە و نەخشی سە ر دیواری تێدا دۆزرابێتەوە کە مێژوەکەی بۆ ئیمپراتۆریەتی میتانی بگەڕێتەوە.
هەر لەو دۆزینهوه نوێیهدا دە پارچە بەردی قوڕین دۆزراونەتەوە کە شێوازێکی کۆنه بۆ نوسین بهكارهاتوون و بە مەبەستی لێکۆڵینەوە نێردراون بۆ ئەڵمانیا.
Your Comment