ڤیزام پێنادرێت بچمە فستیڤاڵی فیلمی ئەمریکا/ فیلمی گوڵ نسا نوێنەری ئێرانە

ستار چەمەنی گوڵ ، دەرهێنەری ناسراوی کورد کە فیلمی سینەمایی "گوڵ نسا"ی بەرهەم هێناوە، دەڵێت :ئێستاکە فیلمەکە لە فستیڤاڵی "عەشق" لە لۆسانجلێسی ئەمریکا وەرگیراوە، ئەمریکا ڤیزای پێنادات کە براوەتە فستیڤاڵەکە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی- حەلیمە موڵایی:  فیلمی "گوڵنسا" بەرهەمی ستار چەمەنی گوڵە و دەقی فیلمنامەکەشی لە سەر ئەرکی ویدا ساڵحی (هاوژینی ستار چەمەنی گوڵ)نووسراوە و محەمەد فەکووری لەو فیلمەدا ئەرکی تۆمارکردنی ڤیدیۆکەی لەسەر شان بووە و ئەکتەرەکانیشی بریتین لە سەعید داخ، عەلیمحەمەد ڕادمەنش، یەگانە ڕەجەبی، ساقی زینەتی، مەسعوود محەمەدی و ویدا عەموویی.

فیلمی گوڵ نەسا تا ئێستا لە ٢٥ فێستیڤاڵی ناسراوەی نێونەتەوەیی لە ئاستی جیهانیدا و لەوان مۆنتڕالی کەنەدا، ئاسیاپاسفیکی ئۆسترالیا، برۆکلین و ڕێمیی ئەمریکا، کازانی ڕووسیا و ... دەرکەوتووە و زیاتر لە ۱۵ خەڵاتی گرنگی نێونەتەوەیی و لەوان خەڵاتی باشترین سناریست، باشترین وێنەگرتن، باشترین دەرهێنەر، باشترین ئەکتەری پیاو و ژنی مسۆگەر کردووە.

ئەم فیلمە بەسەرهاتی دوو کەسایەتی بە ناوەکانی گوڵ مەمەد و گوڵنەسا وەک ژن و مێردێکی ئەفغانییه کە پاش کۆچی نایاساییان بۆ ئێران لە کورەخانەیەکی ئاجورپەزیدا ئیش دەکەن و لە شوێنی کارەکەیان تووشی ڕووداوگەلی جۆراوجۆر دێن و ژیانیان بە بارێکی دیکەدا دەگۆڕێت.

ستار چەمەنی گوڵ،لە دیمانەیەکی کورت لەگەڵ هەواڵنێری مێهر باسی لە سەرکەوتووییەکانی فیلمی گوڵ نسا کرد و ئاماژەی بەوەدا کە پشتیوانی و سپۆنسەری لە فیلم ئێستا بە هۆی دۆخی ئابووریەوە زۆر خراپە.

دەقی دیمانەکەی دەرهێنەری فیلمی گوڵ نسا لەگەڵ هەواڵنێری مێهر پێکەوە دەخوێنینەوە؛

سەرکەوتوویی گوڵ نسا  لە  ئاستی نێودەوڵەتی  بۆچی دەگەڕیتەوە؟ گوڵ نسا چی تێدایە کە بەو چەشنە پێشوازی لێوە دەکرێت لە فستیڤاڵە جیهانییەکاندا؟

بە ڕای من گرینگترین بەشی زیاتر بینراوی گوڵ نسا، سنرایۆ و چیرۆکی فیلمەکەیە، تازەیی گێڕانەوەی سسناریۆ و فیلم نامەکە و دواتریش شێوازی فیلم هەڵگرتنەکەی. ئەگەرچی توانایی ئەکتەرەکان و ماندووبوونی دڵسۆزانە و لێزانی تەکنیکی دیکەی هاوکاران بۆ بەرهەم هاتنی گوڵ نسا، کاریگەری بووە لەوەی گوڵ نسا، باش خۆی دەربخات. بەڵام تازەیی چیرۆک و سناریۆکەی زیاتر هۆکاری ئەو دەرکەوتنە بووە.

ئەمە یەکەم کاری ئێوەیە وەک کاری درێژی سینەمایی. بە ژانری عەشق و خۆشەویستی. حەز دەکەن دووبارە لەم ژانرەدا بەرهەم بخولقێنن یان  دەتانەوێت ژانرەکانی دیکەی سینەماش بە سناریۆی جۆراوجۆر ئەزموون بکەن؟

من زیاتر حەز بە بەرهەمی کۆمەڵایەتی  دەکەم، حەزم لەو فیلمانەیە کە باس لە کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن. لەم ڕێگایەشدا هاوژینەکەم (خاتوو ویدا ساڵحی) کە نووسەری زۆربەی کارەکانی منە، زیاتر بە فکر و هزر و خواستەکانی منەوە نزیکە و باشتر لە نیگەرانییەکانی من لە بواری سینەما و کاری فیلم سازی تێدەگات. چونکوو بۆخۆیشی خوێندنەوە و توێژینەوەی لە سەر پرسە کۆمەڵایەتییەکان هەیە، هەموو هەوڵی ئەوەیە لەم بوارەدا باشترین سناریۆکان بنووسێت.لەبەر ڕۆحی ژنانەی خۆشی لەم کارەدا باش سەرکەوتوو بوو.

لە فستیڤاڵی عەشق لە ئەمریکا وەک نوێنەری ئێران بەشدار دەبن یان وەک کەسێکی شەخسی و بۆ خۆتان بەشدارن.؟

بە داخەوەئەگەر چی هەمیشە وەک نوێنەری ئێران لە فستیڤاڵە جیهانییەکاندا بەشدار دەبین و کۆمپانیای ستاک فیلم هەموو بەرهەمەکانی وەک نوێنەری ئێران دەباتە فستیڤاڵەکان، بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو خەڵاتەی لە فستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی وەک ئاسیا پاسفیک، مۆنتراڵ، برۆکلین، ڕەمێ، کازان، ئۆسکاری ئەفریقایی، دووربان، تاشکەند، بیرمنگام و هەندێ فستیڤاڵی دیکەش وەرمان گرتووە. هێشتا لە بواری ئێکران و نمایشی گشتی فیلم دا ئاوڕ لە فیلمەکانی سینەمای سەربەخۆ و بەتایبەت فیلمی سینەماکارانی کورد نادرێتەوە و هێشتا نەمانتوانیوە لە ناو وڵاتدا مۆڵەتی نمایش کردنی بۆ وەرگرین. ئەگەرچی دوو ساڵ و نیوە هەوڵ دەدەم ئەم فیلمە لە سینەما نمایشی گشتی بدرێت بەڵام چونکوو من ئەندامی هیچ دەستە و گرووپێکی ناو سینەما نیم و سەربەخۆ کار دەکەم . تا ئێستا سەرنەکوتووم. بەڵام من هەر لە ڕێگای یاساییەوە بە شێوەی سەربەخۆ کار دەکەم و دڵنیاشم سەردەکەوم . من نامەوێت خۆم لە دەستە و گرووپ و شتی وا وەر بدەم.

 پشتیوانی دارایی لە گوڵ نسا کراوە بۆ بەشداریی لە فستیڤاڵەکان؟ مەبەستم سپانسێرە؟

نا، ئەم فیلمە لە کەرتی تایبەتدا بەرهەم هاتووە و بە بودجەی تاکەکەسی دروست کراوە و هیچ دامودەزگایەکی دەوڵەتی و کەرتی تایبەت پشتیوانی داراییان لە ئێمە نەکرد. بەڵام دۆستێکی خۆم بە ناوی دوکتۆر یوسف کەرمی کە مامۆستای زانکۆ کوردستانە لە بواری کۆمەڵ ناسی، لەبەر هۆگری بە سناریۆکە و یارمەتیدانی ئێمە بەشێک لە تێچووی بەرهەم هێنانی فیلمەکەیان دا و دیکەی بودجەکەشی خۆم و هاوژینەکەم دابینمان کردووە و بە ڕاستی تووشی کێشە و گرفتی زۆر هاتین.ئەمە لە حاڵێکدایە کە گوڵ نسا لە ڕیزی ئەو فیلمانەیە کە ساڵی ۲۰۱۸ شانازی و فەخری نێودەوڵەتی زۆریان بۆ سینەمای ئێران مسۆگەر کرد. ئیستاش لە ساڵی ۲۰۱۹ زۆر فستیڤاڵی جیهانی داوای فیلمەکەیان لە ئێمە کردووە.

  خۆتان بەشداریی دەکەن  لە کاتی نمایشی فیلمەکەتان لە فستیڤاڵی عەشق لە لۆسانجلێسی ئەمریکا ؟

بە داخەوە لەبەر دوو هۆکار ناتوانم بەشداریی ڕێوڕەسمی نمایشدانی فیلمەکە و تەنانەت ڕێوڕەسمی کۆتایی فستیڤاڵەکەش بکەم، یەکەم لەبەر کێشەی ئابووری کە ئیستا بەرۆکی هەموو تاکێکی کۆمەڵگای گرتووە بەتایبەت سینەماکارانی سەربەخۆ و دووەم ئەمریکا ڤیزا بە ئێرانییەکان نادات.

کاری تازە چیتان بەدەستەوەیە؟

خاتوو ویدا ساڵحی دوو سناریۆی نوێ ئامادە کردووە کە یەکێکیان فیلمێکی بەڵگەمەندە سەبارەت بە ژیانی کۆڵبەرێکی کورد و هەروەها فیلم نامەیەکی دیکەشیان تایبەتە بە پرسە و گرفتەکانی ژیانی ژنان. کە هیوادارین بە دۆزینەوەی سپانسێر و پشتیوانی دارایی ئەم دوو فیلمە بەرهەم بێنین.

News Code 26841

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 2 + 12 =